Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: ئێران لە پاش کۆبوەونەوەکەی هیلسینکی


دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تاووتوێی ژمارەیەک دۆسێی کردووە لە کۆبوونەوەکەی هیلسینکی- فینلاند، لەگەڵ سەرۆکی ڕوسیادا لەوانە دۆسێکانی بازرگانی و لەشکریی و ڕەوشی ئاسایشیی جیهانی.

ئەوەی لە نێوەندە هەواڵییەکاندا باس و خواسێکی زۆری لەسەرە باسکردنێکی چڕ و پڕی دۆسێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لەو کۆبوونەوەیەدا و بەتایبەتیش ڕۆڵی نەرێنی کۆماری ئیسلامی ئێران لەو ناوچە پڕ لە کێشە و قەیرانەی جیهاندا.

سەرۆک ترامپ هەر لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنیەوە بەردەوام بە زمانێکی ڕەخنە ئامێزەوە باسی لە ئێران کردووە و تاکلایەنە لە ڕێککەوتنە ناوکییەکە کشایەوە و سزای نوێی سەپاندۆتە سەر ڕژێمی ئێران و داوایشی لە کۆمپانیا ئەوروپاییەکانیش کردووە کە هیچ کاردارییەک لەگەڵ ئێراندا نەکەن و ئەگەریش هاتوو کردیان ئەوا ڕووبەڕووی سزاکانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەبنەوە.

تاران پێدەچێت تەواوی هیواکانی خۆی لەسەر ڕوسیا هەڵچنیبێت، بەڵام سەرۆکی ڕوسیا ستایشی وتووێژەکانی لەگەڵ سەرۆک ترامپدا کرد و جەختی لە ڕەوشی هاوکارییەکانی نێوان مۆسکۆ و واشنتۆن کردەوە لە دۆسێی سوریادا بەبێ ئەوەی باس لە ڕۆڵی ئێران بکات، ئەمەش بەبێ هیچ گومانێک لە تاران نیگەرانی دروستکردووە.

پوتن دەڵێت "ڕوسیا هاوکاری لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا دەکات لە شەڕی دژی تێرۆریزمدا و هەروەهاش لە هێنانە ئارای ئاشتیدا."

میوانی بەرنامە:

سۆران پاڵانی، نوسەر و لێکۆڵەر

بەپێی ڕای زۆرێک لە چاودێری سیاسی کۆبوونەوەکەی هیلسینکی زێدکردنێکی تری فشارەکانە بۆسەر ئێران و خاڵی دەستپێکیشە بۆ هەندێک هەنگاو کە ڕێکوڕەوان بە پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە بە تایبەتیش لە سوریادا.

لەوەتای دەستپێکردنی کاری ئۆفیس لە کۆشکی سپی، سەرۆک ترامپ بە بەردەوامی فشاری خستۆتە سەر ڕژێمی ئێران تا ڕێگە لە خواستەکان و جموجۆڵەکانی ئێران بگرێت لە ناوچەکەدا، وەک سەرۆکی ئەمریکا لە چەندان بۆنەدا باسی کردووە، تاران سەنگییەکی زۆری خستۆتە سەر هاندانی توندوتیژی و پشتیوانکردنی تێرۆریزم و دەستوەردانە کاروباری وڵاتانەوە.

سەرۆک ترامپ دەڵێت وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەرگیز ڕێگەنادات ڕژێمی ئێران سوود لە سەرکەوتنەکانی هاوپەیمانێتی نێونەتەوەیی ببینێت دژی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکەی دەوڵەتی ئیسلامی لە سوریادا.

ئابوریناسان دەڵێن یەکێک لە هۆکارەکانی دابەزینی نرخی تمەنی ئێران و کێشە نوێ ئابوریەکانی ئەو وڵاتە دەگەڕێنەوە بۆ ئەو سزایانەی ئەمریکا سەپاندونی بەسەر ڕژێمی ئێراندا.

کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەو سزایانە لەسەر ڕژێمی ئێران دەرکەوتوون و خەڵک لە ژمارەیەک شار و شارۆچکەی ئێراندا کەوتوونەتە خۆپیشاندان و مانگرتن و ناڕەزایی دەربڕین لەسەر خراپی باری ژیانیان و بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژاری و بێکاری و هەروەهاش خراپی ڕەوشی ئابوری وڵاتەکە و ئەو گرانییەی بازاڕی ناوخۆی ئێرانی گرتۆتەوە. سەرۆکی ئەمریکا و گەورە کاربەدەستانی تری بەڕێوبەرایەتیەکەیشی جەخت دەکەنەوە لەوەی ئەمریکا پشتیوانی خەڵکی ئێران دەکات.

ئا لەم ڕەوشە نالەبارە ئابوریەی ئێستا ئێران تێیکەوتووە، وەک شیکەرەوە دەڵێن تاران لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە سەرمایەگوزاری بیانی هەیە لە وڵاتەکەدا، بەڵام ئەوەی زیاتر شییانی هەیە سەپاندنی سزای توندترە لەسەر ئێران لەلایەن ئەمریکاوە وەک لێرە لە واشنتۆن باس دەکرێت ڕۆژی 6 ی مانگی هەشت ژمارەیەک سزای توند و ڕۆژی 4 ی مانگی یازدەش ژمارەیەک سزای توندتر دەسەپێندرێنە سەر ئێران.

تاران تا ئێستاشی لەگەڵدابێت بودجەیەکی لە ڕادەبەدەر گەورە لە سوریا و یەمەن و عێراق و لوبنان و ڕێکخراوە توندڕەوە فەلەستینیەکان بەکاردەهێنێت بۆ جێبەجێکردنی بەرنامە پاوانخوازییەکانی خۆی.

وەک وەڵامێکیش بۆ ئەو هەموو فشارە ئێران هەڕەشەی داخستنی تەنگەی هورمز دەکات لە هەموو هاتووچۆیەکی بازرگانی جیهانی، بە تایبەتیش ئەگەر بێتوو ئەو سزا نوێیانە پیشەسازی نەوتی وڵاتەکە بگرێتەوە کە بڕبڕەی پشتی ئابوری ئێرانە.

ئایا ئێران دەتوانێت تەنگەی هورموز دابخات؟
ئایا فشارەکان لەسەر ئێران دەگاتە ئاستی جەنگ؟
ئایا پشتیوانی ئەمریکا بۆ گەلانی ئێران، خۆپیشاندان و مانگرتنەکانی ئێران دەبەنە ئاستێکی بەرزتر؟
سۆران پاڵانی، نوسەر و لێکۆڵەر لە بەرنامەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:28:22 0:00

XS
SM
MD
LG