Accessibility links

دیارده‌ی وه‌رگرتنی سه‌رانه‌ له‌ موسڵ سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه‌


دواى ئەوەى لە ماوەى ڕابردوو دیاردەى وەرگرتنى سەرانە لە هاوڵاتیان و بازرگانان و خاوەن فرۆشگاکان لە موسڵ بەڕێژەى 80% کەم بووبووه‌وه‌، وا جارێکى تر ئەو دیاردەیە سەری هەڵداوه‌تەوە بە جۆرێک لە ماوەى ڕابردوو وەرگرتنى سەرانە لە لایەن ئەو گروپە چەکدارانەى کە خۆیان بە ڕێکخراوى دەوڵەتى عێراقى ئیسلامى ناساندووە گەیشتۆتە نزیکەى 50 هەزار دۆلار بە شێوەى مانگانە کە ئەمەش لە کەسێک بۆ کەسێکى تر دەگۆڕدرێت بەڵام وەرگرتنى سەرانە لە خاوەن بچوکترین دوکان هه‌تا دەگاتە گەورەترین بازرگان دەگرێتەوە و پـێویستە ئەو سەرانەیە بدەن بە پێچەوانەشەوە ژیانى ئەو کەسە دووچارى مەترسى دەبێتەوە.
لە بارەى ئەم پرسە و ڕەوشى نالەبارى ئاسایش لە شارى موسڵ، زوهێر ئەعرەجى ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە ئیئتیلافى عێراقیەى ئازاد کە سەر بە پارێزگاى موسڵە لە گفتوگۆیەکى تایبەتدا لەگەڵ بەشى کوردى دەنگى ئەمریکا دەڵێت ئەمە لە حاڵەت دەرچووە و بۆتە دیاردە. دەشڵێت گروپە چەکدارەکان لە ژێر ناوى جۆراوجۆر وەرگرتنى سەرانە بە شێوەى مانگانە لەسەر هەموو کەسێک دەسەپـێنن کە بڕەکەى لە 200 دۆلارەوە دەست پێدەکات بۆ ئەوانەى داهاتیان سنووردارە هه‌تا دەگاتە نزیکەى 50 هەزار دۆلار و کەسیش ناتوانێت ڕەتى بکاتەوە چونکە خۆى و خانەوادەکەشى دووچارى کوشتن دەبنەوە و ئەمەش دەیان جار بینیومانە و ڕوویانداوە.
هەفتەى ڕابردوو باسم تائى فەرماندەى گشتى ئۆپەراسیۆنەکانى نەینه‌وا ڕایگەیاندبوو ئەوان کۆمیتەیەکیان بە سەرۆکایەتى مەهدى غەڕاوى فەرماندەى پـۆلیسى ئیتیحادى پـێکهێناوە لە ژێر ناوى کۆمیتەى بەرنگاربوونەوەى سەرانە، بەڵام زوهێر ئەعرەجى هیچ متمانەیەکى بەو کۆمیتەیە و هێزە ئاسایشیەکان نیـیە بۆ نەهێشتنى ئەو دیاردەیە و ئەو هەوڵەش سەرکەوتوو نەبوو، دەڵێت ڕاستە ژمارەى هێزە ئاسایشیەکان لە موسڵ زۆرن بەڵام ژمارەى تیرۆرستان زۆرترن و هەروەها خەرقى گەورەى ئەمنیش لە ناو ڕیزەکانى هێزەکاندا هەیە ئاماژەش بەوە دەکات زۆرێک لە فەرمانگا حکومیەکان و کۆمپانیاکانیش کاتێک پـرۆژەیەک لە حکومەت وەردەگرن به‌شێـک له‌ پارەى پرۆژەکە بە چەکدارانى تیرۆرست دەدەن.
زوهێر ئەعرەجى پەرلەمانتار بە ڕاشکاوى دەڵێت زۆرێک لە ناوچەکانى باشوور و ڕۆژئاواى موسڵ وەکو 17ى تەموز و ڕومان و هەرامات و ناحیەى حەمام عەلیل و حەزەر و تەل عەپتە و قەزاى بەعاج و گەیارە و شوڕا لە ژێر کۆنترۆڵى چەکدارانى تیرۆرستدایە و هێزە ئاسایشیەکان هیچ دەسەڵاتێکیان لەو ناوچانە نیـیە. پاشان هێزە ئاسایشەکان بە لاواز و کەم توانا وەسف دەکات و دەشڵێت بەهۆى نەمانى متمانەیان بەو هێزانە هاوڵاتیان هاوکارى ئەو هێزانە ناکەن لە ڕووبەڕووبوونەوەى چەکداران.
له‌ کۆتایـیدا ئەعرەجى پشتگیری لە پـێکهێنانى هێزى میللى لە ژێر ناوى سەحوە دەکات بۆ پارێزگاریکردن لە ناوچەکانیان، ده‌ڵێت ئه‌وه‌ تاکه‌ ڕێگه‌چاره‌یه‌ که‌ هه‌بێت.
please wait

No media source currently available

0:00 0:07:20 0:00
Direct link
XS
SM
MD
LG