کاربه‌ده‌ستانی ده‌زگای موخابه‌راتی پاکستان ده‌ڵێن له ئاکامی هێرشی ئاسمانی فڕۆکه‌ی بێ فڕۆکه‌وان که گومان وایه هی ئه‌مریکا بن به‌لانی که‌م 7 توندڕه‌و کوژراون.
ئه‌م هێرشانه‌ی زوویه‌کی ئه‌مڕۆ هه‌ینی شوێنه‌کانی توندڕه‌وانی تاڵیبان و ئوزبهکیهکانی له ناوچه دووره ده‌سته‌کانی هه‌رێمی وه‌زیرستانی باکور کردبووه نیشانه.
ئه‌م بۆردومانانه‌ی ئه‌مڕۆش هاوکاته له‌گه‌ڵ به‌ره‌و کۆتایی هاتنی داڕشتنی ستراتیژیه‌تی نوێی دژه تێرۆر له پاکستان.
پاش هێرشه‌که‌ی ڕۆژی 16 ئه‌م مانگه‌ی تێرۆریستان کردیانه سه‌ر خوێندنگایه‌ک و نزیکه‌ی 150 خوێندکاریان کوشت کاربه‌ده‌ستان ده‌ستیان کرد به دانانی ستراتیژیه‌تێکی نوێ بۆ له‌ناوبردنی تێرۆریستان.
له پاکستان هێرشه ئاسمانیه‌کانی فڕۆکه‌ی بێ فڕۆکه‌وان کارێکی نه‌خوازراوه له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ی زۆرێک له پاکستانیه‌کان به پێشێلکاری له سه‌روه‌ریه‌کانی وڵاته‌که لێکی ده‌ده‌نه‌وه. به‌ڵام وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا جه‌خت ده‌کاته‌وه له‌وه‌ی ئه‌م جۆره هێرشانه گرنگن بۆ له‌ناوبردنی تێرۆریستان به‌تایبه‌تیش له‌و ناوچانه‌ی له‌شکری پاکستان ده‌ستی پێڕاناگات.
هه‌ر ئه‌مڕۆ هه‌ینی کاربه‌ده‌ستانی ئاسایشی پاکستان وتوویانه ڕێکخه‌ری هێرشه‌که‌ی کرابووه سه‌ر خوێندنگاکه‌ی پیشاوه‌ر کوژراوه.