Accessibility links

ئەوەی کە نکوڵی لێناکرێت هەمیشە ڕژێمە سەرکوتکارەکان دژی ئەو میدیایە وەستاونەتەوە کە باسیان لە ڕاستی و دیموکراسی و مافی مرۆڤ و مافە سیڤیلیەکانی تاکە کەس کردووە.

ئەو جۆرە ڕژێمانە هەمیشە چەپۆکی توندی خۆیان کێشاوە بەسەر ئەو ڕۆژنامەوانانەی ویستویان هەق بێژ بن و زمانی ڕۆژنامەوانی خۆیان بۆ ڕەخنەگرتن لە دەسەڵاتداران بەکاربهێنن.

لە سایەی دەسەڵاتدارێتی ئەو جۆرە سیستەمە سەرکوتکارانەدا بەردەوام دەسەڵاتداران بە بەرپرسیاری یەکەم دەزانرێن لەسەر پێشێلکاری و توندوتیژیەکانی بەرامبەر ڕۆژنامەوانان دەکرێن، بەڵام وەک بارێکی باویش ئەو جۆرە دەسەڵاتدارانە نکوڵی لە ڕەفتارە بە بەرنامەکانی خۆیان دەکەن کە بەرامبەر میدیا و بە تایبەتیش میدیای ئازاد و ڕۆژنامەوانی سەربەخۆ دەیکەن.

لە وڵاتە دیموکراسییەکانیشدا بە دوور نازانرێت بەریەککەوتن و پێکدادانیش لە نێوان میدیا و کاربەدەستانی وڵاتدا ڕووبدەن بەڵام ئەو ناکۆکییە لە هەر ئاستێکدا بێت ناگاتە ڕادەیەک ڕۆژنامەوانی لەسەر بکوژرێت یان هەر جۆرە توندوتیژیەکی بەرامبەر بکرێت، هاوشێوەی ئەوەی لە سیستەمە سەرکوتکارەکاندا ڕوودەدەن؛ ڕۆژنامەوان دەکوژرێن و سیناریۆ ئامادەکراوەکان دەخرێنە کار بۆ بە لاڕێدا بردنی سەرنجەکان لەسەر دۆسێ ڕاستەقینەکە کە بریتیە لە بڕیار و کردەی کوژرانی ڕۆژنامەوان.

لە هەرێمی کوردستانی عێراق ( تەنها ناوچەیەکی کوردنشین کە کورد خۆی فەرمانڕەوای خۆیەتی) ساڵانە دەیان و بگرە سەدان پێشێلکاری بەرامبەر ڕۆژنامەوانان دەکرێن و بە تایبەتیش بەرامبەر ئەوانەی لە میدیا حیزبی و میدیا سێبەرەکانی حیزبدا کارناکەن.

لە هەرێمی کوردستان یاسایەک هەیە بە ناوی یاسای ڕۆژنامەنوسی، لەم یاسایەدا دەستگیرکردنی ڕۆژنامەوانی تیادا نییە، وەلێ کوشتن و پێشێلکاریەکان بەرامبەر میدیاکاران بەردەوامن و وەک باسیش دەکرێت زۆرێک لە دادگاکان هێشتاش یاسا کۆنەکانی سەروەختی ڕژێمە دیکتاتۆرییەکەی سەدام حوسەین لە بەرامبەر ڕۆژنامەواناندا بەکاردەهێنن.

پێشێلکارییەکان بەرامبەر ڕۆژنامەوانان و بەرتەسک کردنەوەی ڕووبەری ئازادیەکان، بیانو هێنانەوە بۆ هەر کارێکی بە بەرنامەی دەسەڵاتداران دژی ڕۆژنامەوانان لە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکاندا هیچ مانایەک لە خۆ ناگرێت تەنها ئەوەندە نەبێت کە دەسەڵاتدار ناخوازێت ئەندامانی کۆمەڵگەکەی بیر بکەنەوە و ناشخوازن ئاگاداری ئەو دۆسێیانە بن کە پەیوەندییان بە ژیانی ڕۆژانەیانەوە هەیە.

ئەگەر ڕەوشی میدیا لە هەر کۆمەڵگەیەکدا، بە ڕەوشێکی خراپ باسکرا، ئەوا یانی تەواوی پرۆسەی دیموکراسی و ئازادییەکانی مرۆڤ و ئازادییەکانی ڕا دەربڕین و بیرکردنەوە دەکەونە ژێر باری پرسیار و گومانێکی زۆرەوە.

ئەگەر پێشتر میدیا تەنها لە چەند ڕۆژنامە و گۆڤار و تەلەفزیۆن و ڕادیۆیەکدا دەبینرا، ئەوا ئەمڕۆ لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیادا و هاتنە ئاری تۆڕەکانی سۆشیال میدیادا پانتاییەکانی دەربڕین زۆر فراوانتر بوون لەو جاران، ئەمە بێ لەوەی تۆڕەکانی سۆشیال میدیا کۆتایی بە سانسۆر هێناوە.

بەڵام ئایا نەمانی سانسۆر بە مانای فراوان کردنی سنورەکانی ئازادییە؟ ئایا بە مانای هەر هیچ نەبێت کەمکردنەوەی سەرکوتکردنەکانی لایەنی دەسەڵاتە؟

بە ڕای زۆرێک لە چاودێر، ئەگەر پەرەسەندنێک هەبێت لە بواری دیموکراسی لە هەرێمی کوردستاندا، بەشە شێرەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕۆڵە گرنگەی ئەو میدیایەی بە میدیای ئازاد ناودێرکراوە، واتە ئەو میدیایەی سنورەکانی میدیای حیزبییان شکاند و بووە خاوەنی بیرکردنەوە و بەرنامەڕێژی خۆی و ڕێگەی نەدا چیی دی حیزب لە بری هەمووان بیربکاتەوە.

ئایا میدیا لە هەرێمی کوردستانی عێراق تێگەیشتنی هەیە بۆ دەسەڵات و بە هەمان شێوەش، ئایا دەسەڵات لە میدیا تێگەیشتووە؟

بۆچی تا ئێستا لایەنی دەسەڵات زانیارییەکان وەکو یەک نادات بە میدیاکان؟

ئایا لایەنی دەسەڵات لە هەرێم زەمینەی بۆ ڕاگەیاندنی ئازاد و هەروەهاش ئازادی ڕاگەیاندن ڕەخساندووە؟

ئایا پێشیلکردنی ئازادییەکانی ڕۆژنامەوانی و توندوتیژییەکان بەرامبەر ڕۆژنامەوانان کارێکی بە بەرنامەی دەسەڵاتەکانە؟

(نیاز عەبدوڵا) نوسەر و ڕۆژنامەوان لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی (ژیان لە فەرهەنگدا)وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

XS
SM
MD
LG