Accessibility links

هەردوو کاندیدی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بەبێ وچان دوایـین هەوڵی خۆیان دەدەن


وا هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی 2016 ی ئەمەریکا بەرەو کۆتایی دەچێت و هەردوو کاندیدە سەرەکیـیەکە هێلەری کلنتن و دۆناڵد ترەمپ لە دوایـین ساتەکانی بانگەشەن بۆخۆیان تاوەکو بە پـۆستی سەرۆکایەتی وڵاتەکە بگەن.

دۆناڵد ترەمپ کاندیدی کۆماریـیەکان لە ویلایەتەکانی پەنسلڤانیا و میشیگن و نۆرث کارۆلاینا و فلۆریدا و نیو هامشەر دوایـین وتاری خۆی پـێشکەش دەکات. هاوکات هێلەری کلنتن کاندیدی دیموکراتەکان ئەویش سەردانی ویلایەتەکانی پەنسلڤانیا و میشیگن و نۆرث کارۆلاینا دەکات و لە چوار شار وتاری دەبێت.

ئەم پـێنج ویلایەتە لە نێو ئەو ویلایەتانەن کە پـێدەچێت ڕۆڵێـکی سەرەکیـیان هەبێت لە هەڵبژاردنی 45 هەمین سەرۆکی ئەمەریکا، ئەوەی لە 20 ی مانگی یەکی سـاڵی 2017 شوێنی سەرۆک براک ئۆباما دەگرێتەوە.

ناثان گۆنزالس شیکەرەوەی سیاسی بە دەنگی ئەمەریکای گوت هەرچەندە پـێشبڕکێـیەکی نزیک و ڕکابەرەیـیە، بەڵام هەمان شانسیان نیـیە و لە دوا کاژمێرەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکە ڕوونبووەتەوە کە زیاتر پـێدەچێت هێلەری کلنتن براوەبێت.

ڕاوەرگرتنە گشـتیـیەکان کە لەسەر بۆچوونی هاوڵاتیانی ئەمەریکایی ئەنجام دەدرێن، هێشتا نیشانی دەدەن شتێـک هێلەری کلنتن لە پـێش دۆناڵد ترەمپەوەیە، بەڵام دەبێت ئەوەش لەبەرچاو بگیرێت کە سەرۆک و جێگرەکەی لە لایەن ئەنجومەنی هەڵبژاردنی هەر 50 ویلایەتەکە و واشنتنی پایتەخت هەڵدەبژێردرێن.

کۆی گشتی ژمارەی ئەنجومەتی دەنگدان کە بە Electoral College ناسراوە لە 538 نوێنەر پـێکدێن. هەر کاندیدێک بۆ ئەوەی پـۆستی سەرۆکایەتی وڵات بگرێتەدەست پـێویستە بە لایەنی کەم 270 دەنگی ئەو ئەنجومەنە بباتەوە.

XS
SM
MD
LG