Accessibility links

شاعیر بوون ئەرکێکی سانا نییە، بەڵکو هێندە قورسە کە کەم کەس توانای بەسەردا دەشکێت و هەر تەنها لەوەدا کۆنابێتەوە بتوانرێت لە کەمترین ژمارەی وشەدا وێنەیەکی شیعری بخرێتە بەر دیدی خوێنەر.

پرسیارگەلێکی زۆر لە سەر شیعری نەمر هەن، لەوانە پەیوەندییەکانی ئەفراندن بە جیهانی نوێ و خەون و بیرکردنەوە، سەربەخۆبوونی هەست و نەستەوە، کە هێشتا وەڵامێکی یەکلاکەرەوە نییە لەسەریان تا بتوانرێت شەن و کەوێک لەو دنیا بەرینە نوێیەدا بکرێت.

لە دێرزەمانەوە باس لە شۆڕشەکانی شیعر دەکرێت وەک بەشێک لە ئەرکەکانی و هەروەها خوێندنەوەش دەکرێت بۆ ئیشکردنی شیعر لەسەر ڕۆشنبیریی، کە دەکرێت بگوترێت ئەم دوو ئەرکە پێکەوە دەتوانن بارە باوەکان تێکبشکێنن و بیانکەن بە مێژوو لە ژیانی فەرهەنگیدا و بشبێتە بەشێکی دانەبڕاو لە هەست و نەستمان و بەردەوام لە ڕێی جوانییەکانی و لە ڕێی گوتارەکانیەوە بە ئاگامان بێنێت لە ژیاندا.

جارێکی تریش، وا جێت دەهێڵم،
ئەی نیشتمانی نانیشتمانم!
هێشتاش، بە گڕی ئەڤینی تۆوە،
شەختەی تاراوگە،
چۆڕ چۆڕ دەچۆڕێ،
لە جەستە و گیانم!

شیعر وەک هەموو ژانرە فەرهەنگییەکانی تر خاوەنی تایبەتمەندێتی خۆیەتی و دنیایەکی جیاوازی خۆیی هەیە کە لەسەر کۆڵەکەکانی زمان و وێناکردن و مانا بەخشین ڕاوەستاوە، هەر یەکێکیش لەمانە زانست و بابەتی بوونی خۆیانیان هەن. ناکرێت خوێندنەوەیەکی ورد بۆ شیعرێک بکرێت ئەگەر بێتوو ڕۆنەچینە هەر یەکێک لەو سێ کۆڵەکانە و ئامادەییان لە پێکهێنانی دەقدا نەزانرێت.

(پشکۆ نەجمەدین) لە شیعرەکانیدا دەخوازێت لە ڕێی ڕابردووەوە باسمان لە ئایندە بۆ بکات و لە خوێندنەوەی هەر دەقێکیشیدا زمان و وێناکردنەکان و ماناکان دەبنە چریکەیەکی پڕ لە سۆز و لە میهر و لە هەموو ڕەهەندەکانی فەرامۆشکردن دوورمان دەخاتەوە و ئەو چێژەی پێمان دەبەخشێت، ئارەزووی گەڕانمان زیاد دەکات بە ناو شیعرەکانی ئەم پیاوە میهرەبانەی لەگەڵ وەرگێڕانی هەر دێڕە شیعرێکی مەولانادا، قوڵپ دەدەدات و هەناسە سوار دەبێت لە پێناو شیعرێکدا کە هەست ناکەیت دەقێکی وەرگێڕدراوە.

لای پشکۆ نەجمەدین، هێندەی ئەوەی تا ئێستای شیعرەکانیم خوێندونەتەوە لە مەینەتییەکانی دوێنێیدا ژیانی ئەمڕۆ بەرهەم دەهێنێت و پڕی دەکات لەو ئازادییەی نەک هەر شاعیر خۆی بەڵکو شیعریش بە شوێنیدا دەگەڕێت.

ئەڵبەتە ئەمەش هەر تەنها بۆ (پشکۆ) نا، بەڵکو پێدەچێت بۆ زۆر شاعیری تریش وەهابێت کە پێویستە پەیوەندییەکی ئۆرگانی نێوان زمان و دەق هەبێت، واتە ئەو جۆرە پەیوەندییەی زمانی خودی شاعیر بەرهەم دەهێنێت، بەبێ گۆڕینی ڕەهەندەکانی مانای وشەکان. .

ئەگەر (مەولانا) ی گەورە نەبووایە، (پشکۆ نەجمەدین) چی دەکرد؟

ئایا ئەو ڕەگەز و توخم و بنەمایانە چین لای پشکۆ نەجمەدین دەبنە دەروازە بۆ پێناسەکردنی شیعر؟

ئایا ئەرکی شاعیر هەر تەنها نوسینەوە و گێڕانەوەی ڕووداوەکانە؟ یان داڕشتنی خەیاڵەکانە لەبەرگێکی لێوانلێو لە فەنتازیا؟

ئایا شیعری کوردی بە کۆن و نوێوە توانیویەتی چەمک و ڕەهەندەکانی دنیا ئاشکرا بکات؟

(پشکۆ نەجمەدین) نوسەر و شاعیر لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی (ژیان لە فەرهەنگدا) وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

XS
SM
MD
LG