Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: تێرۆریستان و ڕاکێشانی خەڵک

  • Balen Salih

لە عێراق و لە سوریاشدا ڕێکخراوە تێرۆریستیەکەی دەوڵەتی ئیسلامی ڕوو لە تێکشکانێکی لەشکریانەیە و ڕۆژ بە ڕۆژ شوێنی زیاتری ئەو ناوچانە لە دەست دەدات کە پێشتر لەو دوو وڵاتەدا داگیری کردبوون و دەوڵەتی خەلافەتی تیادا ڕاگەیاند.

داعش و ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی تریش هەموو میتۆدێک بەکاردەهێنن بۆ گەیشتن بە ئامانجە خوێناویەکانیان بەبێ گوێدانە هیچ پرەنسیپێکی مرۆڤانە.

هەر کەسێک دەستی چەک بگرێت پڕ چەکی دەکەن، هەر کەسێک توانای کاری وێرانکاری هەبێت بەکاریدەهێنن، هەر کەسێک چێژ لە خوێنڕشتن ببینێت لای توندڕەوانی تێرۆریست لە ڕیزی پێشەوەیە، هەر کەسێک بڕوای بە ژیان نەمێنێت، ئەمان بۆ کاری ترسناک و تۆقێنەر گۆشی دەکەن، هەر کەسێک نەخوێندەوارانە لە ئاین بڕوانێت و توانای ڕاڤەکردنی بابەتیانەی ئاینی نەبێت دەکرێتە ئیماندارە موجاهیدەکەی تێرۆریستان.

دەشێت وەها لە بەهاری عەرەب بڕوانرێت کە هەوڵێک بوو بۆ نەهێشتنی ڕژێمە دیکتاتۆر و سەرکوتکارەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئافریکا، بەڵام ناکرێت نکوڵیش لەو ڕاستییە بکرێت ئەم بەهارە عەرەبییە وەک چاودێر دەڵێن بووە هۆکاری دەرکەوتنی زیاتری توندڕەوان، وەک ئەوەی لە میسر و سوریا و لیبیادا دەبینرێن.

میوانی بەرنامە:

ئارام قەفتان، نوسەری سیاسی و کۆمەڵایەتی

ڕەوشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بە گشتی یەکێکە لەو فاکتەرانەی ناکرێت بە هێند وەرنەگیرێت کاتێک باس لەم گرفتە دەکرێت، لە ڕوانگەکانی خراپی فەرمانڕەوایەتیکردن و گەندەڵی و ئاڵۆزییە داراییەکان و هەژاری و نەبوونی دەرفەتی یەکسان و نەخوێندەواری و بۆشاییەکانی نێوان دەسەڵات و خەڵک و هتد.

لەگەڵ پەرەسەندنەکانی تێرۆریزمدا هەمیشە ئەو پرسیارە دێتە پێش لە کاتێکدا تێرۆریستان بێ لە خوێن و وێرانکاری هیچی تریان بۆ کۆمەڵگە پێ نییە، ئەی چۆنە توانیویانە درێژە بە کارە تۆقێنەرەکانیان بدەن؟

دەشێت هۆکارەکانی پەیوەندیکردن بەو ڕێکخراوانەوە جیاوازبن و ڕێژەی هۆکارەکانیش جیاواز بن. هەندێک گرفتی ئابووری پاڵنەریانە، هەندێک دۆسێی ئاین، هەندێکیش دەشێت گرفت و کێشەی کۆمەڵایەتییان هەبێت، هەندێکیش هەن بە ناچاری و بە زۆرەملێ خزێندراونەتە ناو ڕیزەکانی ئەو ڕێکخراوە تێرۆریستیانەوە.

بۆچی خەڵک و گەنج بە تایبەتی دەچنە نێو ڕێکخراوە توندڕەو و تێرۆریستییەکانەوە؟

ئایا ئاین هۆکارێکە بۆ ڕاکێشانی گەنج بۆ ناو ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان، یان دەشێت بکرێتە هۆیەک بۆ دوورخستنەوەی گەنج لە ڕادیکاڵیزم؟

ئایا تەکنەلۆژیا و بە تایبەتیش تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان (سۆشیال میدیا)چ ڕۆڵێکیان هەیە لە پرۆسەی چەواشەکردنی گەنجدا؟

ئارام قەفتان، نوسەری سیاسی و کۆمەڵایەتی لە بەرنامەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

XS
SM
MD
LG