Accessibility links

مارک باسیلی گه‌ڕێندرایه‌وه‌ بۆ زیندان


ئه‌و پیاوه‌ی له‌ ستانی کالیفۆرنیا په‌یوه‌ندی هه‌بووه‌ به‌و فلیمه‌ی دژی ئاینی ئیسلام بوو و ناڕه‌زاییه‌کی به‌رفراوانی دژه‌ ئه‌مریکای به‌دوای خۆیدا هێنا، ئێستا گه‌ڕێندراوه‌ته‌وه‌ زیندان به‌هۆی پێشێلکردنی مه‌رجه‌کانی ئه‌و به‌ندانه‌ی پێشتر له‌سه‌ری ئازادکرابوو.

دادگایه‌کی ستانی کالیفۆرنیا بڕیاری یه‌ک ساڵ زیندانیکردنی داوه‌ به‌سه‌ر (مارک باسیلی یوسف) دا پاش ئه‌وه‌ی دانی به‌ چوار گوناهدا ناوه‌، له‌وانه‌ به‌کارهێنانی ناسنامه‌ی نادروست و پێشێلکردنی ئه‌و مه‌رجانه‌ی له‌ گرتوخانه‌ له‌سه‌ری ئازادکرابوو.


له‌ ساڵی 2010 دا به‌ڕیز باسیلی له‌سه‌ر ساخته‌کردنی به‌ڵگه‌نامه‌کانی بانکێک سزای زیندانیکردنی درابوو به‌سه‌ردا.

باسیلی کریسچیانێکی میسریه‌ و له‌ پشت ده‌رهێنانی فلیمی (بێتاوانیی موسڵمان)ه‌وه‌ بووه‌ که‌ تیایدا سوکایه‌تی به‌ که‌سایه‌تی پێغه‌مبه‌ری موسڵمانان کراوه‌ و وه‌ک ده‌گوترێت بۆ ئه‌و فلیمه‌ ناوی (سام باسیلی) له‌ خۆی نابوو.

دره‌نگانێکی مانگی 9 ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مریکایی (باسیلی) یان ده‌ستگیرکرد، پاش ئه‌وه‌ی فلیمه‌که‌ی بووه‌ مایه‌ی ورووژاندنی موسڵمانان و هاتنه‌ ئارای توندوتیژی خوێناوی له‌ لیبیا.
XS
SM
MD
LG