Accessibility links

ستراتیژی ئەمریکا بۆ شەڕی داعش لە عێراق


کاندیدانی سەرۆکایەتی پارتی کۆماری و دیموکرات بیرورای زۆر جیاوازیان لەسەر چەندان مەسەلەی سیاسی هەیە ، هاوکات هەموان هاوڕان لەسەر پێویستی وڵاتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا بۆ ئەوەی رۆڵ لە تێکشکاندنی گروپی دەوڵەتی ئیسلامیدا بگێڕێت. ئەمەش واتای ئەوەیە کە پێدەچیت وڵاتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا رۆڵێکی گرنگی لە ماوەی چەند ساڵانی داهاتودا لە عێڕاقدا ببینێت ، جا گرنگ نیە چ پارتێک لە هەڵبژاردنی گشتی ئەم وڵاتەدا لەمانگی یازدەدا سەرکەوتن تۆمار دەکات.

کینث پۆلەک ؛ ئەندامی باڵا لە بواری سیاسەتی دەرەکی لە ئینستیتوتی بروکینز دەڵێت؛ هەرە گرنگترین شت کە پێویستە سەرۆکی داهاتوی ئەمریکا تێبگات کاتێک ستراتیژی ئەمریکا دەداڕێژێت ئەوەیە کە جەنگی عێڕاق بوو توانای دایە گروپی دەوڵەتی ئیسلامی پێشەرەویەکانیان لەو وڵاتەدا بەدەست بێنێت. دەشڵێت هەربۆیە دەبێت وڵاتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا سەرو سەودا لەگەڵ شەڕی تائیفی بەربڵاوی نێوان سونەکان و شیعەکان بکات.

کێنث پۆلەک دەشڵیت دەبێت وڵاتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا رێکەوتنێکی هاوبەشیکردنی دەسەڵات لە نێوان گروپە جیاوازەکاندا دەستەبەر بکات ، بۆ ئەوەی هەموو لایەنەکان بەشداریەکی یەکسانیان لە حکومەتی نوێی عێراقیدا هەبێت. ناوبراو گوتیشی ئاشتەوایی سیاسی نیوان سونە و شیعەکان و هەروەها چارەسەرێک بۆ مەسەلەی کوردەکان ، کلیلی راستەقینەی کێشەکانن.

ژەنەڕالی خانەنشین مایکڵ باربێرۆ جێگری پێشوی سوپا سالار بۆ هەڵەمەتە ستراتیژیەکان دەڵێت گەورەترین ئاستەنگ بۆ بەزاندنی گروپی دەوڵەتی ئیسلامی ، دۆزینەوەی رێگەیەکە بۆ هاندانی دانیشتوانی سونەی عێراقی بۆ رەتکردنەوەی ئەو گروپە.

جەنەراڵ باربێرۆ دەڵیت هاوڵاتیانی سونە بڕوایان وانیە کە حکومەتی عێراقی لە بەرژەوەندی ئەوان کاربکات ، هەبۆیە یەکەم شت کە پێویستە ئەنجامیبدات ، سونەکانە رازیبکات لەگەڵ حکومەتی بەغدا کاربکەن. ئەمەش بە نەناردنی هیزی شیعە بۆ ناوچەکانیان. رایان کرۆکەر باڵویزی پێشوی ئەمریکا بۆ عێراق لە سەردەمی بەرێوەبەرایەتی بوشدا لەگەڵ ئەم بۆچونەدا هاوڕایە و دەڵێت گروپی دەوڵەتی ئیسلامی رێشەی لە عێڕاق داکوتیبوو لە رێگەی قۆستنەوەی شکستی حکومڕانی و تەریک کردنی دانیشتوانی سونەی وڵات ، کە بەشی زۆری لە ئاکامی سیاسەتەکانی تایفەگەری نوری مالیکی بوو.

ئەو سێ پسپۆرە هاوڕان لەسەر ئەوەی کە رێنومایکردنی عێراق بۆ دەربازبوونی لە جەنگی نێوخۆ ، پێویستی بە رۆڵی ئەمریکا هەیە لە داڕشتنی رێکەوتنێکی نوێ هاوبەشکیکردنی دەسەڵات لە نێوان پارت و لایەن هەمە جۆرەکانی شیعە و سونەکان.

ئەمریکاییەکان پشتیوانی لە رەوانەکردنی هێزی زەمینی ئەمریکای بۆ عێراق ناکەن . هاوکات شارەزایان چەند بژارەیەکی دیکەیان پێشکەش کردوە بۆ یارمەتیدانی عێراق بۆ ریشەکێشکردنی ملیتانانی دەوڵەتی ئیسلامی لەو وڵاتەدا.

ژەنەراڵ باربێرۆ دەڵیت دەبێت وڵاتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا پشت بە هێزی ئاسایشی عێراقی ببەستێت ئەوانەی پێشەواییان لە رزگارکردنی شاری رومادی کردوە. تەنها کار کە بتوانێت شکست بە داعش بدات، هێزێکی چالاکی زەمینیە ، هەربۆیە دەبێت مەشق و راهێنان لە سەر ئاستێکی بەرز بە هێزەکانی ئاسایشی عێراقی بکرێت و بەچاکی پڕ چەک بکرێن. هاوکات باربێرۆ جەختی کرد لەوەی کە پێویست بە راوێژکارانی ئەمریکای لە بەرەکانی پێشەوەدا هەیە ، وەک هەبوونی کارمەندانی هەواڵگری و پشتیوانی لۆژستی و هەوڵی زیاتر بۆ دەستنیشانکردنی ئامانجەکانی داعش.

پسپۆڕان کۆکن لەسەر ئەوەی کە ناکرێت وڵاتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا دەستبەرداری رۆڵی خۆی لە عێراق ببێت، هەربۆیە پێویستە ئەمریکا ستراتیژێکی گونجاو بۆ دیاریکردنی رۆڵی خۆی لە ئایندەی عێراقدا هەبێت. هەروەها کارێکی گرنگە کە سەرۆکی نوێی ئەمریکا لە رویی سیاسیەوە رۆڵی زیاتری لە عێراقدا هەبێت بۆ ئەوەی یارمەتی عێڕاقیەکان بدات لە زاڵبوونیان بەسەر کێشە و نەبوونی متمانەی نێوانیان.

پسپۆران ئاماژەی ئەوە دەدەن کە ئاستەنگێکی دیکە ، خۆی لە بنیاتنانی توانکانی حکومەتی عێڕاقیدا دەبینێتەوە بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاریە سەرکیەکان بۆ هاوڵاتیانی.

رایان کرۆکەر باڵوێزی پێشوی ئەمریکا بۆ عێراق دەڵێت هەر کەسێک بڕاوی وابووبێت کە رێکەوتنی ئەتۆمی ئێران مزگێنی سەردەمێکی نوێی ئێرانێکی نەرمتر لە هەرێمەکەدا دەدات ، ئەو بۆچونە ناژیرانەیە. ئەوەی تۆ ئێستا لە عێراقدا بەدیدەکرێت ، هەمان ئەو پالانەیە کە ئێران لە سەرەتای ساڵانی هەشتاکاندا دایدەڕشت. رایان کرۆکەر ئاماژەی بە پێویستی رێگریکردن لە فراوانبوونی رۆڵ و هەژمونی ئێران لە عێراق دا.

XS
SM
MD
LG