Accessibility links

شه‌پـۆلێـکی سه‌رمای که‌م وێنه‌ له‌ ئه‌مه‌ریکا ده‌دات


به‌شێـکی گه‌وره‌ی ئه‌مه‌ریکا دووچاری شه‌پـۆلێـکی هه‌وای سارد ده‌بێته‌وه‌‌ که‌ بۆ 20 سـاڵه‌ سه‌رمای وه‌ها له‌م وڵاته‌ نه‌بووه‌.
ده‌زگای که‌شناسی ئه‌مه‌ریکا ئاگاهی داوه‌ و ده‌ڵێت سه‌رمایه‌کی له‌ ڕاده‌ به‌ده‌ر به‌ باوه‌ ده‌بێت و له‌ دووشه‌ممه‌وه‌ ویلایه‌تی مۆنتانا له‌ باکور ده‌گرێته‌وه‌ هه‌تا ویلایه‌تی نیویۆرک له‌ ڕۆژهه‌ڵات و بۆ خواره‌وه‌ هه‌تا ویلایه‌تی ئه‌له‌باما.

کارڵ ئێرکسۆن که‌ که‌شناسێـکه‌ له‌گه‌ڵ AccuWeather کارده‌کات به‌ ده‌نگی ئه‌مه‌ریکای گوت سه‌رماکه‌ له‌ هه‌ردوو ویلایه‌تی مۆنتانا و نۆرث داکۆتا ڕه‌نگه‌ بگاته‌ 50 پـله‌ی سه‌دی له‌ ژێر سفر و له‌ ویلایه‌ته‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌مه‌ریکا ده‌گاته‌ 20 بۆ 30 پـله‌ی سه‌دی له‌ ژێر سفر‌.
به‌ڵام کارڵ ده‌ڵێت ئه‌وه‌ی جێی خۆشحاڵیـیه‌ زۆر درێژه‌ ناکێشێت و له‌ ڕۆژی چوارشه‌ممه‌وه‌ باکه‌ خاو ده‌بێته‌وه‌ و سه‌رماکه‌ که‌م ده‌کات‌ و بۆ پـێنجشه‌ممه‌ و هه‌ینی ورده‌ ورده‌ پله‌کانی گه‌رما ئاسایی ده‌بنه‌وه‌.
له‌گه‌ڵ ئه‌م شه‌پـۆلی هه‌وا سارده‌ له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌کیش زیاتر له‌ 30 سانتیمه‌تر به‌فر باریوه‌.
کاربه‌ده‌سـتان له‌ زۆربه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی سه‌رماکه‌ ده‌یانگرێته‌وه‌ بڕیاری داخسـتنی قوتابخانه‌کانیان داوه‌. هه‌روه‌ها هه‌زاران که‌شـتی ئاسـمانی دواخراون.
XS
SM
MD
LG