Accessibility links

پرۆسەی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی لە شاری سلێمانی


ڕۆژی دووشەممە کوردەکان بەبێ گوێدانە هەڕەشەکانی بەغدا و وڵاتانی دراوسێ لە ڕیفراندۆمێکدا بۆ سەربەخۆیی دەنگی خۆیان دا. ئەو دەنگدانەی کە لەلایەن کوردەکانەوە ڕێکخراوە چاوەڕوان دەکرێت زۆر بە ئاسانی دەنگی بەڵێ تیایدا سەرکەوتوو بێت.

عەتا محەمەد چاودێری نێونەتەوەیی لە شاری سلێمانی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " پڕۆسەکە بە شێوازێکی زۆر هێمن و زۆر ئارام و زۆر ڕێکوپێک بە پێی ستانداردە نێو نەتەوەییەکان بەڕێوە دەچێت."

بەڕیز محەمەد دەشڵێت چەند پیشێلکارییەکی کەم هەبووە لە بنکەکان بەڵام بە شێوازێکی گشتی نەبوونەتە مایەی تێکدانی پڕۆسەکە.

هەر لەشاری سلێمانی ڕۆژنامەوان ڕەحمان غەریب بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند پاش ڕاگەیاندنی کۆمەڵی ئیسلامی بۆ پشتیوانی کردن لە دەنگی بەڵێ و گۆڕانیش کە ئەندامەکانی سەرپشک کرد بۆ دەنگدان بێگومان دەنگی بەڵێ لە سلێمانیدا زۆرینە دەبێت. بەڕێز غەریب گوتیشی " لەو بڕوایەدام ڕێژەی بەشداری لە هەرێمی کوردستان لە سەدا حەفتا کەمتر نییە."

پشتیوان زاهیر نوسەر و ڕۆژنامەوان لە شاری سلێمانیش لە میانەی بەشداری کردنیدا لە بەرنامەکانی بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا گوتی پرۆسەکە بە شێوەیەکی ڕێکوپێک لە شاری سلێمانی بەڕێوە چووە بەڕێز زاهیر گوتیشی چاودێری جولانەوەی نەخێریش لە بنکەکانی دەنگدان هەبوون.

XS
SM
MD
LG