Accessibility links

دەشێت زۆربەمان بچینە بینینی شانۆییەکان بەبێ ئەوەی توانیبێتمان ڕەهەندە بەرفراوانەکانی مانای شانۆ لای خۆمان وردبکەینەوە، بەڵام بە گرنگمان زانیوە بینەری ئەو شانۆگەرییانە بین کە خزمەتیان بە ژیان کردووە.
لەوانەشە زۆرێکمان هەروا چووبینەتە شانۆگەرییەک، تەنها بۆ کات بەسەربردن لەگەڵ هاوڕێیان و دۆستاندا، یانیش نزیکیمان لە یەکێک لە بەشداربووانی شانۆگەرییەکە وەهای کردووە بچینە بینینی نومایشتێک.

کارە شانۆییەکان چەندێک گرنگن و کاریگەری خۆیانیان هەیە، هێندە و زیاتر پڕۆژەکان بۆ وەرگێرانی دەقی شانۆیی و لێکۆڵینەوەکانی لەسەر شانۆ دەکرێن گرنگن.

نکوڵی ناکرێت لەوەی کتێبخانەی کوردی کتێبە تایبەتەکانی شانۆی تیادا کەمن و ئەمەش یەکێکە لەو گلەییانەی بینەران و خوێنەرانی بابەتە شانۆییەکان بەردەوام دەیکەن.

کردەکانی نوسین و داڕشتن نەک هەر ئاسان نین، بەڵکو قورسن، بەڵام لەوەش قورستر کردەی وەرگێڕانە لەناو ئەمیشدا وەگێڕانی دەقە شانۆییەکان و لێکۆڵینەوە شانۆییەکانە، لەو ڕوانگەیەوەی کام دەقی شانۆیی یان لێکۆڵینەوەی کام ڕێبازی شانۆیی هەڵدەبژێردرێت بۆ وەرگێڕان.

ئەمانەش بێ لەوەی لێرەدا هەر تەنها زانین و شارەزایی زمانی دایک و زمانێکی تر ڕۆڵ نابینن بۆ وەرگێڕانێکی بابەتیانە، بەڵکو زانیارییەکان لەسەر فەرهەنگی بەرامبەریش گەلێک گرنگە، تێگەیشتن لە بیرکردنەوەی نوسەر و زانینی ڕەهەندی دەستەواژەکانیەتی و هەروەهاش شێوازی گەیاندنی ناوەڕۆکی بابەتەکەیە بە خوێنەران.

دانا ڕەئوف، هونەرمەند و نوسەر یەکێکە لەو ناوانەی بواری شانۆ کە بەردەوام ئامادەییەکی بە بڕشتی هەیە لە شانۆی کوردیدا.

لە ساڵانی سەرەتای هەشتاکاندا بوو ئەم هونەرمەندەم ناسی، هەر ئەو کاتە ئەو هەستەم لا دروست بوو ئەوینی شانۆ لە هزر و گیانیدایە و کاتێکیش دەکەوتە باسکردنی هونەری شانۆ، ڕێک وەک ئەوەبوو باس لە بوون بکات. ئێستاش کە بابەتەکانی دانا ڕەئوف دەخوێنمەوە، هەمان ئەو هەستەم لا دروست دەبێتەوە و لەبەر خۆمەوە دەڵێم بەڕاستی ئەم هونەرمەندە عاشقێکی ڕاستەقینەی شانۆیە و ناخوازێت هەر تەنها لەسەر تەختی شانۆ بووەستێت، بەڵکو لەگەڵ ئەو وەستانەشیدا دەیەوێت قسەی خۆی هەبێت، قسە لەسەر بنچینەی زانیاری و ڕۆشنبیری شانۆیی بەدواداچوونەکانی لەسەر ئەم ژانرە هونەریە دەکات.

دانا لە هەندەرانیش هەر لە خەمی شانۆدایە، ئاخر چۆن لەو خەمەدا نەبێت کە ئەم هونەرە بووەتە ژیانی. بەشداری لە زۆرێک لە بۆنە و کۆنفرانسە جیهانییەکانی شانۆدا دەکات و وتاری تایبەت لەسەر شانۆ پێشکەش دەکات و لەگەڵ گەورە هونەرمەندەکانی شانۆدا دەکەوێتە ئاخاوتن، لەوانە "یۆجینیۆ باربا".

لەسەر ئەو ئاخاوتنەی لەگەڵ یۆجینیۆ باربا دا، دانا ڕەئوف لە وتووێژێکی ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت " زیاتر باسی شانۆمان کرد، گرۆتۆفسکی و دوای گرۆتۆفسکی، پیته‌ر بروک و ئاریانا موشکین، بێگومان باسی ئه‌زموونی شانۆی ئودن و گرفته‌کانی شانۆی ئه‌مڕۆمان کرد، به‌ تایبه‌تی ئه‌و ته‌نگه‌ژه‌ و به‌ربه‌ستانه‌ی، که‌ له‌به‌رده‌می هونه‌رمه‌ندانی وڵاتی تر و په‌نابه‌ر و تاراوگه‌دایه‌ له‌ ئه‌وروپا، چۆن بتوانین نزیک ببینه‌وه‌ و چۆن بتوانین به‌ڕاستی سنووره‌کان بشکێنین و کۆمه‌ڵگەیه‌کی فره‌ کولتووری ده‌وڵه‌مه‌ند دروست بکه‌ین. دواتر باسی شانۆی کوردی و هونه‌رمه‌ندانی کورد و شانۆی ئه‌زموونگه‌ریشمان کرد و بە ‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ ئاماده‌یی ده‌ربڕی تا بێته‌ کوردستان و هه‌ر له‌وێدا کاته‌که‌شمان ده‌ستنیشان کرد."
نازانم هۆکارەکان چی بوون بەڵام ئەو سەردانە نەکرا.

ئایا تیپە شانۆییەکان دەتوانن ببنە بەرهەمهێنی دەق و تایبەتمەندێتی شانۆیی؟

ئایا ئەو دەقە شانۆییانەی وەگێڕدراون هەمان ئەو کاریگەرییانەی دەبێت کە دەقێکی کوردی دەیبێت لەسەر بینەری کورد؟

بۆچی لە پاش پێشکەشکردنی دەقێکی شانۆیی، کۆڕێکی ڕەخنە ئامێز لەسەر نومایشتەکە ناکرێت؟ ئایا کێ کەمتەرخەمە؟

باس لە دەقی سەرکەوتووی شانۆ دەکرێت بەڵام هێشتا دەستنیشانێکی تەواوی ئەو هۆکارانە نەکراون کە دەبنە مایەی بەرهەمهێنانی دەقێکی خراپ، ئایا تا ئێستا توانراوە ئەو شتانەی نانوسرێنەوە لە شانۆی کوردیدا وەکو دەق بەکاربهێنرێن؟

ئایا شانۆی کوردی توانیویەتی برەو بە زەمینەی کلتوری و فەرهەنگی خۆی بدات و بە دیدێکی نوێوە بیخاتە بەردەم بینەرانی؟

ئایا شانۆی بازرگانی و گاڵتەجاڕی توانیویەتی جێ بە شانۆی ڕژد (جدی) لەق بکات؟

ئایا شانۆی کوردی بایەخ بە بینەرانی دەدات، ئەگەر وایە بۆچی کێشە لە نێوان بینەر و شانۆدا هەیە؟

دانا ڕەئوف، هونەرمەند و نوسەر لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:26:36 0:00

XS
SM
MD
LG