Accessibility links

سەرۆک ترامپ: ڕێبەرانی ئێران سەرچاوەی ئاژاوە و مەرگ و وێرانکارین


سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەڵێت ڕێبەرانی ئێران سەرچاوەی ئاژاوە و مەرگ و وێرانکارین و هیچ ڕێزێک لە دراوسێکانیان ناگرن و دان بە سەروەری وڵاتاندا نانێن.

سەرۆک ترامپ ئەمڕۆ سێشەممە لە 73 هەمین کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، گوتیشی ڕێبەرانی ئێران سەروەت و سامانی وڵاتەکەیان بە هەدەرداوە تاوەکو خۆیانی پێ دەوڵەمەند بکەن و ئاژاوە و نائارامی پـێبنێنەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و ناوچەی دیکە.

گوتیشی خەڵکی ئێران زۆر توڕەن و مافی خۆیانە توڕەبن، چونکە ڕێبەرانیان بە ملیاران دۆلاری وڵاتەکەیان خواردووە و ئەو پارانەیان خستووەتە گیرفانی خۆیان و وەکیلەکانیان لە ناوچەکە تاوەکو شەڕی پـێ هەڵبگیرسێنن.

سەرۆک ترامپ گوتیشی دراوسێکانی ئێران باجێکی زۆریان داوە بەهۆی خۆسەپاندنی ئەم وڵاتە دوژمنکارە، بۆیە زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر پشتیوانیان لە بڕیارەکەی کردووە بۆ کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێکەوتنە ناوکیـیەکەی ساڵی 2015 ی لەگەڵ ئێران و هەروەها سەپاندنەوەی سزاکان بەسەریدا.

ئاماژەی بۆ ئەوە کرد ڕێکەوتنە ناوکیـیەکە سوودی بۆ ڕێبەرانی ئێران هەبووە و لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی دوای ڕێکەتنەکە توانا دارایـیەکانی ئێرانی بە ڕێژەی 40% زیادیکردووە، وە ئەو پارانەش بەکارهێناون بۆ دروستکردنی ئەو موشەکانەی دەتوانن کڵاوەی ناوکی هەڵبگرن و لەگەڵ ئەوەش ڕێبەرانی ئێران سەرکوتکردنیان لە ناو وڵاتەکەیان زیادکردووە و زیاتر کۆمەکی تێرۆرزمیان کردووە و هۆکاریش بوون بۆ کوشتنکاری لە سوریا و یەمەن.

سەرۆکی ترامپ گوتیشی وڵاتەکەی هەڵمەتێکی دەسـتپـێکردووە بۆ فشاری ئابوری بەسەر ئێراندا تاوەکو نەهێڵێت ئەو دارایـیەی بەدەستبگات بۆ درێژەدان بە مەرامە خوێناویـیەکانی. گوتیشی مانگی ڕابردوو ئەمەریکا دەسـتیکردووە بە سەپاندنی سزای توند کە لە چوارچێوەی ڕێکەوتنە ناوکیـیەکە ڕاگیرابوون. هەروەها لە 5 ی مانگی یازدە سزای دیکە بەسەر تاراندا دەسەپـێنرێت و بە دوایدا سزای زیاتریش دەدرێن.

باسی لەوەش کرد کار لەگەڵ ئەو وڵاتانە دەکەن کە نەوت لە ئێران هاوردەدەکەن تاوەکو نەوتی کەمتر لە ئێران بکڕن.

سەرۆک ترامپ جەختی لەوەش کرد هەرگیز ڕێگە نادەن ڕێبەرانی ئێران کە گەورەترین سەرچاوەی تێرۆرزمن لە جیهان ببنە خاوەنی مەترسیدارترین چەک. گوتیشی ناکرێت ڕێگە بە ڕژێمێک بدرێت کە دروشمی مەرگ بۆ ئەمەریکا بەرزدەکاتەوە و هەڕەشەی نەهێشتنی ئیسرائیل دەکات ببێتە خاوەنی ئەو ئامرازانەی وەهای لێدەکات کڵاوەی ناوکی بگەیەنێتە شارەکانی جیهان.

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا داوای لە وڵاتان کرد ڕژێمی ئێران گۆشەگیربکەن هەتا ئەو کاتەی دەستبەرداری دوژمنکاری دەبێت، هەروەها داوای لە هەموو وڵاتان کرد پشتیوانی لە خەڵکی ئێران بکەن کە خەبات دەکەن لە پـێناو ڕزگارکردنی وڵاتەکەیان لەو نەهامەتیـیەی دووچاری بووە.

XS
SM
MD
LG