Accessibility links

مەلا بەختیار: ڕەنگە کوردەکان تاوتوێی دواخستنی ڕیفراندۆمەکە بکەن لەبەرامبەر سازش کردنی بەغدا


ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی باڵای کوردەکانەوە ڕایگەیاندووە کە ڕەنگە کوردەکانی عێراق تاوتوێێ شیانی دواخستنی ڕیفراندۆمی 25 ی مانگی 9 بۆ سەربەخۆیی بکەن لە بەرامبەر ئەوەی حکومەتی ناوەندی بەغدا سازشی دارایی و سیاسیان بۆ بکات.

مەلا بەختیار ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەڵێت شاندێکی کوردی کە ئێستادا لە بەغدایە باس لەو پێشنیازانەی ڕێبەرانی عێڕاقی دەکەن کە ڕەنگە کوردەکان قائیل بکات بۆ دواخستنی ڕیفراندۆمەکە.

وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و وڵاتانی تری ڕۆژئاوا ترسی ئەوەیان هەیە ئەو دەنگدانە ببێتە مایەی ناکۆکییەکی نوێ لەگەڵ بەغداو ڕەنگە وڵاتانی تری ناوچەکەش و سەرنج لەسەر شەڕی دژ بە داعش لە عێراق و سوریا لابدات.

نزیکەی دە ڕۆژ لەمەوبەر وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕیکس تیلەرسن بە فەرمی داوای لە مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێڕاق کرد کە ئەو ڕیفراندۆمە دوابخات.

مەلا بەختیار لە وتووێژەکەیدا لەگەڵ ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرزدا دەڵێت ئایە بەغدا دەتوانێت چ شتێک پێشکەش بە هەرێمی کوردستان بکات ، ئەو دەڵێت لەڕووی ئابورییەوە بەغدا پێویستە ئامادە بێت یارمەتی کوردەکان بدات بۆ زاڵ بوون بەسەر ئەو قەیرانە ئابورییەی کە ڕوویتێکردوون و قەرزەکانیشیان بداتەوە کە لەلای حکومەتە.

ئەو گوتی ئەو قەرزانە نزیکەی 10 بۆ 12 ملیار دۆلار دەبن کە ئەندازەی بودجەی ساڵێکی هەرێمی کوردستانە، حکومەتی ناوەندی قەرزارە بە فەرمانبەران، قۆنتراتچییەکان و پێشمەرگە کە چەندین مانگە موچەکەیان بە تەواوەتی وەرنەگرتووە.

سەبارەت بە لایەنی سیاسیش پێویستە بەغدا قایل بێت بەوەی مەسەلەی ناوچە کێشە لەسەرەکان چارەسەر بکات وەکو شاری کەرکوکی دەوڵەمەند بە نەوت، کە نەتەوەی تری وەکو عەرەب و تورکومانیشی لێ دەژێت.

ئەو گوتی ئەگەر ئەمانە جێبەجێ بکرێت ئەجا ڕەنگە شاندە کوردەکە پێشنیازەکە بخاتە بەردەم لایەنە سیاسییە کوردییەکان بۆ تاوتوێکردنی دواخستنی ڕیفراندۆم ئەگەر لە بەرژەوەندیاندا بێت.

مەلا بەختیار گوتیشی " ئێمە دواخستنی ئەو ڕیفراندۆمە بەبێ هیچ شتێک و دانانی کاتێکی تری دیاری کراو دوا ناخەین."

XS
SM
MD
LG