موشه‌کێـکی جۆری ئانتاریس که بڕیاربوو ڕه‌وانه‌ی وێستگه‌ی ئاسمانی نێوده‌وڵه‌تی له واڵای ئاسمان بکرێت، شه‌وی سێشه‌ممه له پاش هه‌ڵدانی به چه‌ند چرکه‌یه‌ک له بنکه‌ی واڵۆپـسی ناسا له ویلایه‌تی ڤێرجینیا ته‌قیـیه‌وه و به ته‌واوی تێـکشکا.
موشه‌که‌که که درێژیـیه‌که‌ی 40 مه‌تر بوو و مرۆڤی تێدا نه‌بوو، زیاتر له 2 تۆن خۆراک و پـێداویسـتی دیکه له‌گه‌ڵ ئامێر و که‌لوپه‌لی تاقیکردنه‌وه‌ی زانستنی بارکردبوو و بڕیاربوو بگاته وێستگه‌ی ئاسمانی نێوده‌وڵه‌تی.
بڕیاربوو موشه‌که‌که ڕۆژی دووشه‌ممه هه‌ڵبدرێت، به‌ڵام به‌ر له هه‌ڵدانی کاربه‌ده‌سـتانی ناسا کهشتیـیهکیان له ناو ئاوی ده‌ریای نزیک بنکه ئاسمانیـیه‌که به‌دی کرد که له بازنه‌ی مه‌ترسی که‌وتنی موشه‌که‌که‌دا بوو، بۆیه ههڵدانهکهیان بۆ 24 کاژمێر دواخست.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه و پاش چه‌ند کاژمێرێـک له شـکستهێنانی هه‌ڵدانی موشه‌که‌که ڕووسیا موشه‌کێـکی خۆی به پـێدوایستی کارمه‌ندانی سه‌ر ویستگه‌که سه‌رکه‌وتووانه هه‌ڵدا.
جێی ئاماژه‌یه وێستگه‌ی ئاسمانی نێوده‌وڵه‌تی که 418 کیلۆمه‌تر له زه‌ویـیه‌وه دوره و به‌هاکه‌ی 100 ملیار دۆلاره 15 وڵات خاوه‌نین و کاری له‌سه‌ر ده‌که‌ن.