براک ئۆباما سه‌رۆکی وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا په‌یامی پیرۆزبایی ساڵی نوێ ده‌نێرێت بۆ ئێرانیه‌کان و پێیان ده‌ڵێت له‌مساڵدا باشترین ده‌رفه‌ت هاتۆته ئاراوه له ده‌یان ساڵی ڕابردوودا بۆ هه‌بوونی په‌یوه‌ندیه‌کی جیاواز له نێوان وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا و ئێران‌دا.
ئه‌م په‌یامه‌ی سه‌رۆک ئۆباما له‌گه‌ڵ ئاهه‌نگێڕانی ئێرانیه‌کاندایه به بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆزه‌وه هاوکاته له‌گه‌ڵ نزیک بوونه‌وه‌ی 31 ی مانگی 3 که دوا واده‌یه بۆ گه‌یشتن به کڵێشه‌ی ڕێکه‌وتن له‌سه‌ر سنوردار کردنی به‌رنامه‌ی ناو‌کی ئێران له به‌رامبه‌ر هه‌ڵگرتنی سزا نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کانی سه‌پێندراونه‌ته سه‌ر تاران.
سه‌رۆک ئۆباما ده‌ڵێت له‌وانه‌یه ئه‌م ساته وه‌خته هه‌ر وا زوو نه‌گه‌ڕێته‌وه و ده‌شڵێت له‌و بڕوایه‌دایه هه‌ردوو وڵات ده‌رفه‌تێکی مێژووییان له‌به‌رده‌ستدایه بۆ چاره‌سه‌رکردنێکی ئاشتیانه‌ی ئه‌م دۆسێیه و وه‌ک ئاماژه‌ی پێده‌کات "ده‌رفه‌تێکه نابێت له‌ده‌ست بدرێت."
له‌م تۆماره ڤیدیۆییه‌دا، سه‌رۆک ئۆباما ده‌ڵێت پێویسته ڕێبه‌رانی ئێران له‌م دوو بژاره‌یه یه‌کێکیان هه‌ڵبژێرن، یان ڕێککه‌وتنێکی به‌رپرسانه‌ی ناو‌کی که کۆتایی به له‌په‌راوێزنانی ئێران بێنێت له‌سه‌ر ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یی و هه‌روه‌هاش ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌تێکی گه‌وره‌تر بۆ گه‌لی ئێران.
وه‌ک سه‌رۆک ئۆباما ئاماژه‌ی پێده‌کات، ئه‌گه‌ر هاتوو ڕێککه‌وتن نه‌هاته ئاراوه ئه‌وا ئێران به‌رده‌وام ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌م ڕه‌وشه‌ی ئێستای، واته ڕه‌وشی ئێرانێکی له په‌راوێز نراو.