Accessibility links

مێزگرد: ڕیفراندۆم لە نێوەندی قەیران و ناکۆکیەکاندا

  • Balen Salih

ئەگەرچی وەک دەگوترێت ڕیفراندۆم ڕاپرسییەکی ئاساییە و بەپێی پرەنسیپە دیموکراسییەکان مافی هەمووانە بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسێیەک پەنا ببرێتە بەر ڕیفراندۆم.

ناچینە سەر باسی ئەم پرۆسەیە لە وڵاتان و ناوچەکانی تری جیهاندا، هێندەی ئەوەی دەمانەوێت بە چاوێکی وردبینییەوە لە دۆسێی ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان بڕوانین.

کورد لە عێراقدا ڕیفراندۆمی کرد، واتە لەو وڵاتەی تیایدا کیمیاباران و ئەنفال کرا، واتە لەو وڵاتەی لە دامەزراندنیەوە لە سەرەتای ساڵانی بیستەکانی سەدەی ڕابردووەوە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت کورد هەر لە ناکۆکیدا بووە لەگەڵ حکومەتە یەک بە دوایەکەکانی وڵاتەکەدا.

هونه‌ر تۆفیق
هونه‌ر تۆفیق

لە ساڵی 2003 دا کاتێک ڕژێمە دیکتاتۆرییەکەی سەدام حوسەین لە دەسەڵات لادرا، کورد نەک هەر بەشدارێکی سەرەکی بوو لەو وڵاتەدا بەڵکو بە هۆکارێکی سەرەکییش بۆ یەکپارچەیی ئەو عێراقە دادەنرا کە بە "عێراقی نوێ" ناودێر دەکرا.

کورد بەشدارییەکی ڕاستەقینەی هەبوو لە داڕشتنی دەستوری عێراقدا و سەرکردایەتی سیاسی ئەوسای هەرێمی کوردستان جەختی دەکردەوە لەوەی دەنگدان بۆ ئەو دەستورەی عێراق یانی دەنگدان بە پێکەوە ژیانی ئاشتیانە و پاراستنی سەقامگیری.

میوانەکانی مێزگرد:

هونەر تۆفیق، نوسەر و لێکۆڵەر

بەختیار کەریم، نوسەر و لێکۆڵەر

هەرچۆنێک بوو ئەوکات گەر دەنگێک هەبووایە و بیگوتایە نا بۆ دەستوری عێراق دووچاری لێپێچینەوە و لێپرسینەوە دەبوو لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە.

لە ماوەی 14 ساڵی ڕابردوودا کورد گلە و گازەندەی هەبووە لە بەغدا و لە هەندێک باریشدا شەڕە سیاسی و میدیاییەکان گەیشتوونەتە ئاستێک کە خەریک بووە خوێنی تیادا بڕژێت.

به‌ختیار که‌ریم
به‌ختیار که‌ریم

حکومەتی عێراق حکومەتێکی زۆرینە شیعەیە، ئێران کە هاو سنوری هەرێمی کوردستانیشە پشتیوانییەکی تەواوی ئەو حکومەتە دەکات لە بەغدا، تورکیاش لە باکورەوە ئەگەرچی لە ڕووی ئاینزاییەوە تەبایی نەبوو لەگەڵ بەغدا و تاراندا بەڵام هەر کاتێک پرسەکە باس لە کورد بووایە جیاوازییەکی ئەوتۆ لە هەڵوێستەکانیدا بەدی نەدەکرا بەرامبەر بە کورد.

دیپلۆماسییەتی کوردیش نەیتوانیوە متمانەی یەکێک لەو ولاتانە بەدی بهێنێت و تەنانەت لە عێراقیشدا وێڕای ئەوەی کورد ژمارەیەک ڕێککەوتنی لەگەڵ عەرەبی شیعە و سوننەدا مۆرکرد، بەڵام دوای ڕیفراندۆمەکەی 25 ی مانگی 9 ی ئەمساڵ، یەکلابووەوە کە ئەو لایەنانەی بەغدا لە هاوپەیمانی ستراتیژییەوە بوونەتە نەیاری ستراتیژی.

لە ناوخۆی هەرێمیشدا ڕەوشەکە باشتر نەبوو، ناکۆکییەکان قوڵ و ئاڵۆز بوون، بێ متمانەیی تا سەر ئێسقان بووە، تەنانەت ئەو گوتارە ناسیۆنالیستیەی لە هەڵمەتەکانی ئەو ڕیفراندۆمەدا بەکاردەهێنرا، کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر هەر هیج نەبێت هەندێک لایەنی سیاسی و بنکە جەماوەرییەکەی هەندێک لایەنی تریش نەبوو.

گوتاری زاڵ پڕ بوو لە تاوانبارکردنی یەکدی لە تەخوینکردنەوە بۆ بەکرێگیراوی و عێراقچێتی و هتد.

کە هێزە ئاسایشییەکانی عێراقیش هێرشیان کرد و دەستیان گرت بەسەر شاری کەرکوکی دەوڵەمەند بە نەوت، هێندەی تر گوتارەکان بە یەکیاندا دەدا بەبێ ئەوەی دەرفەتێک بۆ تێگەیشتن بهێڵرێتەوە.

دەقی مێزگردەکە:

XS
SM
MD
LG