Accessibility links

فەیسبوک دەڵێت حسابی ساختەی داخستووە کە بە ئامانجی دەستێوەردان لە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا کرابوونەوە


کۆمپانیای فەیسبوک دەڵێت وەک بەشێک لە هەوڵەکانی بۆ ڕێگەگرتن لە دەسـتێوەردان لە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا، 32 حسابی ساختەی سەر سیستمەکەی داخستووە.

مارک زەکەربێرگ دامەزرێنەری فەیسبوک لە نووسینێکدا لەسەر فەیسبوکەکەی هەواڵەکەی بڵاوکردەوە و تیایدا دەڵێت گرنگە خەڵکی متمانەیان بەو پەیوەندیـیانە هەبێت کە لە ڕێگەی فەیسبوکەوە دەیکەن، بۆیە ڕێگە نادەن حسابی ساختە لەسەر فەیسبوک هەبن.

گوتیشی هێشتا نازانن دروستکەری ئەو حسابانە کێن، بەڵام ئەوەی بۆیان ئاشکرابوو، ئەوەی هەستاوە بەم کارە هەوڵێکی زۆری داوە تاوەکو ناسنامەی خۆی بشارێتەوە. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد بەشێکی چالاکی ئەو حسابانە هاوشێوەی کاری ئەو حسابانە بووە کە ئاژانسی توێژینەوەی ئنتەرنێتی ڕووسیا دورستیکردبوون لە پـێش و دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە ساڵی 2016.

هۆگن گێدلی جێگری سکرتێری ڕاگەیاندنی کۆشکی سپی شەوی سێشەممە لەم بارەیەوە بە ڕۆژنامەوانانی گوت" سەرۆک بە ڕوونی گوتویەتی بەڕێوەبەرایەتیـیەکەی بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە دەستێوەردانی دەرەکی نادات ئیدی لە لایەن هەر چ وڵات و لایەنێکەوە بکرێت."

مارک وارنەری دیموکرات، جێگری سەرۆکی کۆمیتەی هەواڵگری ئەنجومەنی سینات لە ڕێگەی تویتەرکەیەوە خۆشحاڵی خۆی دەربڕی لە بەرامبەر ئەم ڕێوشوێنەی فەیسبوک گرتوویەتەبەر بۆ ڕێگەگرتن لە دەستێوەردان لە هەڵبژاردنەکاندا.

پاشان نووسیویەتی"ئەوەی ئەمڕۆ ئاشکراکراوە بەڵگەیەکی دیکەیە لەسەر بەردەوامبوونی کرێملێن لە بەکارهێنانی تۆڕەکانی وەکو فەیسبوک بۆ نانەوەی دووبەرەکی و بڵاوکردنەوە هەواڵی چەواشەکاری."

هەروەها ڕیچارد بێر سەرۆکی کۆمیتەی هەواڵگری ئەنجومەنی سینات کە کۆماریـیە، ئەویش خۆشحاڵی خۆی بەم هەنگاوەی فەیسبوک دەربڕی و جەختی کردەوە ئەمەی فەیسبوک کردوویەتی هەنگاوێکی زۆر گرنگە بۆ دانانی سنوورێک بۆ دەستێوەردانی بیانی لە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا.

ئەمڕۆ کۆمیتەی هەواڵگری ئەنجومەنی سینات دانیشتنێکی تایبەت سازدەکات بۆ چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوەی دەسـتێوەردانی دەرەکی لە ڕێگەی تۆڕەکانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی.

جێی ئاماژەیە لە 6 ی مانگی یازدەی ئەمساڵ هەڵبژاردنە گشتیـیەکانی ئەمەریکا بەڕێوەدەچن بۆ هەڵبژاردنی 435 ئەندامەکەی ئەنجومەنی نوێنەران و زیاتر لە یەک لەسەر سێی 100 ئەندامەکەی ئەنجومەنی سینات.

XS
SM
MD
LG