Accessibility links

دۆزینەویە نەخۆشی شێرپەنجە و دەستکردن بە چارەسەرکردن لە قۆناغی سەرەتاییدا دەبێتە مایەی ڕزگارکردنی ژیانی زۆر کەس


بۆ ڕۆژی جیهانی شێرپەنجە، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی داوا دەکات خەڵکی ژیانێکی تەندروستانە بە سەربەرن تا مەترسییەکانی نەخۆشی شێرپەنجە کەم بێتەوە. ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ناسراو بە WHO تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە پێزانینی نەخۆشی لە قۆناغی سەرەتادا و دەستکردن بە چارەسەر دەشێ ژیانی زۆر کەس ڕزگار بکات.

پێشوەچوونێکی بەرچاو کراوە لە بواری دۆزینەویە نەخۆشی و چارەسەری شێرپەنجەدا. بەڵام ئامارەکان لەبارەی نەخۆشیەکەوە هەر مەترسیدارن. شێرپەنجە هێشتا دووهەم هۆکاری مەردنی خەڵکییە لە جیهاندا. ساڵانە نزیکەی 9 ملیۆن کەس بەهۆی شێرپەنجەوە لە جیهاندا گیان لەدەستدەدەن. و ساڵانە نزیکەی 14 ملیۆن حاڵەتی نوێی شێرپەنجە لە جیهاندا دەدۆزرێتەوە.

جۆرە هەرە باوەکانی شێرپەنجەی کە دەبن بە هۆکاری مەرگ بریتین لە شێرپەنجەی، سیەکان، جگەر، کۆلۆن، هەناو و مەمک.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت بەکارهێنانی توتن فاکتەری سەرەکییە بۆ شێرپەنجە و پاش ئەوەش بەکارهێنانی خواردنەوە حکولییەکان و پاشان خۆراکی خراپ و کەمبوونی جموجۆڵی جەستەیی.

کاربەدەستێکی WHO بۆ کۆنترۆڵ کردنی شێرپەنجە، ئاندرێ ئیلباوی دەڵێت نزیکەی لە سەدا حەفتای مردن بەهۆی شێرپەنجە لەو وڵاتانەدان کە داهاتیان کەمە یان مامناوەندییە، لە کاتێکدا بەرزبوونەوەی ڕێژەی نەخۆشییەکەش بە جۆرێک لە زیادبووندایە کە مەترسیدارە.

لە وتووێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا ئاندرێ ئیلباوی گوتی ڕاستە ئەمە جێگای نیگەرانییە بەڵام تەنانەت لە لایەن وڵاتە هەرە هەژارەکانیشەوە دەشێ هەنگاو بنرێت بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتە.

ئەو گوتی " سەرەتاو لە هەموی گرنگتر، گەورەترین ئەرک ئەوەیە کە بتواندرێت لە قۆناغی سەرەتاوە شێرپەنجە بدۆزرێتەوە. ئەمە زۆر گرنگترە لە تێکنالۆژی ئاستە بەرز و دەرمانی گرانبەها کە ڕەنگە لەو وڵاتانەدا سەخت بێت. پێزانینی نەخۆشییەکە لە قۆناغی سەرەتادا گرنگترین شتە تا بتواندرێت بە شێوازێکی ئاسایی چارەسەر بکرێت."

ئیلباوی گوتیشی کردارێکی گرنگ کە وڵاتانی بەرەوڕسکانچووش دەتوانن ئەنجامی بدەن ئەوەیە کە کۆمەڵگەکان لە دەرەنجامی شێرپەنجەو هۆکارەکان و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکان هوشیار بکەنەوە.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی جەختیش لە گرنگی ژیانێکی تەندروستانە دەکاتەوە. دەڵێت خواردنی زیاتری میوەو سەوزە، وەرزشکردنی بەردەوام، بەکارنەهێنانی توتن و بە شێوەیەکی زۆر کەم بەکارهێنانی ئەلکوحول دەشێ یەک لەسەر سێی مەرگ بە نەخۆشی شێرپەنجە کەم بکاتەوە.






XS
SM
MD
LG