Accessibility links

عه‌باسی که‌مه‌ندی ماڵئاوایی کرد


پاش 62 ساڵ ته‌مه‌نی پڕ به‌خششی هونه‌ری، ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ی کورد عه‌باسی که‌مه‌ندی له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌کی شاری سنه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان کۆچی دوایی کرد.
عه‌باسی که‌مه‌ندی له‌ ساڵی 1952 له‌ شاری سنه‌ له‌ دایک بووه‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خاوه‌نی بڕوانامه‌ی دیپلۆم بووه‌ به‌ڵام به‌هۆی دابین کردنی بژێوی بۆ خێزانه‌که‌ی نه‌یتوانیوه‌ درێژه‌ به‌ خوێندن بدات.
بۆ ماوه‌ی زیاتر له‌ 30 ساڵ له‌ ڕادیۆی سنه‌ کاری کردووه‌.
هه‌ر ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ له‌ شاری سنه‌ و له‌ ڕێوڕه‌سمێکی شایسته‌دا به‌ به‌شداری هه‌زاران که‌س ته‌رمی هونه‌رمه‌ند عه‌باسی که‌مه‌ندی به‌ خاک ده‌سپێردرێت.
ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ هه‌ر ته‌نها کاری له‌ بواری هونه‌ر و موزیکدا نه‌کردووه‌ به‌ڵکو نوسین و کاری شێوه‌کاریشی هه‌بوو.
که‌مه‌ندی له‌ دیدارێکیدا ده‌ڵێت "لە ساڵی (1970)، تەمەنم 18 ساڵ بوو له‌وکاته‌دا رادیۆی سنە، بڵاویکردەوە
که‌ پێشبڕکێیەکی هونەری لە نێوان چیرۆکنووس و نووسەراندا سازده‌کات، ئیدی ئەو کاتە چەند چیرۆکێکم نووسیبوو و توانیم بەشداری بکەم و لەناو بەشداربووانیشدا پلەی یەکەمم بە دەستهێنا".
پێده‌چێت خانه‌واده‌ی عه‌باسی که‌مه‌ندی پشتیوانییان له‌ هه‌وڵه‌کانی ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ نه‌کردبێت تا وه‌ک هونه‌رمه‌ندێکی گۆرانیبێژ درێژه‌ به‌ کاری هونه‌ری خۆی بدات وه‌ک ده‌ڵێت "دەنگخۆشی لە ناو خانەوادەکەم بۆماوەییە، بەڵام چونکە خێزانەکەم لە دیدی ئایینی و نەریتەوە لە گۆرانیان دەڕوانی، بۆیە دژی ئەوە بوون کە من گۆرانی بڵێم و بە کارێکی عەیبەیان دەزانی و بڕوایان وابوو کە گۆرانی گوتن نابێت لە ناو بنەماڵەکەمان بچێتە دەرەوە و بە پێچەوانەوە بە لۆتی و چاوەش لە قەڵەمیان دەدا، بەڵام خۆشبەختانە مامۆستای نەمر سەید عەلی ئەزغەری کوردستانی، چونکە خۆی لە بنەماڵەیەکی مەزهەبی و ئایینی بوو، ئەم کۆسپەی لادا و هونەرەکەی بە کۆمەڵگەی کوری ناساند, ئەو کاتە چەندین گۆارنیبێژی کورد لە رادیۆی سنە چالاکیان هەبوو، بەڵام لەبەرئەوەی بە دیدێکی تر سەیری گۆرانی دەکرا، زۆربەیان لە کاتی بڵاوبوونەوەی گۆرانی نازناویان بەکاردەهێنا و ئامادە نەبوون ناوی راستەقینەی خۆیان لە رادیۆ بڵاوبکەنەوه‌".

عه‌باسی که‌مه‌ندی له‌ گێڕانه‌وه‌ی سه‌رگوروشته‌کانی ژیانی خۆی به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌ڵێت "بە
هەر حاڵ خێزانەکەم زۆر بە زەحمەت رازی بوون کە گۆرانی بڵێم و دوو ساڵ کارکردنم لە رادیۆ تێپەڕی بوو، کە لەگەڵ خوالێخۆشبوو حەسەنی کامگار (باوکی کامگارەکان) کاری هونەریم دەستپێکرد".

موزیک به‌لای ئه‌م گه‌وره‌ هونه‌رمه‌نده‌وه‌ بریتیه‌ له‌ وه‌ک ده‌ڵێت "بە شێوەیەکی گشتی مۆسیقا کار دەکاتە سەر دڵ و دەروونی مرۆڤ، لە لایەکی دیکەشەوە رۆح دەلاوێنێتەوە، دەتوانێت رووخێنەر بێت و لە هەمانکاتیشدا رەوشتی ناشیرینیش بڵاو بکاتەوە، ئێستا رووبەڕووی ئەم دۆخە بووینەتەوە کە لە دنیای رۆژئاوادا زۆربەی جار جەستەی ئافرەت بەکاردەهێنن کە بە بڕوای من ئێمە دابونەریتی خۆمان هەیە و پێیەوە پابەندین، بەڵام لە مۆسیقای کوردیدا هەڵپەڕکێ هەیە کە زۆر سەرنجڕاکێشە و جووڵەی زۆری تێدایە،
ئێستا مۆسیقای لای خۆمان وەکو ئەوە دەبینم کە نەخۆش کەوتووە، بەشێک له‌هونەرمەندان بە جۆرێک لە بیرکراون کە کەس لێیان ناپرسێتەوە و هەندێکی دیکەشیان هەموو شتێکیان بۆ دابینکراوە، نازانن لەگەڵ کام کەناڵی بیانی گفتوگۆ ساز بکەن و چی بڵێن و بەردەوام وا بووە کە هونەرمەندانی راستەقینە لە سەردەمی خۆیاندا فەرامۆشکراون و ستەمیان لێکراوە. خۆم هونەرمەندێکی دڵشکاو و عاشق بوومە و براوەیی و دۆڕاوی خۆم لە کۆتایی هێڵەکەدا دەبینمەوە، بەڵام خەفەت بۆ ئەوە دەخۆم کە هەندێک بڕیاری هەڵەی هونەری و کلتووری دەدرێت. بهێڵە راشکاوانەتر قسە بکەم، ئەمڕۆ شەڕ شەڕی هونەرە و ئێمە لە گۆڕەپانی شەڕەکەداین کە دەبێت ئەمە بە جوانی هەست پێ بکەین".
عه‌باسی که‌مه‌ندی بێجگه‌ له‌ نه‌خۆشی دڵ ، دووچاری نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ش بووبوو.
له‌پاش ماڵئاواییه‌که‌شی فه‌رهه‌نگێکی گه‌وره‌ی هونه‌ری جێهێشتووه‌.
هونه‌رمه‌ند عه‌باسی که‌مه‌ندی خێزاندار بووه‌ و سێ کچ و کوڕێکی هه‌یه‌.
XS
SM
MD
LG