Accessibility links

دکتۆر یومنا ئەلحوماقی: پڕچەک کردنی وڵاتانی عەرەب گرنگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران


بۆ زۆرێک لە چاودێر ئەم سەردانەی سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگە لەو ڕوانگەیەوەی تێرۆر دوژمنی هابەشی ڕۆژئاوا و جیهانی ئیسلامی و عەرەبە.

دانۆڵد ترامپ لە وتارەکەیدا لە عەرەبستانی سعودیە ئاماژەی بەوەکرد کە زیاتر لەسەدا نەوەتی قوربانییەکانی تێرۆریزم لە موسڵمانانن.

دکتۆر یومنا ئەلحوماقی، پسپۆڕی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی قاهیرە لە وڵاتی میسر دەڵێت ئەم سەردانەی ترامپ لە کاتی گەیشتنی تێرۆرە بە زۆرێک لە شوێنەکانی جیهان و بە سەردانێکی گرنگیش ناودێری دەکات و دەشڵێت گرنگترین بەرەنجامی ئەو سەردانەش ڕێککەوتن بووە لەسەر چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی تێرۆریزم و ڕۆڵی وڵاتانی عەرەب لە دژایەتیکردنی تێرۆریزمدا و هەروەهاش چۆنییەتی هێنانە ئارای هاوڕایی لەسەر ئەو دۆسێیانەی پەیوەندییان بە سەقامگیری ناوچەکەوە هەیە.

ئەو دۆسێیانەی کاریگەری نەرێنییان لەسەر ناوچەکە هەن، بریتین لە شەڕی ناوخۆی سوریا، قەیرانی سیاسی و ئاسایشی عێراق، شەڕە خوێناویەکانی یەمەن و چەندان دۆسێی تریش کە لە هەموویاندا کۆماری ئیسلامی ئێران لایەنی هاوبەشە.

دکتۆر یومنا دەڵێت ئێران بەردەوام لە لای خۆیەوە هەوڵی ئاشوبی داوە لە ناوچەکەدا و دەشڵێت هەر بۆیە پڕ چەک کردنی وڵاتانی عەرەبی گرنگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران.

هێشتا ئاشکرا نییە ئایا پاش وتارەکەی سەرۆک ترامپ، لە هەردوو جیهانی ئیسلامی و عەرەبیشدا هاوڕاییەک دێتە ئاراوە لەسەر بەرەنگاربوونەوە و لەناوبردنی تێرۆریزم، لە کاتێکدا پێناسەیەکی هاوبەش نییە لە نێوانیاندا بۆ تێرۆریزم.

دکتۆر یومنا ئەلحوماقی هیوا دەخوازێت ئەم سەردانەی دانۆڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ ناوچەکە لە چوارچێوەی هاوکاری هاوبەشدا بێت نەک فرماندان بێت بە وڵاتانی عەرەب سەبارەت بەوەی چی بکەن یان نەیکەن.

ئێستاش پرسیارەکە لەوەدایە ئایا ناکۆکییەکانی نێوان وڵاتانی عەرەب دەرفەتێک دەڕەخسێنن تا ئەو وڵاتانە بتوانن ببنە خاوەنی بڕیار؟!

لەسەر بنچینەی وتووێژەکەی لەگەڵ دکتۆر یومنا ئەلحوماقی، بەڵێن ساڵح ڕاپۆرتێکی ئامادە کردووە.

زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:58 0:00

XS
SM
MD
LG