Accessibility links

ڕۆژنامەنووسێکی ئەمەریکا داوا لە وڵاتەکەی دەکات ڕێگە نەدات ئابڵۆقەی هەرێمی کوردستان بدرێت


ڕۆژنامەنووسێکی ئەمەریکایی دەڵێت لە پاش ئەوەی هەرێمی کوردستانی عێراق ڕیفراندۆمێکی بۆ سەربەخۆیی ئەنجام دا، ئەو هەرێمە کەوتووەتە بەر هەڕەشەی حکومەتی ناوەندی عێراق و وڵاتانی دراوسێ، بەڵام بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ دەتوانێت ڕێگە لەو هەڕەشانە بگرێت.

ماڵپەڕی بلومبێرگ دەقی نووسینەکەی ڕۆژنامەوان ئێلی لایکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ڕوونی کردووەتەوە چۆن بەغدا و تاران و ئەنکەرە لەم ڕیفراندۆمەی هەرێمی کوردستان نیگەرانن.

دەڵێت ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا کە شەڕێکی دڕندەی لە دژی کوردەکانی وڵاتەکەی خۆی کردووە، هەڕەشەی بژاردەی لەشکری لە هەرێمی کوردستان دەکات و هەروەها بەڵێنی داوە قفڵی لولە نەوتیـیەکانی هەرێم بگرێت، ئەمەش وەک سزایەک لە بەرامبەر ئەو ڕیفراندۆمەی ئەنجامی داوە.

لە بەغداش حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیر بە ڕەزامەندی پەرلەمانی عێراق کەوتووەتە سزادانی هەرێم، لەوانە داخستنی فڕۆکەخانەکان. ئەمە بێ لەوەی پەرلەمانی عێراق داوای لە عەبادی کردووە بە هێزی لەشکری شاری کەرکوک کۆنترۆڵبکاتەوە.

حکومەتی ئێرانیش کە لە ساڵی 2011 وە یارمەتی بەشار ئەسەد دیکتاتۆری سوریای داوە لە کوشتنی خەڵکی سوریا، وا ئێستا سنوورەکانی خۆی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دادەخات و ئاسمانی بە ڕووی کوردستان دادەخات و مەسعود بارزانی ڕێبەری کوردی عێراق تاوانباردەکات بەوەی داردەستی ئیسرائیلە، ئەو تاکە وڵاتەی پشتیوانی لە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی کردووە.

پاشان ڕۆژنامەوان ئێلی لایک دەڵێت کاربەدەستانی ئەمەریکا پـێیان ڕاگەیاندووە واشنتن داوای لە ئەنکەرە و بەغدا کردووە گرژیـیەکان خاوبکەنەوە، بەڵام ئەم پەیامە لەسەر ئاستی باڵیۆزەکان بۆ وڵاتانە گەیەندراوە و کاریگەری ئەوتۆی نابێت، بۆیە کاتی ئەوە هاتووە پەیامەکە لەسەر ئاستی باڵا ڕەوانەبکرێن، لەوانە سەرۆک ترامپ و ڕێکس تیلەرسن وەزیری دەرەوە و جێمس ماتیس وەزیری بەرگری، ئەمەش نەک تەنها بۆ پاراستنی هاوپەیمانە کوردەکانی، بەڵکو بۆ سەقامگیری تەواوی ناوچەکە.

دەشڵێت دەبێت پەیامەکە گشتیەکە بەو شێوەیە بێت کە "جێی قبوڵ نیـیە گەمارۆی ئابوری بخرێتە سەر هەرێم لە ڕێگەی داخستنی هەموو سنوورەکانی و ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانیـیەکان"، وە پەیامە تایبەتەکە زۆر توندتربێت و هەریەک لە سەرۆک ترامپ یان تیلەرسن یانیش ماتیس بیگەیەنن، ئەویش هەڕەشە لە عێراق و تورکیا بکرێت کە "یارمەتیـیە لەشکری و ئابوریـیەکان کەم‌دەکرێنەوە" ئەگەر هەر وا بە ئاڕاستەی هەڵگیرساندنی شەڕ هەنگاوبنێن. دەشڵێت ئێرانیش هیچ شتێک نیـیە لەسەر ئەم پـرسە هەڕەشەی لێبکرێت، چونکە ڕژێمێکی بەدکار و کەڵەکبازە.

ئێلی لایک دەشڵێت ئەمەریکا هەندێک جێی بڕوای عێراق و تورکیایە لەبارەی ئەم پـرسەوە و بە ئاشکرا داوای لە کوردەکان کردبوو ئەم ڕیفراندۆمە ئەنجام نەدەن، بەڵام ئێدی کرا، بۆیە دەبێت هەنگاوێک بەرەو دواوە ببنرێت. ئەم ڕیفراندۆمە مانای سەربەخۆیی نیـیە، بەڵکو سەرەتایەکە بۆ پـرۆسەیەکی دانوستاندن وەک ئەوەی ڕێبەرانی کوردی هەرێمەکە ڕایانگەیاندووە. دەشڵێت لە ڕووی سیاسیـیەوە لە ئێستادا ئەم دانوستاندنە بۆ عەبادی گونجاو نیـیە کە لە ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنە گشتیـیەکان لە عێراق سازدەکرێن، بەڵام لە ئێستادا عەبادی دەتوانێت شەڕ ڕانەگەیەنێت و دانوستاندنەکان دوابخات. ئەمەش ئەو پەیامەیە کە دەبێت ئەمەریکا بۆ هاوپەیمانەکانی بنێرێت.

XS
SM
MD
LG