Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: ئێران لە پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و جیهانیشدا


بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک دانۆڵد ترامپ لەبەردەم دەستەی کارگێڕی دەزگای نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی پەیمانی گرتنەبەری ڕێوشوێنی توند دەدات لەسەر ئەو کۆتوبەندکردنەی سەپێندراونەتە سەر جموجۆڵە ناوکییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەوپێیەی لە ڕێککەوتنە ناوکییەکەدا هاتووە، بەڵام ئاماژەیەکی ئەوتۆی نەداوە سەبارەت بەوەی ئایا ئەو ڕێوشوێنانە چی دەبن.

پێشتر سەرۆکی ئەمریکا لە پاش تاقیکردنەوە موشەکییەکەی تاران وتبووی "ئێران یاری بە ئاگر دەکات" وە وەزیری بەرگری ئەمریکاش جەخت دەکاتەوە لەوەی "تاران گەورەترین پشتیوانی تێرۆریزمە."

ئەم ڕاگەیاندنانە لە دەمێکدان هێشتاش بە چاوی گومانەوە لە بەرنامە ناوکییەکەی ئێران دەڕوانرێت بە تایبەتیش لەلایەن کۆمارییەکان لە ئەمریکادا کە ئێستا کۆشکی سپییان بە دەستەوەیە و لە کۆنگرێسی ئەمریکاشدا زۆرینەن.

بەردەوام جموجۆڵەکانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێی نیگەرانی بوون هەم لە ناوچەکەدا و هەمیش لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی، هەر بۆیەشە هەمیشە هەوڵەکان لە ئارادابوون بۆ سنوردارکردنی ئەو جموجۆڵانەی تاران کە لەسەر بنچینەکانی پاوانخوازی سیاسی و شیعەگەراییە بۆ دروستکردنی مانگی یەک شەوەی شیعە.

ئێستا هەندێک لەوبڕوایەدان ئێران تا ئەندازەیەک ئەو هێڵکارییەی دروست کردووە و تاران، بەغدا، دیمەشق و بەهۆی حزبوڵای لوبنانیشەوە لە بەیروت ئامادەییەکی زۆری هەیە، بەمەش دەستی ئێران گەیشتۆتە سنوری ئیسرائیل.

میوانی بەرنامە:
ناسر باباخانی، نوسەر و لێکۆڵەر

زۆرێک لە چاودێر لەوبڕوایەدان دروستبوونی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکەی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) کە تا سەر ئێسقان دژی شیعە و شیعەگەراییە، بۆتە دەرفەتێکی گەورە بۆ تاران تا بە بیانوو و بەهانەی جۆراوجۆرەوە پێگەی خۆی لە عێراق و لە سوریاشدا تۆکمە بکات و بشچێتە یەک بەرەوە لەگەڵ ڕوسیادا بۆ پاڵپشتی کردنی مانەوەی ڕژێمەکەی بەشار ئەلئەسەد لە سوریا کە بەرپرسیارە لە کوژرانی سەدان هەزار کەس لە قەیرانی 5 ساڵی ڕابردووی ئەم وڵاتە بە شەڕ وێرانبووەدا.
ئەم ڕەوشە نا جێگیرەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئێرانی کردە ئەو هێزەی کارتی فشارەکانی دەستی زیاتر و بەهێزتر بن.

لەگەڵ هەموو ئەو جیاوازیانەی لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا هەن، بەڵام داعش وەک دوژمنێکی ترسناک بۆتە پرسی هاوبەش لە نێوانیاندا، پرسی هاوبەش بە مانای دوژمنی هاوبەش، وەلێ هێشتا ڕەهەندەکانی ئەو دوژمنە هاوبەشە بە تەواوەتی دیارنییە ئایا ئەو ڕەهەندە وەها دەکات دوژمنی دوژمن بە دۆست بزانرێت یان نا؟

ئایا کێشەی ئەمریکا لەگەڵ ئێران هەر تەنها بەرنامە ناوکییەکەی تارانە؟

ئایا بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتە پاوانخوازییەکانی ئێران دەگاتە ئاستی شەڕ؟

ئایا ئۆپزسیۆنی ئێرانی بەو هەموو دید و بۆچوونە جیاوازانەی ناویەوە دەتوانێت ببێتە خاوەن بەرنامەیەکی نوێ بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکادا؟

ئایا ئۆپزسیۆنی کورد لە ڕۆژهەڵات دەتوانێت ستراتیژیەتی خۆی لەگەڵ هەلومەرجی نوێدا ڕێکبخات؟

(ناسر باباخانی) نوسەر و لێکۆڵەر لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی (لەگەڵ ڕووداوەکاندا) وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:25:42 0:00

XS
SM
MD
LG