شه‌پـۆلێـکی به‌فر و سه‌رما ویلایه‌ته‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌مه‌ریکای گرته‌وه و به‌هۆیه‌وه خوێندنگه‌کان و ئۆفیسه‌کانی حکومه‌ت داخران.
نێوه‌ڕۆی دووشه‌ممه به‌فربارینه‌که ده‌سـتیپـێکرد و هه‌تا به‌ره‌به‌یانی سێشه‌ممه به‌رده‌وام بوو. ڕێژه‌ی به‌فربارینه‌که له نێوان 10 بۆ 18 سانتیمه‌تر بووه. پـله‌ی گه‌رماش زۆر هاتبووه خوارێ و له هه‌ندێـک ناوچه گه‌یشته 15 پـله‌ی سه‌دی له ژێر سفره‌وه.
ویلایه‌ته‌کانی به‌فره‌که گرتیـیه‌وه بریتین له تێنسی، که‌نتاکی، ئندیانا، ئۆهایۆ، نۆر‌ث کارۆلاینا، ڤێرجینیا، واشنتنی پایته‌خت، میریلاند، په‌نسلڤانیا، نیو جێرزی، ده‌له‌وێر.
ئۆفیسه‌کانی حکومه‌تی فیدراڵیش له واشنتنی پایته‌خت داخران و نزیکه‌ی 2600 گه‌شتی ئاسمانی هه‌ڵوه‌شێنرانه‌وه. هه‌زاران ماڵ وزه‌ی کاره‌بایان لێبڕاوه. گه‌لێـک ڕووداوی هاتوچۆ ڕوویانداوه. به لایه‌نی که‌م 5 که‌س به‌هۆی ڕووداوی جیاجیای ئاکامی به‌فر و سه‌رماکه گیانیان له ده‌سـتداوه.
هه‌روه‌ها به‌فره‌که بووه هۆی هه‌ڵخلیسکاندن و که‌وتنی خانم ستیفه‌نی هاوسه‌ری ئاشتۆن کارته‌ر وه‌زیری نوێی به‌رگری ئه‌مه‌ریکا له‌و ده‌مه‌ی ئه‌مڕۆ پـێکه‌وه گه‌یشتنه به‌رده‌م پلیکانه‌کانی وه‌زاره‌تی به‌رگری به مه‌به‌ستی ئاماده‌کاری بۆ ڕێوڕه‌سمی وه‌رگرتنی پـۆسته‌که به فه‌رمی.