Accessibility links

هێزەکانی حکومەتی سوریا شارۆچکەیەکی لازقیە کۆنتڕۆڵ دەکەنەوە


هێزەکانی سوریا ڕۆژی یەکشەممە دەستیان گرۆتەوە بەسەر شارۆچکەی ڕەبیعە، و بەردەوامن لەسەر پێشوەچوونەکانیان لە باکووری ڕۆژئاوای پارێزگای لازقییە.

ڕەبیعە نزیکەی 10 کیلۆمەتر دوور لە سنووری تورکیاوە و یەکێکە لە زیاتر لە 12 شوێن کە حکومەت دەڵێت هێزەکانی لەم چەند ڕۆژەی دواییدا کۆنتڕۆڵیان کردووە.

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤی سوریایی بنکە لە بەریتانیا دەڵێت هێزەکانی سەر بە حەکومەت لەلایەن فڕۆکەکانی ڕوسیاوە پشتیوانیان لێ دەکرا.

ڕێکخراوەکە ئەمڕۆ یەکشممە ڕایگەیاند بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ڕوسیا و سوریاوە بەلایەنی کەم 164 کەس لە ماوەی سێ ڕۆی ڕابوردوو لە پارێزگای دێرئەلزور کوژراون.

43 منداڵیش لە نێو ئەو قوربانیانەدان کە لە چوار شارۆچەکی جیاواز کوژراون.

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤی سوریایی دەشڵێت بەلایەنی کەم 44 کەس بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ڕوسیا و سوریاوە لە ڕەقەی پایتەختی دیفاکتۆی داعش کوژراون.

توندوتیژییەکانی ئەم دواییانەش لە کاتێکدایە کە نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵ دەدات لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریا و حکومەت کۆبکاتەوە لە ژنێڤ بۆ خولێکی نوێی وتووێژی ئاشتی.

نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا ستیڤان دیمەستۆرا خوازیاربوو وتووێژەکان ڕۆژی دووشەممە دەستپێبکەن بەڵام بەهۆی ناکۆکییەکان لەسەر ئەوەی چ لایەنێک تیایدا بەشدار بێت ڕەنگە بەلایەنی کەم چەند ڕۆژێکی تری پێبچێت بۆ دەستپێکردنی.

XS
SM
MD
LG