Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: ئەمریکا- ئێران – کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی


دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا داوا لە وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات تا بکەونە کارکردن لەگەڵ ئەمریکادا بە مەبەستی دڵنیابوون لەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران هەرگیز نەبێتە خاوەنی چەکی ناوکی.

لە دانیشتنەکەی ڕۆژی چوارشەممەی ئەنجومەنی ئاسایشدا کە سەرۆک ترامپ سەرۆکایەتی دەکرد، جارێکی تریش جەختی کردەوە لەوەی هەر کەسێک وابەستەی ئەو سزایانەی ئەمریکا نەبێت کە سەپێندراونەتە سەر ئێران ئەوا ڕووبەڕووی بەرنجامی زۆر خراپ دەبێتەوە.

وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ژمارەیەک سزای سەپاندۆتەوە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران پاش کشانەوە تاکلایەنەکەی لە ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015 لەگەڵ ئێراندا مۆرکرا.

بڕیاریشە لە مانگی یازدەدا ئەمریکا سزای قورستر بسەپێنێتە سەر ئێران.

میوانی بەرنامە:

خالید سولەیمان، ڕۆژنامەوان و چاودێری سیاسی

وەک کاردانەوە بەرامبەر لێدوانەکانی سەرۆک ترامپ، هەر ڕۆژی چوارشەممە کۆماری ئیسلامی ئێران سەرۆک ترامپی بە پێشێلکردنی ئەنجومەنی ئاسایش گوناهبارکردووە.

موحەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا دەنوسێت "ئەمریکا تەنها ماوەتەوە و زیاتر کەوتۆتە پەراوێزەوە پاش ئەوەی لە ڕێککەوتنەکە کشاوەتەوە."

تاران پشتێکی زۆری بەستووە بە وڵاتانی ئەوروپا بۆ خۆ دەربازکردنی لە کاریگەرییە ئابوری و داراییەکانی لە ئاکامی ئەو سزایانە هاتونەتە ئاراوە.

هەر لەو دانیشتنەی ڕۆژی چوارشەممەدا ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا ( کە هێشتا پشتیوانی لەو ڕێککەوتنە دەکات) داوای ستراتیژیەتێکی درێژخایەن دەکات.

ماکرۆن دەڵێت " هاوڕام لەگەڵ ئامانجەکانی سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا، تەنانەت ئەگەر ناکۆکیشمان هەبێت لەسەر ڕێککەوتنە ناوکییەکە، بەڵام پێویستە ستراتیژیەتێکی درێژخایەنمان هەبێت، نەک هەر ئەوەی شتەکان لە سزاکاندا بمێننەوە."

واشنتۆن لە زۆر بۆنەدا جەختی کردۆتەوە لەوەی لەو سیاسەتانەیدا بەرامبەر ئێران مەبەست ڕووخاندنی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران نییە بەڵکو گۆڕینی ڕەفتارەکانی ئێرانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

بەڵام لێرەدا پرسیار ئەوەیە ئەگەر ئەم ڕژێمەی کۆماری ئیسلامی لەجێی خۆیدا بمێنێتەوە چۆن ڕەفتارەکانی دەگۆڕێت لە کاتێکدا زۆرێک لە شیکەرەوە لەوبڕوایەدان هەر ئەو ڕەفتارانانە بەشێکن لە هۆکارەکانی مانەوەی تا ئێستای ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران.

ئایا کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕووی سیاسییەوە گرنگییان هەیە؟
ئایا ئێران دەتوانێت لە کۆبوونەوەی ئەمساڵی ئەنجومەنی گشتی یو ئێندا متمانەی وڵاتانی جیهان بەدەست بێنێت؟
ئایا ئەمریکا دەتوانێت لەم کۆبوونەوە ساڵانەیەی یو ئێندا هاوڕاییەکی نێونەتەوەیی بۆ سیاسەتەکانی بەرامبەر ئێران دەستەبەر بکات؟
خالید سولەیمان، ڕۆژنامەوان و چاودێری سیاسی،لەبەرنامەی ئەمڕۆی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:32:26 0:00

XS
SM
MD
LG