Accessibility links

سەرۆک ئۆباما بڕیارە ئەمڕۆ چاوی بە سەرۆکی کوبا راول کاسترۆ بکەوێت


سەرۆک براک ئۆباما تەواوی یەکەم رۆژی سەردانە مێژوییەکەی بۆ کوبا ئەمڕۆ بۆ وتوێژکردنی روو بەڕوو لەگەڵ سەرۆکی کوبا راوڵ کاسترۆ بەسەر دەبات ، هاوکاتی ئەوەی هەردوو سەرۆک هەنگاو بەرەو کۆتایی هێنان بە پتر لە 50 ساڵ لە دوژمنایەتی نێوانیان دەنێن.

ئامەدەنەبوونی سەرۆکی کوبا لە پێشوازیکردنی سەرۆکی ئەمریکا زۆر دیاربوو کاتێک سەرۆک ئۆباما لە فرۆکەی Air Force One پاشنیوەڕۆی دوێنێ یەکشەممە لە فرۆکەخانەی خۆزێ مارتی هاتە دەرەوە کە هاوسەرەکەی میشێل و هەردوو کچەکەی و ماریان رۆبنسن ی خەسوی یاوەری سەرۆک ئۆباما بوون. هاوکات جێفری دیلۆرێنتس دپلۆماتی باڵای ئەمریکا بۆ راپەڕاندنی کاروباری ئەمریکا لە کوبا ئەویش ئامادەی پێشوازیکردنەکەی سەرۆک ئۆباما بوو.

لە جیاتی راول کاسترۆ ی سەرۆکی کوبی ، وەزیری دەرەوەی کوبا برونۆ رۆدریگز پێشەوایی شاندێکی بچوکی کوبای کرد بۆ پێشوازیکردن لە سەرۆک ئۆباما و خێزانەکەی.

سەرۆک ئۆباما یەکەم سەرۆکی وڵاتەیەکگرتوەکانی ئەمریکایە لە ماوەی نزیکەی 90 ساڵدا سەردانی کوبا بکات.

سەرۆک ئۆباما شاندێکی لەگەڵ خۆیدا بردوە بۆ کوبا کە یاسادانەرانی هەردوو پارتی ئەمریکایی لە خۆدەگرێت ، هەروها سەرۆکی جێبەجێکارانی دامەزراوە و ئەمریکاییە بە رەچەڵەک کوبییە ناوداراکانیش . سەرۆک ئۆباما ئەمڕۆ لەگەڵ کاردارانی کوبی کودەبێتەوە دوای ئەوەی چاوی بەسەرۆکی کوبا راول کاستۆ دەکەوێت بۆ ئەوەی وتوێژ لەسەر پەیوەندیەکانی وەبەرهێنان لە نێوان هەردوو وڵاتدا بکەن.

XS
SM
MD
LG