کاربەدەستێکی نەخۆشخانە لە ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند فڕۆکەوانێکی هێزی ئاسمانی سوریا کە فڕۆکەکەی کەوتە ناو خاکی تورکیاوە لەلایەن تیمەکانی بەهاناچوونی تورکیا دۆزرایەوەو لە نەخۆشخانە چارەسەری بۆ کرا.
ئاژانسی دەنگوباسی تورکیا دۆغان دەڵێت ئەو فڕۆکەوانەی کە ڕۆژی شەممە فڕۆکەکەی کەوتەخوارەوە نزیەکی 40 کیلۆمەتر دوور لە پارچەی فڕۆکەکە دۆزرایەوە. سەرەتا برا بۆ بنکەی جەندرمە پاشان بۆ نەخۆشخانە.
ئەو کاربەدەستەی نەخۆشخانەکە هیچ وردەکارییەکی تری نەدا لەسەر ڕەوشی تەندروستی.
کەناڵی تەلەفیزیۆنی دەوڵەتی سوریا لە زاری سەرچاوەیەکی لەشکرییەوە ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند هێزی ئاسمانی سوریا پەیوەندی لەگەڵ یەکێک لە فڕۆکەوانەکانی بچڕاوە لە دەمێکدا لە جێبەجێکردنی ئەرکیدا بووە لە سنووری تورکیا. زانیاری زیاتری لەو بارەیەوە نەدا.
هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە نەدراوە ئایە هێرش کراوەتە سەری یان گرفتی تەکنیکی هەبووە.