Accessibility links

کاردانەوەی فەرمی حکومەتی عێراق لەسەر ڕیفراندۆمی هەرێم


لەگەڵ هەموو ناڕەزاییە نێونەتەوەییەکان و ناڕەزاییە هەرێمیەکەش کورد لە عێراقدا ڕۆژی دووشەممە چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان بۆ ئەو ڕیفراندۆمەی مشتومڕێکی زۆری سیاسی ناوەتەوە.

سەرکردە سیاسییەکانی کورد جەختیان دەکردەوە لەوەی هەر هەنگاوێکی ئەم ڕیفراندۆمە بۆ سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە عێراق بە وتووێژ و دانوستاندن دەبێت لەگەڵ بەغدادا.

دەمڕاستی حکومەتی عێراق لە میانەی وتووێژێکی تایبەتدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا جەخت دەکاتەوە لەوەی ڕیفراندۆم هیچ ڕەواییەکی یاسایی نییە و لەسەر هیچ بنەمایەکی یاسایی نەکراوە، هەر بۆیە تەنانەت دان بە ئەنجامەکانیشیدا نانرێت و هیچ شتێکیش لە ڕەوشی یاسایی وڵاتەکە ناگۆڕدرێت و شێوازی بەڕێوەبردنی ناوچە جێناکۆکەکانیش وەک خۆی دەمێنێتەوە.

سەعد ئەلحەدیثی دەشڵێت حکومەتی عێراق بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری لەو ناوچانەدا و ڕێگەش نادرێت هیچ پێشێلکارییەک بەرامبەر پێکهاتەکانی ئەو ناوچانە بکرێن بە هەموو نەتەوە و ئاینە جیاوازەکانەوە.

پێشتر حکومەتی عێراق ڕایگەیاندبوو کە هەر هەنگاوێک بە ئاڕاستەی ڕیفراندۆمدا بە مانای داخستنی دەروازەکانی دیالۆگە و لەبنبەستدانێکی تەواوەتی کێشە و گرفتەکان دەبێت لە نێوان بەغدا و هەولێردا.

سەعد ئەلحەدیثی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاشگەیاند " ئەگەر کورد کێشەی لەگەڵ حکومەتی ناوەندیدا هەیە، بیانویەک بۆ ئەم ڕیفراندۆمە نییەو دەتوانرا لەو سەروەختەی ڕابردوودا دیالۆگێکی هەمەلایەن بکرابا نەک وەک ئێستا هەمو شتەکان تێکەڵ و پێکەڵ بکرێن، دەچێتە ڕیفراندۆمەوەو داوای دیالۆگیش دەکات".

ناوبراو گوتیشی ئەگەر دەسەڵاتی سیاسی کورد بخوازێت ئەم ڕیفراندۆمە وەکو کارتێکی فشار بەسەر بەغدا بەکار بهێنێت ئەوە بەهەڵەدا چووە.

هەر ڕۆژی دووشەممە سەرۆک وەزیری هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند ڕیفراندۆم بۆ دیاری کردنی سنوور نییە و هیوای خواست بەغدا ئامادەی گفتوگۆو دانوستاندن بێت.

XS
SM
MD
LG