Accessibility links

بۆ پێکهێنانی جیهانێکی نوێ لە شیعردا دوورکەوتنەوە لە هەموو سنوردانانێک بۆ تواناییەکانی دەربڕین کۆڵەکە بەهێزەکەیە.

شیعر وەک هەر ژانرێکی فەرهەنگی خاوەنی دنیایەکی تایبەت بەخۆیەتی و زانستی تایبەتی خۆیی هەیە بۆ شرۆڤەکردن، کە فەلسەفە و فەرهەنگ و ئەفسانە و خەیاڵ و ڕوانین و دەنگ و تێگەیشتن و چەندان ڕەهەندی تریش ئامادەییان هەیە تیایدا.

ئەو کاتەی گوێمان لە دەنگی شیعرێکی ڕەسەن دەبێت، ناتوانین ڕوو لەو دەنگە وەربگێڕین و لەناو وشەکاندا قاڵ نەبینەوە و بیر لە وێنەکان نەکەینەوە.

"شەوێكم.....بۆ دانەگیرسا
بەیانیەكم....بۆ ژیر نەكرایەوە
ئێوارەیەكم بۆ هەڵنەكرا
قۆڵم بۆ نەكرا بە قۆڵی....بارانێكی ڕووتا"

دەمێکە دەگوترێت شیعرەکان لە ویژدان و ئاگاهی و مێژووەوە دێنە بوون و هەر لەوێشەوە خوێنەری ڕاستەقینە و ڕژد دەکەوێتە ڕامان لە دەقە زیندووەکان.

شیعر وەک ژانرێکی فەرهەنگی لێوانلێوە لە ژیان و بزاوتن، بەڵام لەوانەیە قورسترین شتێک لە مێژووی شیعردا پێناسەکردن یان گەڕان بەشوێن پێناسەی شیعردا بێت، کە دەشێت سەراپا تەمەنی شاعیر بەس نەبێت بۆ دۆزینەوەی ئەو پێناسەیە. هەندێک لەو بڕوایەدان پێناسەکردنی شیعر وەک زیندانی کردنی خەیاڵ و پەڕوباڵکردنی شیعر و بچوککردنەوەی پانتاییەکانی جوانکاری بن.

"دەبێ بڕۆم
ئەمجارەیان...جانتا لەگەڵ خۆم نابەم
نایەڵم...بەیانی زوو
كەسێك ...خەبەری بێتە وە و...خوا حافیزیم
لێ بكات
نایەڵم شۆفێری پاسەكە...حوزنی
سەر دەموو چاوم ببینێت
لای كەسێكە وە دانانیشم...كراسی ڕەنگاو ڕەنگی...لەبەردابێت"

(حەکیم میرزا) ئەو شاعیرەیە بەردەوام یاخییە، هەمیشە نیگەران و لە دڵەڕاوکێدا دەژی، نیگەرانی و دڵەڕاوکێ بۆ ژیانی شیعر، لەو ڕوانگەیەوەی دەخوازێت لە ڕێی ژیانەوە لە سنورە پەنهانەکانی مەرگ تێبگات، بە ڕامان لە ڕووناکی ماناکانی تاریکی بزانێت، لە ڕێی ڕۆچوونە ناو گریانەوە باس لە پێکەنین بکات، ئەم شاعیرەمان دەخوازێت لە بوونەوە پێناسەی نەبوون بدۆزێتەوە و لە نەبوونیشەوە جوانییەکانی بوونمان پێبناسێنێت.

"ئەوكاتەی كە من دیار نامێنم
تۆ ئازاد دەبی
هێلانەی ئەو چۆلەكانە دەڕوخێنی
كە من لە گەڵای شیعرو
فرمێسكی چرا بۆم دروست كردبوون و
لقی ئەو باوەشانە دەشكێنیتەوە
كە لەبەر دەرگاكە بۆم كردبوونە جۆلانەو
شەوانە لەسەری دەنوستن
كە من ڕۆشتم
چەكمەجەی مەكتەبەكەم دەكەیتەوەو
شیعرەكانم
دەردەهێنیت و
یەكە یەكە بڵاویان دەكەیتەوە
هەر شەوەی یەكێكیان دەسوتێنی
دوایش سوتووەكەی
دەدەی بەدەم باوە"

ئەمە بەشیکی دەقی {دوای مردنم} ی حەکیم میرزایە، کە (ئەحمەد ڕەزای) شاعیر و نوسەر بەم شێوەیە باسی دەکات "وێناکردنی مەرگ لای میرزا وێنایەکی راستەقینە نییە بۆ مردن، هەرچەند کۆی گوتارەکە لە ڕەواڵەتدا خۆبەدەستەوەدانەو وێناکردنەوەیە لە نەبوون "عدم'ەوە. بونیادی دەق لەسەر پایەکانی مردن داڕێژراوە، کە لە بنەڕەتدا خۆی لە شێوەی وەسێتنامەیەکدا ئەبینێتەوە، نەک لێگەڕان لە ژیان.. ئەو کۆدانەی لە دەقی میرزادا بەدی ئەکرێ، کۆدگەلێکن بەرەو کرانەوەو ئازادی، لەبەرئەوە ناشێ والێکی بدینەوە کە میرزا بیەوێت دەست بەسەر دیزاینی ژیانی ئەویتردا بگرێت و خۆی نەخشەڕێی ژیانی دوای ئەوی بکێشێ، ئەم پارادۆکسە، تەنها لێکدانەوەیەک بۆ وەرگر ئەهێڵێتەوە، ئەویش وێنانەکردنی ئەسڵی مردنە، بەڵکو تێڕامانێکی سەرەتاییە لە نائامادەیی خۆیدا، ئەو پێی وائەبێ، کە ڕەنگە بەمجۆرە بگوزەرێ، وەک ئەوەی دوای مردنی زۆرێکی تر، ئەو ئەگەرانە کراوەترن."

وێنا کردنەکانی دژەبەرەکانی وەک ژیان و مردن، تاریکی و ڕوناکی،گریان و پێکەنین، بوون و نەبوون لای ئەم شاعیرەمان لە کوێدایە؟
ئایا (حەکیم میرزا) لە شیعرەکانیدا خۆی دەنوسێتەوە یان ئێمە؟
ئایا مەرجە شیعر ببێت یان بکرێتە خاوەنی شوناسێکی نەتەوەییانە؟
ئایا خوێنەر دەتوانێت بڕیاردەر بێت لە هەڵسەنگاندنی دەقێکی شیعریدا؟

(حەکیم میرزا) ی شاعیر لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی (ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

XS
SM
MD
LG