Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: ئێران لە نێوان ناڕەزایی و سەرکوتکردندا


ئاستی ناڕەزاییەکانی خەڵکی ئێران گەیشتە خۆپیشاندان، خۆپیشاندانێک قوربانی لێکەوتەوە و بە سەدان کەسیش لە ناوچە جیاوازەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا دەستگیرکراون.

تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت بە پێچەوانەی ڕای دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران، هێشتا هیچ ئاماژەیەک لە ئارادا نییە ئەم یاخیبوونەی خەڵکی ئێران دژی فەرمانڕەوایانی 38 ساڵەیان دەستێکی دەرەکی لەمسەری ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ئەوسەری ڕۆژئاوا لە پشتیەوە بێت. هەژاری و نەداری و بێکاری و خراپی باری ژیان تەنگیان بە خەڵک هەڵچنیوە و سەرباری ئەوانەش نەبوونی ئازادی و ڕێگەگرتن لە دەنگی ئازاد و کۆت و بەندکردنی هەموو ئازادییە سیڤیلیەکان و سەرکوتکردنی بیرۆکەی ئازادی و ڕێگەگرتن لە بەرەوپێشچوونی کەمایەتییەکان و پێشێلکردنی مافی کەمایەتییە ئاینیەکان و ڕەفتارەکانی دەسەڵاتداران، نەک هەر خەڵکیان لە ئێراندا بێزار کردووە بەڵکو توڕەیشی کردوون.

یەکێک لە دروشمەکانی خۆپیشاندەران بریتیە لە "دەستبەردار بوون لە سوریا و حزبوڵای لوبنان و عێراق و یەمەن." ئەمەش بە مانایەکی تر ڕێک داوایەکە لە ڕژێمی ئێرانی تا دەستبەرداری سیاسەتی پاوانخوازی شیعەگەرابێت لە ناوچەکەدا. ئەڵبەت خەڵکی ئێران کە خۆڕسکانە ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و لێیان دەکوژرێت و دەگیرێت، هەروا لە خۆوە ئەو دروشمەیان هەڵنەگرتووە، بەڵکو تێگەیشتنێکی وردە لە ڕەوشی ئابوری وڵاتەکەیان کە چۆن ئەو جۆرە سیاسەتەی کۆماری ئیسلامی ئێران زیانی لە ژیانی بە ملیۆنان خەڵکی ئێران داوە.

لێدوانەکان و بانگەوازەکانی دەسەڵاتدارانی ئێران دەکرێت ئەو خوێندنەوەیە لە خۆ بگرێت کە فەرمانڕەواکانی ئەو وڵاتە لەوە تێگەیشتوون کە خەڵک لێیانن توڕەیە هەر بۆیە لەگەڵ هەروادێ و پەرەسەندن و گەشەکردنی زیاتری خۆپیشاندانەکاندا داوا دەکرێت خانەنشینەکانی ناو پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بگەڕێنەوە ڕیزی پاسداران تا کۆماری ئیسلامی بپارێزن، یانیش هەڕەشەکردنی ڕاستەوخۆ لە خەڵک ئەگەر بێتوو بەشداری لە خۆپیشانداندا بکەن.

میوانی بەرنامە:

سۆران پاڵانی، نوسەر و شیکەرەوەی سیاسی.

لەگەڵ هەموو ئەو ستەمکاریانەی پێشتر و هاوکاتی خۆپیشاندانەکانی ئەم هەفتەیە کە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی گرتونیەتە بەر، خۆپیشاندان هەر بەردەوامە، وەلێ هێشتا نازانرێت چەندێک درێژە دەکێشێت.

شۆڕشی گەلانی ئێران 1979 کە شاهەنشای پێشووی ئێران ڕووخا، بەلانی کەم دوو ساڵی خایاند. خۆپیشاندانەکانی ئێستای ئێران وەک زۆرێک لە شیکەرەوە باسی دەکەن هەمان زەمینەیان هەیە کە 39 یان 40 ساڵ لەمەوبەر شۆڕشی گەلانی ئێرانی لەسەر دروست بوو.

هەندێک لە سەرچاوە مێژوویەکان باس لەوە دەکەن، یەکەم خۆپیشاندانی شۆڕشەکەی 1979 لە مانگی دەی ساڵی 1977 دا دەستپێدەکات و دواتر پەرە دەسەنێت و تا دەگاتە ئەوەی لە کۆتاییەکانی ساڵی 1978 دا خۆپیشاندەران بووبوونە هەموو شتێک لە وڵاتەکەدا و لە مانگی دووی 1979 تۆکمەیی خۆپیشاندانەکان بووە مایەی یکلاکەرەوەی ڕەوشەکە و موحەمەد ڕەزا شا ئێران جێبهێڵێت.

ئێستاش پرسیار ئەوەیە ئایا ئەم ڕژێمەی ئێستای کۆماری ئیسلامی ئێران دەتوانێت بۆ ماوەی چەند خۆی لەبەردەم شەپۆلی ناڕەزاییەکانی خەڵکدا ڕابگرێت؟

لە ساڵی 2009 دا خۆپیشاندانی گەورە لە ئێران کران، پاش سەرلەنوێ هەڵبژاردنەوە مشتومڕ لەسەرەکەی مەحمودی ئەحمەدی نەژاد بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئێران. ئەو کات بزووتنەوەی سەوز ڕێبەرایەتی دەکرد و زۆرێکیش لە سەرکردەکانی ئەو بزووتنەوەیە بەشێک لە کۆڵەکەکانی ئەم ڕژێمەی ئێران و بە ناوی ڕیفۆرمخوازانەوە خۆیان نومایشت دەکرد، دروشمە هەرە سەرەکییەکەی خۆپیشاندەرانیش چاکسازی کردن بوو لە ناو خودی ڕژێمی ئێرانیدا.

دەکرێت بگوترێت کورد لە ئێراندا بەشمەینەت ترین نەتەوە و سەرکوتکراوترین نەتەوەشە، لە سەپاندنی سزای مردنەوە بەسەر چالاکوانانی کوردەوە بیگرە تا سوک ترین سزا لەسەر کورد بەجێگەیەندراون، و نکوڵی لە هەموو مافێکی کراوە.
ئەو هەموو پێشێلیانەی بەرامبەر کورد کراون لە ئێراندا نەبوونە مایەی هێنانە ئارای یەکڕیزی لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا. بە دوور نازانرێت ئەم ناتەبایی و ناکۆکیانەی نێوانیشیان یەکێک بێت لە هۆکارەکانی کەمبوونەوەی متمانەی نێوان خەڵک و ئەو لایەنانە.

لە ئێستادا خۆپیشاندەران داوای نەمانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی دەکەن و بە ئاشکرایانە و ڕاشکاوانە دەڵێن مەرگ بۆ خامەنەئی (ئایەتوڵا عەلی خامەنەئی، ڕابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران). خۆپیشاندەران داوای هەڵوەشاندنەوەی فەرمانڕەوایەتی ویلایەتی فەقێ دەکەن.

بەشێک لە داواکانی گەلانی ئێران وەک لە تۆڕەکانی سۆشیال میدیادا خراونەتە ڕوو:
1- ڕیفراندۆم لەسەر شێوازی فەرمانڕەوایەتی سیاسی لە ئێراندا.

2- نەهێشتنی سیاسەتی ناردنە دەرەوەی شۆڕشی ئیسلامی.

3- دانپێدانان بە مافی کەمایەتییە نەژادی و ئاینییەکاندا.

4- ئازادی ڕاگەیاندن و دەستڕاگەیشتن بە زانیاری و لادانی سیستەمی سانسۆرکردن.

5- جیاکردنەوەی ئاین لە دەوڵەت و دوورخستنەوەی حەوزە ئاینییەکان لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا.

6-هێنانە ئارای دەسەڵاتێکی دادوەریی ئەستۆ پاک و سەر بە هیچ لایەنیکی سیاسی و دەسەڵات نەبێت.

7- دابەشکردنێکی یەکسانانەی سامانی ئێران بەسەر خەڵکدا.

8- هەڵبژاردنی ئازاد و ڕەوا.

خۆپیشاندەرانی ئێران لە هەموو لایەک باشتر دەزانن کە ئەم ڕژێمەی وڵاتەکەیان بەڕێوە دەبات بەو پێیەی ڕژێمێکی داخراوە وەک زیندانی (ئەڤین) ەکەی و ناتوانێت هیچ ڕەفتارێکی بگۆڕێت بەو شێوەیەی هەر هیج نەبێت بگوترێت تا ئەندازەیەک بە خواستی خۆپیشاندەرانی ئەمڕۆی ئێران و شۆڕشگێڕانی سبەی وڵاتەکەیە.

لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهانیشدا پێناچێت کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕەوشێکی باشتردا بێت، ئێران بە پشتیوان و سەرپەرشتکاری تێرۆریزم دادەنرێت، دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتاندا دەکات و تەنانەت بوونی ئێران لە هەر وڵاتێکدا بە سەرچاوەی ئاژاوەگێڕی و قەیران ناودێر دەکرێت، ئەمە بێ لەوەی بەرنامە ناوکییەکەی تاران هێشتاش جێی نیگەرانییەکی قوڵی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و ژمارەیەک وڵاتی عەرەبییە لە کەنداوی فارس.

ئایا ئەم خۆپیشاندانانەی ئێران درێژەیان دەبێت و بەردەوام دەبن و دەبنە خاڵی وەرچەرخان؟

ئایا ڕژێمی ئێران دەتوانێت هاوشێوەی ساڵی 2009 خۆپیشاندانەکان دابمرکێنێتەوە؟

ئایا لە ئێستادا کاتی گۆڕینی سیستەمی ویلایەتی فەقێ لە ئێراندا هاتووە؟

ئایا ئەگەر ڕژێمی ئێران ڕوخا، متمانە چییە ڕژێمێکی سەرکوتکاری تر نەیەتە ئاراوە؟

بۆچی کورد لە ئێران بە گەرموگوڕییەوە نەچۆتە ناو خۆپیشاندانەکانەوە؟

لەگەڵ فراوان بوونی خۆپیشاندانەکاندا بۆچی تا ئێستا ڕێبەرایەتییەک دەرنەکەوتووە؟

هەر هیچ نەبێت بەشێک لە خۆپیشاندەران خۆزگە بە سەروەختی شاهەنشای پێشووی ئێران دەخوازن، ئایا ئەمە داوایەکە بۆ گەڕانەوەی سەڵتەنەت تەڵەبەکان؟

ئەگەر خۆپیشاندانەکان زیاتر گەورە بن، ئایا لەشکری ئێران دەداتە پاڵ داواکانی خەڵک؟

سۆران پاڵانی، نوسەر و شیکەرەوەی سیاسی لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی (لەگەڵ ڕووداوەکاندا) وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرس و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیزیش دەداتەوە:

XS
SM
MD
LG