هێزەکانی حکومەتی سوریا ڕۆژی شەممە زیاتر چوونەتە قوڵایی شاری تەدمور ژێر دەسەڵاتی داعشەوە و دەستیان گرتۆتەوە بەسەر چەندین گەڕەکەی شارەکە.
ڕێکخراوەی چاودێری مافەکانی مرۆڤی سوریایی بنکە لە بەریتانیا ڕادەگەیەنێت هێرشی موشەک و تۆپباران بەردەوامە و دەڵێت هێرشی بۆمب ئاراستەی باڵەخانەکان دەکرێت و لە چەندین شوێنەوە دوکەڵ بەرزبۆتەوە.
ڕێکخراوەکە ئەم شەڕەی کە بۆ گرتنەوەی ئەو شارە دێرینە ئەنجام دەدرێت بە سەختترین شەڕی، هەڵمەتەکەی لەشکری سوریا و چەکدارە هاوپەیمانەکانی بە پشتیوانی هێزی زەمینی و ئاسمانی ڕوسیا، لەقەڵەم دەدات.
بە پێی ئەو ڕێکخراوە چاودێرییە شەڕ بۆ کۆنتڕۆڵ کردنەوەی تەدمور کە ئێستا پێی لە چوارەم هەفتەی ناوە گران بووە بۆ هێزەکانی حکومەت و هەر لە ڕۆژی شەممەدا بەلایەنی کەم 10 سەرباز کوژراون و بە پێی ڕاپۆرتان 18 ش لە ڕۆژی هەینیدا کوژرابوون.
تەدمور نازناوی بوکی بیابانی هەیە پێشتر ساڵانە سەرنجی دەیان هەزار گەشتیاری ڕادەکێشا.
لە مانگی 5 ی ساڵی 2015 داعش دەستی بەسەر ئەو شارەدا گرت و پاشان چەندین ئاسەواری کۆنی ئەو شارەی لەناوبرد.