Accessibility links

دەشێت وشەکان هێندەی ڕەنگەکان نەتوانن لە دەوری خۆیان کۆمان بکەنەوە، بەڵام ئەو هونەرەی ڕەنگ دەینوسێتەوە، و بۆ تێگەیشتن لێی پێویستە ڕەنگ بخوێنینەوە هێشتا نەگەیشتۆتە ئەوەی لە ژیانی زۆربەدا ئامادەیی هەبێت.

چونکە لێکۆڵینەوەیەکی زانستیانە لە ئارادا نییە هەر بۆیە نازانرێت ئایا کورتی تەمەنی هونەری شێوەکاری لە کۆمەڵگەی کوردیدا هۆکارە بۆ نەبوونی ئەو ئامادەییە یان نا، لە دەمێکدا هونەرمەندانی شێوەکاری کورد لە قۆناغە جیاجیاکانی کارکردنی هونەرییاندا توانیویانە بوونی خۆیان بسەلمێنن.

وەک زۆر جار هونەرمەندان باسی دەکەن دەشێت ئەم دۆسێیە پەیوەندیشی هەبێت بە بینەرەوە واتە کەمی ژمارەی ئەو بینەرانەی سەردانی پێشانگا شێوەکارییەکان دەکەن، لەوانەشە ئەمەشیان پەیوەندی هەبێت بە کەمی ڕۆشنبیری سەبارەت بە مێژوو و قۆناغەکان و ڕێبازەکانی هونەری شێوەکاری.

ژانرە فەرهەنگییەکان بەگشتی لەسەر بنەمای ڕۆشنبیریەکان کار دەکەن و لە ڕەهەندە جیاوازەکانیشەوە خوێندنەوە بۆ شتەکان دەکەن.

زۆرێک لە لێکۆڵەرەوە دەڵێن پەیوەندییەکانی نێوان هونەر و ڕۆشنبیری ئێجگار تۆکمەن بەشێوەیەک دابڕان لە هەر کامێکیاندا ببێت کاریگەری نەرێنی دەنێتەوە بەسەر داهێنان و ئەفراندنەوە، ئەم کاریگەرییە نەرێنییە بە ئەندازەیەکە یەک بێ ئەوی تریان ناتوانێت هەنگاو بنێت.

ڕەنگەکان بیرمان پێدەکەنەوە، دەمانبەنەوە بۆ سروشت، چیرۆکەکانی منداڵی و نەوجەوانی و پیریمان بۆ دەگێڕنەوە، ڕێگەمان نیشان دەدەن، دەمانخەنە بەردەم پرسیارە زیندووەکانەوە.

دەستبردن بۆ ڕەنگەکان و بەکارهێنانیان لە تابلۆیەکدا لای هونەرمەند (کاڵێ) دەکرێت بڵێم گیانبازییەکە لە گەشتێکدا کە هەست و هزر پێکیدەهێنن و سەفەرێکە بۆ ژێر ئاسمانی نیشتمانێک، ئەو نیشتمانەی جێی خەون و خواستەکانی ئەم هونەرمەندەی تیادا نەبووەوە.
کاڵێ دێت و بە تابلۆکانی سنورەکانی ئەو نیشتمانە فراوان دەکات و شوناسێکی ڕەنگاڵەیی و تژی لە خەونی منداڵی پێدەبەخشێت.

کاتێک لەگەڵ تابلۆیەکی ئەم هونەرمەندەماندا بەریەککەوتن دروست دەبێت هەست بە سادەیی لە کارکردندا دەکەیت، سادەیی لە پێناو ڕاستگۆیی لە دەربڕیندا، لە پێناو بەخشندەیی تابلۆ و ئاشتکردنەوەی سنورەکان لە ژێر سایەی خەیاڵ و ڕامان و وردبوونەوەیەکی ئێجگار فراواندا.

تابلۆکانی کاڵێ وەک ڕەنگ کردنی خەیاڵن، لە هەر دەروازەیەکیەوە بچیتە ناویانەوە بە چاوی خۆت، خەمبارییەکی پەنهانی دوێنێ و گەشبینییەکی لێوان لێو لە خواست دەکەونە ئاخاوتن و ڕاڤەکردنی پەیوەندی ڕەنگەکان.

سروشت بەشێکی گرنگ و دانەبڕاوی تابلۆکانی (کاڵێ)یە و پێدەچێت هونەرمەند بخوازێت لە جەجاڵییەکان و قەڕەباڵغییە بێ مانا و ڕاکردنە بێ ئەنجامەکانی ژیان بمانگوێزێتەوە ئەو شوێنانەی ئاسودەیی و ئارامی و هێوری و هێمنی بە گیانی مرۆڤ دەبەخشن، ئەو شوێنانەش تەنها لەو سروشتەدا بوونیان هەن کە هونەرمەندانی وەک کاڵێ دەیدۆزنەوە.

ئایا هونەری شێوەکاری چەندێک توانیویەتی خوێندنەوەیەکی جیاواز بکات بۆ ئەو دیمەنانەی ڕۆژانە دەیبینین؟

ئایا هونەری شێوەکاری کوردی توانیویەتی ڕەنگدانەوەیەکی قوڵی دەربڕینی هزر و جوانییەکانی کۆمەڵگەی کوردی بێت؟

ئایا هونەری شێوەکاری کوردی توانیویەتی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کلتوردا بدۆزێتەوە؟

ئایا هونەری شێوەکاری کوردی ڕوانینی بۆ ئایندە هەیە، یان هەر لەسەر مێژووی خۆی دەژی؟

(کاڵێ) هونەرمەندی شێوەکار لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی (ژیان لە فەرهەنگدا) وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

XS
SM
MD
LG