Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: ئاکار موحەمەد


ئاکار موحەمەد
ئاکار موحەمەد

بێگومان زۆر جار کە باس لە شیعر دەکرێت و بەتایبەتیش ئەو شیعرانەی پێیان دەگوترێت جوان و نایاب، ئەوا پێویستە لە پێش هەموو شتێکدا هەست بکرێت بە تام و چێژ و بۆن و بەرامەی ئەو تێکستە شیعرییە.

ئەوە شتێکی دروستە کە بڵێین لە شیعرە جوانەکاندا پێویستمان بەوە دەبێت هەست و ڕەهەندی ڕۆشنبیری لێک جیابکەینەوە و ئەوجا بکەوینە شەن و کەو کردنی ڕاستگۆیی خودی نوسەر، ئەڵبەت بە پلەی یەکەم ڕاستگۆیی لەگەڵ خۆیدا و بە پلەی دووهەمیش ڕاستگۆیی ئاخاوتنەکانی لەگەڵ خوێنەرانی و دەوروبەرەکەیدا.

زۆر جار بەرگوێمان کەوتووە یان خوێندومانەتەوە کە شیعر نوسین و بوون بە شاعیر دەشێت شتێکی زۆر قورس نەبێت، هەرچەندە ئەم جۆرە دید و بۆچوونە قسە و گومانێکی زۆری لەسەرە، بەڵام ئەوەی دڵنیاییەکی زۆری لەسەرە کە دەکرێت بڵێم بە ئەندازەیەک وەک یەقینی لێهاتووە ئەوەیە ئەرکی شاعیرێتی زۆر لەوە قورسترە کە بە خەیاڵی کەسێکدا بێت، لەو ڕوانگەیەوەی دەشێت شیعرێک ببێتە مێژوویەک و بەرپرسیارانە و لە گیانێکی پڕ لە جوانکاری و هەستدا ناسنامەی سەروەختی نوسینیمان بداتێت و یاریەکی جوانتریش لەگەڵ نەستماندا بکات.

لە ئێستادا کە باس لە شیعر دەکرێت بەسەر دوو قۆناغی تەمەنیدا دابەش دەکرێت، شیعری پێش ڕاپەڕین و شیعری پاش ڕاپەڕین، لەوی یەکەمیاندا خۆشەویستی بۆ نیشتمان و خواست و بەرز ڕاگرتنی ئازادییەکان و گەڕان بەشوێن پیرۆزکردنە خەیاڵییەکان و بەگژدا چوونەوەی دیوارەکان و دروستکردنی دیالۆگەکانی هاندان و وروژاندن و چەندان شتی تری لەو بابەتە، دەشێت بەشێکی گەورە و گرانی سیما و تایبەتمەندێتییەکانی ئەو قۆناغە بن، ئەڵبەت ئا لەو قۆناغەدا کە لێپێچینەوەی قورس و ئاڵۆزیش دەکرا لەسەر وشە و وێنە شیعرییەکان بەڵام بێبەش نەبووە لە داهێنان و نوێخوازی و گەڕانیش بەدوای بەرهەمی بێ پێشینەدا.

لە دوای ڕاپەڕینیش جۆرێکی تر لە دەقی شیعریی هاتە ئاراوە، شیعرێک یاخیبوونی خۆی پێدەناساندین، یاخیبوونێک، سەرچاوەکەی خۆ بە نامۆ زانین و خولانەوە بووە لە نێو بازنەکانی تەنیاییدا، بۆ بەرەنگاربوونەوەی بارە باوەکان و وەک هەوڵدانێکیش بووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی پرۆسەکانی بە بت کردنی مرۆڤ.

"قەلەقم ئەمەوێت شتێک بڵێم
لەم شیعرەدا بەڵام نایڵێم.
ڕەنگێکی ڕەشم لە تابلۆیەکی سپی ڤانکوخدا.
بە کەئابەی ئەم، ئێوارەیە قەسەم
خودا کرێکارەکانی بۆ باڵەخانەکان
دروست کرد، نازانم بۆ خودا داویەتی
لەکەلەم لەم شیعرەدا.
حەزەکەم قسەیەک بکەم ، پەلەمەکە
کەمێکی تر خۆت دەیڵێیت بەناوی منەوە.
دەست لەم بابەتە هەڵدەگرم
خۆم کۆدەکەمەوە و دەچمە ناو باڵەخانەیەک و بیر لە تۆنا لە
مارکیس ئەکەمەوە؟
من نازانم بۆ باڵەخانەکان؟
نازانم بۆ کرێکارەکان و خوێنەکانیان؟
ئەکرا لەنیوەشەودا گۆڕێکم بۆ ئەم شیعرە نا
بۆ خودا هەڵبکەندایە."

ئاکار موحەمەد، لەم وێنە شیعریانەیدا دەقێکی لێوان لێو لە یاخیبوون و بەرەنگاربوونەوە دەخاتە بەر دیدەمان و بە زمانێکی عاشقانەوە پێمان دەڵێت هەموو شتێک لەم بوونەدا هێندەی گەورەیی بوون خۆی، گومانیان لەسەرە و سەرەتاکان لە تراژیدیاوە دێن و ڕێگەیەکی دوور و درێژیش دەبڕن تا بگەنە تراژیدیای کوژاندنەوەی شوێنکاتەکان.

خوێندنەوەی هەواڵێک ئەم شاعیرە گەنجەمانی پێناساندم، "ئاکار موحەمەد خۆی دیوانە شیعرییەکەی خۆی لەسەر شەقامەکان دەفرۆشێت" ئەم هەواڵە سەرنجی ڕاکێشام و گەڕام بە دوای ئاکاردا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووکەوە پەیامێکم بۆ نارد، دواتر چەند نمونەیەکی شیعرەکانی خۆیم لێ داوا کرد و بۆی ناردم. هێدی هێدی کەوتمە خوێندنەوەیان، هێندەی تر سەرنجیان ڕاکێشام، بۆچی؟

ئاکار خاوەنی زمانێکە بە دوای دەربڕینێکی نوێدا دەگەڕێت و لە یەک کاتدا وەک چۆن ئێمە دەیخوێنینەوە، ئەویش ئاوەها و بە هەمان ئەندازەی قوڵیی خوێندنەوە دەمانخوێنێتەوە، ئەمەش هێندەی ئەندازەی خوێندنەوەی خۆم جۆرێکی تری جیاوازە لە هاوتەمەنەکانی خۆی.

لێشتانی ناشارمەوە لەگەڵ خوێندنەوەی دیوانەکەشیدا (ژیان کردمی بە سێبەر) ئەو پرسیارەم لا دروست بوو و ڕاشکاوانەش بڵێم نەمزانی ژیان ئاکاری کردووە بە سێبەر یان ئاکار ژیانی کردووە بە سێبەر؟! گەڕانم بە شوێن وەڵامی ئەو پرسیارەدا وەهای لێکردم زوو زوو سەیری ئەژماری فەیس بوکەکەی بکەم، بەڵکو ئەمە خودایە وەڵامی ئەو پرسیارەم دەست بکەوێت.

"کە ئێوارە دێت من لەیاد مەکە
ئەو گۆرانیە گوێلێبگرە کە هونەرمەندەکەی
بەگریانەوە دەڵێت
(دەخۆمەوە، بۆ ئەوەی تۆ لەیاد بکەم)
ئێستا کاتژمێر دووانزە و یەک دەقەی شەوە
هێشتا نەگەیشتومەتە حاڵەتی مەست بون
بیر لەتۆ نا، لە منداڵەکان دەکەمەوە
کە پرسیاری گەورەیان لا دروست دەبێت،
خودا لە کوێی ئەم جیهانەدایە؟
بەڵام لای من خودا لە سۆماڵ نیە!
خودا منداڵەکانی پاکستانی خۆش ناوێت؟
ئیدی خودا هەموومانی لە بیرچۆتەوە و
ئاگای لە زەوی نەماوە."

ئایا یاخیبوون لای شاعیرێکی گەنج هەمان ماناکانی یاخیبوونی هەیە لای خەڵکی تر؟
ئایا شاعیرانی گەنج دەتوانن ببنە خاوەنی تایبەتمەندێتی خۆیان؟
ئایا (ئاکار موحمەد) ی شاعیر دەتوانێت بە پەیامە ناوازەکانی ڕەوتی کۆمەڵگە بگۆڕێت؟
ئاکار موحمەد لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:24:41 0:00

XS
SM
MD
LG