Accessibility links

عێراق و گواستنەوی قەیرانەکانی دوێنێ بۆ سبەی


Iraq Map

ئەگەر خۆپیشاندانەکانی شاری بەسرە تا ئێستا هیچ بەرەنجامێکی نەبووبێت، بەڵام نکوڵی ناکرێت لەوەی ڕێبەرانی عێراقی خستۆتە بەردەم پرسیارگەلێکی زۆرەوە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ.

حەیدەر ئەلعەبادی و مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا
حەیدەر ئەلعەبادی و مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا

زیاتر لە چوار مانگ بەسەر هەڵبژاردنە گشتییەکەی عێراقدا ڕەت دەبێت، وەلێ عێراقییەکان نەگەیشتوونەتە ئەوەی بڵێن سەرەتای پێکهێنانی حکومەتی نوێ دەستیپێکردووە و وتووێژی لایەنەکان بە ئامانجی پێکهێنانی حکومەتە، چونکە هەتا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە هێشتا یەکلانەبۆتەوە کە چ لایەک یان هاوپەیمانێتییەک دەبێتە گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی وڵاتەکە.

حەیدەر ئەلعەبادی و حەسەن ڕۆحانی، سەرۆکی ئێران
حەیدەر ئەلعەبادی و حەسەن ڕۆحانی، سەرۆکی ئێران

شیکەرەوە، بە پێداچوونەوە بە ڕەوشی 15 ساڵی ڕابردووی عێراق و ڕووداوەکان و ئەرک و بەرپرسیارێتی ڕێبەرانی عێراق، پێشبینی دەکەن حکومەتی نوێ حکومەتێکی باشتر بێت لەوانی پێش خۆی.

هشام ئەلهاشمی
هشام ئەلهاشمی

هشام الهاشمی، شیکەرەوەیەکی کاروباری سیاسی و ئاسایشی عێراقە و دەڵێت "پێم وایە حکومەتی داهاتووی عێراق حکومەتێکی ئابوری و خزمەتگوزاریانە دەبێت و کار لەسەر ستراتیژیەتی سەقامگیری و ئاوەدانکردنەوە و باشترکردنی ڕەوشی ئابوری دەکات. لە هەمان کاتیشدا بە ئەندازەیەکی کەمتر سەنگیی دەخاتە سەر دۆسێی ئاسایشی لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای عێراقدا، بەڵام ئەم حکومەتە نوێیە لە دوو ساڵی داهاتوودا گەلێک پڕۆژە و دەستکەوتی دەبێت."
وەلێ پێناچێت ڕەوشی سیاسی و باری ئاسایشی لە عێراق یارمەتیدەر بن بۆ هەر هیچ نەبێت هێورکردنەوەی ڕەوشی ئەو وڵاتە. حەیدەر ئەلعەبادی،

حەیدەر ئەلعەبادی
حەیدەر ئەلعەبادی

سەرەک وەزیری عێراق لە ئامادەبوونەکەی بەردەم پەرلەمانی نوێی وڵاتەکەیدا، نەیشاردەوە کە ململانێ و ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان لایەنەکانی عێراق هۆکاری سەرەکین بۆ بارودۆخی ئێستای عێراق. حەیدەر ئەلعەبادی لەو دانیشتنەی پەرلەماندا باسی لەو گرفتە سەرەکییە کردووە و دەڵێت"ئەمڕۆ ئێمە ڕووبەڕووی ئاستەنگێکین، بەشی هەرە زۆریشی سیاسییە، داواکانی خەڵکی بەسرە داوان بۆ خزمەتگوزارییەکان، داواکاری دروست و ڕەوان، دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان و دەرفەتی کار و ئاوەدانکردنەوەی بەسرە و هەموو عێراقیش. بەڕاستی بەسرە بنچینەی ئابوری عێراقە و ئەمەش گرنگە. ئێمە ئەمڕۆ پێویستە لایەنی سیاسی لە لایەنی ئاسایشی و لە لایەنی خزمەتگوزارییەکان جیا بکەینەوە، مەخابن ڕووداوەکان خێراییان تێکەوت لە یەکەم دانیشتنی پەرلەمانەوە بە مەبەستی ئاڵۆزکردنی ڕەوشە سیاسییەکە و ترسناکترین شتێکیش لەمەدا گۆڕینیەتی بۆ قەیرانی لەشکری و بەڕاستیش ئەمە مەترسییە."

سەرەک وەزیری عێراق مەترسی لە سەرهەڵدانەوەیەکی تری تێرۆریزم هەیە لە وڵاتەکەیدا هەرچەندە پێشتریش سەرکەوتنی بەسەر تێرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامیدا ڕاگەیاند. حەیدەر عەبادی دەڵێت "تێرۆریزم چاوەڕوانی ناکۆکی سیاسی توندە، تا دەستی خۆی بوەشێنێت، تا ئێستا ئێمە کۆنترۆڵی ڕەوشە ئاسایشیەکەمان کردووە، هەروەهاش دەزگا هەواڵگرییەکان توانیویانە ڕێگە بگرن لە دەستوەشاندنی تێرۆریستانی خۆیان حەشارداوە. هەر بۆیە داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەم تا ناکۆکییە سیاسییەکانیان کۆنترۆڵ بکەن و ڕێگەنەدرێت ئەو ناکۆکیانە بکەونە شەقامەکانەوە، چونکە زیانێکی گەورە لە ڕەوشی ئاسایشی و سەقامگیری عێراق دەدات."

موحەمەد ئەلحەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
موحەمەد ئەلحەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق

لەگەڵ ئەو هەموو قەیرانە سیاسی و ئاسایشی و ئابوریەی عێراقدا بەڵام هەرچۆنێک بێت پەرلەمانی وڵاتەکە لە دانیشتنەکەی ڕۆژی 15 مانگی نۆیدا (بەهەر شێوازێک بووبێت) سەرۆکی نوێی پەرلەمانی هەڵبژارد. هەر لە هەمان ڕۆژەوە جارێکی تریش مشتومڕێکی تر لە نێو عێراقییەکاندا دەستی پێکردەوە سەبارەت بە سەرکەوتنی موحەمەد ئەلحەلبوسی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان. هەرچۆنێک بێت حەلبوسی هاوڕایە لەگەڵ عەبادیدا سەبارەت بە مەترسییەکانی لەبەردەم وڵاتەکەیدا هەنو داوای لەبەردانەواندنی سسیاسییانەی لایەنە ڕکابەرەکانی عێراق دەکات. "پێویستە ئەنجومەنی نوێنەران و ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران بە سەرۆکی ئەنجومەنیشەوە و لایەنە سیاسییەکانیش، بگەنە ڕێککەوتن و تێگەیشتنی سیاسی بۆ هەڵبژاردنی حکومەتێکی بەهێز کە بتوانێت بەرەنگاری ئاستەنگەکان ببێتەوە. ئێمە لەبەردەم ئاستەنگی ترسناکداین بۆ قۆناغی داهاتوو و هەروەهاش لەبەردەم گرفتی ئاسایشیداین." موحەمەد ئەلحەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق وەها دەڵێت.

بەهۆی گەندەڵی و خراپی بەڕێوەبردن و فەرامۆشکردنی داواکانی خەڵکەوە، و بەهۆی ئەوەی لە ساڵی 2003 وە تا ئێستا هیچ یەکێک لەو حکومەتانەی لە عێراق پێکهێنراون نەیتوانیووە وەک دەگوترێت کار لەسەر دۆسێکانی عێراق بکات لە هەردوو ئاستی ناوخۆیی و دەرەوەییشدا، هەربۆیە مەرجەعییەتی شیعەکانیش لە نەجەفەوە کەوتۆتە ئاگاهیدان. لەماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا مەرجەعیەتی شیعەکان زۆربەی هەرە زۆری وتارە ئاینییەکانی ڕۆژی هەینی تەرخانکردووە بۆ ڕێنومایی کردنی سیاسی و ڕێبەرانی عێراق.

عەبدولمەهدی ئەلکەربەلائی
عەبدولمەهدی ئەلکەربەلائی

عەبدولمەهدی ئەلکەربەلائی، نوێنەری ئایەتوڵا عەلی ئەلسیستانی، ڕابەری باڵای شیعەکانی عێراقە و دەڵێت "هەرگیز ناکرێت ئەم واقیعە کارەساتبارەی بەسرە بگۆڕدرێت ئەگەر بێتوو حکومەتی داهاتوو لەسەر هەمان پێوانە و ڕێوشوێنی حکومەتەکانی پێشوو پێکبهێنرێت، لێرەشەوە فشارەکان بەو ئاڕاستەیەدا دەبن کە حکومەتی نوێی عێراق دەبێت جیاواز بێت لەوانی پێشخۆی."

هێشتا نازانرێت ئەم جۆرە لێدوانانەی سیاسییەکان و ڕێبەرانی ئاینی چەندێک کاریگەرییان دەبێت بەسەر هێورکردنەوەی توڕەیی و ناڕەزایی خەڵک لە عێراقدا. خۆپیشاندانەکانی شاری بەسرە ئەگەرچی بڕێک ئارام بوونەتەوە بەڵام هیچ متمانەیەک نییە بەوەی جارێکی تر و بە شێوەیەکی توندتر دەستپێنەکەوە.
عەلی حوسەین، هاوڵاتییەکی دانیشتوی شاری بەسرەیە و وەک چۆن خۆپیشاندان بە مافێکی دیموکراسیانەی خۆی دەزانێت و بەردەوامی دانیش بە خۆپیشاندانەکان بە ئەرکێکی مۆراڵی دەزانێت و دەڵێت "ئێمە خاوەنی پرەنسیپ و بەهای خۆمانین، بەسرە تینووە، برسییە، ڕەشوڕووتە، نەخۆشە، خاوەنی هیچ شتێک نیین لەم شارەدا، هیچ شتێک نییە وەهام لێبکات خۆپیشاندان نەکەم و خۆپیشاندان ئەرکی هەموو مرۆڤێکی شەریفە تا بیکات."

دیمەنێکی شاری بەسرە
دیمەنێکی شاری بەسرە

عەزیز موحەمەدیش دانیشتووی بەسرەیە و بە زمانێکی ڕەخنە ئامێزەوە ڕوو لە حکومەت و دەسەڵاتدارانی عێراقی دەکات و پێیان دەڵێت "بەسرە بەندەری هەیە، شارێکی سنورییە، هیچ کەسێک هیچی نەکردووە بۆ باشترکردنی ڕەوشەکە، ئەم خەڵکە هیلاکن، بەسرە لە موسڵ و شوێنەکانی تر شەهیدی داوە و ئێستا حکومەت هاتووە خەڵکی ئێرە سەردەبڕێت."

داواکانی خەڵک هەر لە شاری بەسرەدا سنوردار نییە، هەروادێ و داواکانی دانیشتوانی ئەو ناوچانەش کە پێشتر تێرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی داگیری کردبوون لە زیادبووندایە و ڕزگاربووانیش لە جەور و ستەمی دەوڵەتی ئیسلامی داوای خۆیان هەیە. لە شەڕەکانی دژی داعشدا بە هەزاران کەس لە خەڵکی سیڤیل کوژراون و ژمارەیەکی زۆری منداڵانیش بێ باوان ماونەتەوە.

وێنەی ئاوارەیەک پاش گەڕانەوەی بۆ شاری موسڵ
وێنەی ئاوارەیەک پاش گەڕانەوەی بۆ شاری موسڵ

سەناء ئیبراهیم ئەلتائی، تەمەنی 60 ساڵە و 22کوڕەزا و کچەزای خۆیی لە ئەستۆگرتووە پاش ئەوەی داعش باوکی ئەو منداڵانەی کوشتووە و ئێستا سەناء بە هەرشێوەیەک بێت هەوڵی خۆی دەدات تا بژێوی ئەو 22 منداڵە بێباوانە دابین بکات. سەناء دەڵێت چاوەڕوانە حکومەتی عێراق هەر هیچ نەبێت موچەیەک ئەگەر کەمیش بێت بۆ کوڕە کوژراوەکانی ببڕێتەوە وەک یارمەتییەک بۆ بژێوی ژیانیان. سەناء دەڵێت " کە داعش هات و ناوچەکانی داگیرکردین، وێرانیان کردین، داعش سوکایەتی پێمان کرد، کوڕەکانی کوشتین و هیچیان نەهێشتەوە، تەمەنم زۆرە و نەخۆشم، لەوانەیە ساڵێکی تر نەژیم، دەمەوێت دڵنیابم لە ژیانی ئەم منداڵانە، تەنها خانویەکم دەوێت بۆیان و هیچی تر، ئەرکی حکومەتە موچەیەکی خانەنشینی بۆ ئەم منداڵە بێ باوانانە دابین بکات."

نە هەر ئەوەندە، ئێستاشی لەگەڵدا بێت زۆرێک لەو ناوچانەی لە دەستی داعش ڕزگارکراون بە تەواوەتی ئاوەدان نەکراونەتەوە و بەشێکی بەرچاوی ئەو خەڵکانەش کە ئاوەرەبوون بەهۆی شەڕەکانەوە نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان لەبەر چەند هۆیەک، لەوانە نەبوونی متمانە بە ڕەوشە ئاسایشییەکە و هێرشی لێرە و لەوێی تێرۆریستان و نەبوون یان کەمیی خزمەتگوزارییەکان لەو ناوچانەدا.

دیمەنێکی شاری موسڵ پاش ئازادکردنی لە داعش
دیمەنێکی شاری موسڵ پاش ئازادکردنی لە داعش

زۆرێک لە عێراقییەکان لەوبڕوایەدان ڕەوشەکە زۆر لەوە ئاڵۆزترە کە بتوانرێت بە چوار ساڵ چارەسەربکرێن، وەک دەڵێن ئەگەر خواستێکی ڕژد و ڕاستەقینەش هەبێت لەلایەن ڕێبەرانی عێراقەوە بەڵام هێشتا کاری زۆر زیاتر ماوە بکرێن تا سەقامگیری لە عێراقی بەشەڕ وێرانبوودا بێتە ئاراوە، لە سەرو هەمووشیانەوە هەبوونی متمانە بە یەککردنی لایەنە عێراقییەکانە.

خۆپیشاندەران لەبەردەم پەرلەمانی عێراق-ئەرشیف
خۆپیشاندەران لەبەردەم پەرلەمانی عێراق-ئەرشیف

هەرچۆنێک بێت بۆ زۆرێک لە چاودێر، ململانێکانی ئەمریکا و ئێران لە عێراقدا تەگەرەیەکی گەورە دەبێت لەبەردەم ئەرکەکانی حکومەتی نوێدا، لە کاتێکدا ڕوانینەکانیش بەو ئاڕاستەیەدان کە پەرلەمانی عێراقیش لەوانە نییە بتوانێت شتێکی ئەوتۆ بکات بە تایبەتیش کاتێک باس دێتە سەر هەڵبژاردنەکەی 12 ی مانگی پێنجی ساڵی 2018 عێراقییەکان کە بە هەڵبژاردنێکی ئازاد و ڕەوا ناودێری ناکەن.

XS
SM
MD
LG