زێلێنسکی داوای یارمەتی ئەمەریکا دەکات لە کاتێکدا ڕووسیا بانگەشەی پێشڕەوی دەکات

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی سەردانی واشنتنی کرد و داوای بەردەوامیدانی کرد بە یارمەتییەکانی ئەمەریکا، لە کاتێکدا کە ڕووسیا بانگەشەی پێشڕەوی هێزەکانی کرد لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگەکەدا و کاریگەریی یارمەتییەکانی ڕۆژئاوای بۆ کیێڤ ڕەت کردەوە.

زێلێنسکی لە ماوەی سەردانەکەیدا لە ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا لەگەڵ سەرکردەکانی هەردوو پارتەکەی ئەمەریکادا کۆبووەوە. سەرکردەی زۆرینە دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی سینات چەک شومەر هۆشداریدا و وتی ئۆکرانیا بە خێرایی پێویستی بە یارمەتییە تاوەکو ڕێگە نەدات سەرۆکی ڕووسیا بانگەشەی سەرکەوتن بکات.

دواتر زێلێنسکی سەردانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکای کرد کە کۆمارییەکان تێیدا زۆرینەن و لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنەکە مایک جۆنسندا کۆبووەوە، بڕیارە دواتریش سەردانی کۆشکی سپی بکات و ڕاستەوخۆ لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدندا کۆببێتەوە و دواتریش کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش ئەنجام بدەن.

شومەری دیموکرات دوای گفتوگۆکانی لەگەڵ زێلێنسکیدا وتی " ڕوونی کردەوە و ئێمەش ڕوونمان کردەوە کە ئەگەر بدۆڕێین پوتن سەردەکەوێت."

زێلێنسکی هەوڵ دەدات ئەمەریکا بەردەوام بێت لە یارمەتییەکانی بۆ ئۆکرانیا و دیموکراتەکانی ئەمەریکاش پشتگیری لە بەردەوامیدان بە دابینکردنی یارمەتییەکان دەکەن بۆ ئۆکرانیا. بەڵام کۆمارییەکان مەرجییان لەو بارەیەوە هەیە.

کۆمارییەکان لە ئێستادا ڕێگرییان لە داواکەی بایدن کردووە بۆ دابینکردنی 60 ملیار دۆلار بۆ یارمەتی سەربازیی بۆ ئۆکرانیا و ئیسڕائیل و دەڵێن تەنها لە کاتێکدا ئەوە پەسەند دەکەن کاتێک ئەو یارمەتییە ببەسترێتەوە بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی ئاسایشی نوێوە لەسەر سنووری نێوان ئەمەریکا و مەکسیک، هەروەها داوا دەکەن چاکسازی لە سیستمی کۆچیشدا بکرێت.

ڕۆژی دووشەممە زێلێنسکی لە وتارێکیدا بۆ بەرپرسانی سەربازیی ئەمەریکا وتی سیاسەت نابێت " ناپاکی " لە سەربازەکانی ئۆکرانیا بکات.

سەرچاوە/ فرانس پرێس