سەرۆکی ئۆکرانیا دەڵێت هیوادارە هەفتەی داهاتوو لەگەڵ دانۆڵد ترامپدا کۆببێتەوە

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی دەڵێت هیوادارە هەفتەی داهاتوو کاتێک سەردانی ئەمەریکا دەکات بۆ پێشکەشکردنی " پلانی سەرکەوتنی " ئۆکرانیا لە جەنگەکەدا لەگەڵ بەربژێری کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکادا دانۆڵد ترامپدا کۆببێتەوە.

زێلێنسکی ئامادەی دانیشتنەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێت و هەروەها پلانی هەیە لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کامڵا هێرسدا کۆببێتەوە.

زێلێنسکی وتیشی هیوادارە لەگەڵ ترامپیشدا کۆببێتەوە.

زێلێنسکی وتی " پێم وایە ئەگەرێکی زۆری هەیە کۆببینەوە، لە 26-27 ی مانگی نۆدا."

سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپی بەربژێری کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنەکانی 5 ی مانگی یانزەی سەرۆکایەتی ئەمەریکادا ڕووبەڕووی بەربژێری دیموکراتەکان کامڵا هێرس دەبێتەوە.

زێلێنسکی لە مانگی هەشتدا وتی دەیەوێت پلانەکەی پێشکەشی بایدن و هێرس و ترامپیش بکات. ترامپ و زێلێنسکی لە مانگی حەوتدا لە ڕێی پەیوەندییەکی تەلەفونییەوە قسەیان کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا لە دوای سەرۆکایەتییەکەی ترامپەوە ڕاستەوخۆ کۆنەبوونەتەوە پێکەوە.

زێلێنسکی باسی لەوە کردووە کە پلانەکە تیشک دەخاتە سەر ئەوەی چۆن ڕووسیا ناچار بکات کۆتایی بە جەنگەکە بهێنێت لە ڕێی دیبلۆماسییەوە، وتووشییەتی پلانەکە بەندە بە بڕیاری بەپەلەی هاوپەیمانە سەرەکییەکانییەوە، بڕیارەکانیش دەبێت لە مانگی 10 ەوە تاوەکو مانگی 12 ی ئەم ساڵ بدرێن.

لە کاتێکدا کە جەنگەکە چووەتە قۆناغێکی هەستیارەوە، زێلێنسکی هەوڵی بە دەستهێنانی چەکی زیاتر دەدات، هەروەها هەوڵی پشتیوانی سەربازیی و دارایی و دیبلۆماسی زیاتری ئەمەریکا دەدات. پێشبینی دەکرێت زێلێنسکی لە ماوەی سەردانەکەیدا بۆ ئەمەریکا هەوڵی لابردنی ئەو کۆتوبەندانە بدات کە خراونەتە سەر ئەو چەکە مەودا دوورە ڕۆژئاواییانەی کە دراون بە کیێڤ و ڕۆژئاوا ڕێگەی پێنادات بەکارییان بهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر قووڵایی ڕووسیا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز