Accessibility links

"بزمارێک بە بنمیچی ژوورەکەمەوەیە
ھەموو دەمێ شیعرێکی قەدەغە
ڕادەکات و
خۆی پیاھەڵدەواسێ"

هەر لە سەرەتاوە یاخی بووە و هەتا ئێستاش لەو یاخیبوونەدا دەژی. پێم وەهانییە ئەوەی بڕێک ئاشنایی لەگەڵ شیعر و فەرهەنگدا هەبێت، نەزانێت کە زمانی (لەتیف هەڵمەت) بە یاخیبوون پژاوە و باشترین بەڵگەش بەرهەمە شیعرییەکانیەتی لەوانە {خوا و شارە بچکۆلەکەمان، پرچی ئەو کچە ڕەشماڵی گەرمیان و کوێستانمە، وشەی جوان گوڵە گوڵ، ئەو نامانەی دایکم نایانخوێنێتەوە} و ئەوانی تریشی.

په‌نجه‌ره‌یه‌ك هه‌یه‌
به‌ خوێن سواغ دراوه‌
ئه‌وه‌ په‌نجه‌ره‌ی پاشه‌ رۆژه..!‌

هەمیشە ئەم شاعیرەمان خواستویەتی لەگەڵ بڵاوکردنەوەی هەر کۆبەرهەمێکی شیعری خۆیدا پێمان بڵێت شیعر هەر تەنها ئەوە نییە بنوسرێن و بڵاوبکرێنەوە بەڵکو نیشاندانی گۆڕانکارییەکانە لە ڕووی زمان و فۆرم و ناوەڕۆک و ئیستاتیکای وێنە شیعریەکانی خۆیەوە.

هه‌ر وڵاتێ
په‌پووله‌ و گیا زویر بكا
رووبار
گۆرانی بۆ نابات!!

هەڵمەت بەردەوام هەوڵی داوە و دەدات هارمۆنییەکی پڕ لە جوانکاری و ئاوازی شیعری بۆ خوێنەرانی فەراهەم بکات، بەو مانایەی کە جوانکاری کردن بێت لە وێنە شیعرییەکاندا، نەک ڕازاندنەوەی وشە یان یاریە زمانەوانییەکان و هێندەی توانیبێتی بە زمانێکی سادەی بێ گرێوگۆڵ دەنوسێت و بەکارهێنانی ئەو جۆرە زمانە سادە شیعریانەیەش یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی مانەوە و زیندوێتی شیعری لەتیف هەڵمەت لە یادەوەری خوێنەری شیعردا.

له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی
هه‌فته‌كانی شاره‌كه‌م
رۆژێكی خۆشی تیانییه‌
من هه‌فته‌ ده‌كه‌م به‌ هه‌شت رۆژ!

لەتیف هەڵمەت سەروسەودایەکی باڵای هونەریانە دەکات بۆ داڕشتنی وێنە شیعرییەکانی و هەروەهاش بۆ ئەفراندنی شیعر.

خۆ تۆ چرای شه‌وی ماڵه‌ هه‌ژار نه‌بووی
بۆچی وا زوو كوژایته‌وه‌...؟

ئەگەرچی زۆرێک لە شاعیرەکان کۆکن لەسەر ئەوەی ئەزمونەکانی نوسینی شیعر تا ئەندازەیەک بە یەک شێواز کارکراوە، بەڵام هاوڕاشن لەسەر ئەوەی ژمارەیەک شاعیر هەن جیاوازن کە لەتیف هەڵمەت یەکێکە لەوانەی جیاوازە لەو سۆنگەیەوەی دوور لە بەکارهێنانی زمانی ئاڵۆز دەچێتە هەست و نەستی خوێنەری شیعرەوە و لە بری پرسیارێکی سنوردار، دەروازەی چەندان مانا و ڕەهەند و پرسیاریش لای خوێنەری دەکاتەوە.

جه‌نگ زۆر یادگار
له‌ ماڵاندا به‌جێدێڵێ
له‌ هه‌موویان گوماناویتر ته‌نیاییه‌

چەمکەکانی هاوچەرخێتی و نوێخوازی ڕەهەندی گرنگی ژیانی فەرهەنگی شاعیرن بە تایبەتیش کاتێک ئەفسانە و داستان و کلتوری خۆی بەکاردەهێنێت لە دەقەکانیدا.

من دوانم دوان
یه‌كێكیان
شاعیرێكی سه‌ركێشه‌ و
دووه‌میان منداڵێكه‌
یاری ده‌كا به‌وشه‌كان...!

لەتیف هەڵمەت لە ئەزمونی شیعریی خۆیدا زۆر جار ئەمانەی بەکارهێناوە و گیانێکی هاوچەرخانەی پێبەخشیوە بە تەکنیکێکی نوێوە کە لە خزمەت دەقە شیعرییەکەیدا بووە نەک هەر تەنها مەبەستەکە بەکارهێنان لە پێناوی بەکارهێناندا بێت. هەر بۆیە کاتێک ئەم جۆرە دەقانەی هەڵمەتی شاعیر دەخوێنینەوە هەست بە شۆڕشێکی فەرهەنگی دەکرێت لە پێناو هاوچەرخیبووندا، شۆڕشێک تایبەتمەندێتییەکانی شاعیری تیادا پارێزراوە.

نه‌وت پرچی درێژی كچێكه‌
پادشاكان كڕنووشی بۆ ده‌به‌ن...!

ئەگەرچی نوسینی شیعر تەواو جیاوازە لە نوسینی ڕۆمان و چیرۆک و ژانرە فەرهەنگییەکانی تر، بەڵام دەکرێت چیرۆکێک یان ڕۆمانێک بە هەناسەکانی زمانی شیعر بنوسرێن وەلێ شیعر هەرگیز بە زمانی ژانرەکانی تر نانوسرێت چونکە دەشێت بە زیانێکی گەورە بۆ جوانکاری دەقە شیعریەکان بشکێتەوە و کاریگەرییەکی نەرێنیشی هەبێت بەسەر زیندوێتی ئەو دەقە شیعریەوەی دەخوازێت نەبێتە خاونی ناسنامەی مێژوویی یان جوگرافی یانیش سیاسی.

ئایا (لەتیف هەڵمەت) هەر سورە لەسەر ئەوەی هێشتاش ئیمپراتۆری شیعری کوردییە؟

ئایا نوێخوازی لە شیعردا چەندێک یارمەتیدەری (لەتیف هەڵمەت) بووە بۆ درێژەدان بە یاخیبوون؟

ئایا ڕۆمان دەتوانێت جێی شیعر بگرێتەوە لە فەرهەنگی کوردیدا؟

ئایا مەرجە هەر دەقێک بە شێوازێکی ئاڵۆز نوسرابێت وەک نیشانەیەک لێی بڕوانرێت بۆ پاشخانی ڕۆشنبیری؟

ئایا ڕەتکردنەوەی شاعیرەکانی پێشوو بە تایبەتیش کلاسیکیەکان، هەنگاوێکە بەرەو نوێخوازی؟

بۆچی لە ئێستادا هەر هیچ نەبێت (ژمارەیەک لە شاعیرەکان) زمان فەرامۆش دەکەن؟

(لەتیف هەڵمەت) لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

XS
SM
MD
LG