نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت برسێتی هەڕەشە لە ملیۆنان خەڵک دەکات لە یەمەن ئەگەر یارمەتییەکان نەگەن

بەرپرسی یارمەتییە مرۆییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان مارک لۆکۆک وتی ئەگەر هاوپەیمانێتی عەرەبی بە سەرکردایەتی سعودیە ڕێگە نەدەن یارمەتییەکان بگاتە یەمەن ئەوا دەبێتە هۆی دروستبوونی گەورەترین برسێتی لە جیهاندا و ملیۆنان کەس دەبنە قوربانی."

هاوپەیمانێتی عەرەبی کە لە دژی حوسییەکان لە یەمەن دەجەنگن ڕۆژی دووشەممە وتیان هەموو گەشتە ئاسمانی و وشکانی و دەریاییەکان بۆ یەمەن دەوەستێنن بۆ ئەوەی ئێران نەتوانێت چەک بدات بە حوسییەکان.

وا پێشبینی دەکرێت ئەم ڕێوشوێنەی گیراوەتە بەر دوای ئەوەی حوسیەکان موشەکێکیان ئاڕاستەی سعودیە کرد و سعودیە خستیە خوارەوە، ببێتە هۆی خراپبوونی قەیرانی مرۆیی لە یەمەن و نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت بۆتە هۆی ئەوەی نزیکەی حەوت ملیۆن کەس برسی بکات و 900 هەزار کەس توشی نەخۆشی کۆلێرا ببن.

لۆکۆک کە لە کۆتایی مانگی ڕابردوودا سەردانی یەمەنی کرد و لە پشت دەرگا داخراوەکاندا ڕاپۆرتێکی دایە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.

بە ڕۆژنامەنووسانیشی وت " بە ئەنجومەنی ئاسایشم وت ئەگەر ئەو ڕێوشوێنانە لانەبەن ئەوا برسێتی دەکەوێتەوە لە یەمەن. گەورەترین برسێتی دەبێت هەتا ئێستا جیهان بینیبێتی."

هەروەها وتیشی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سعودیەدا قسەی کردووە داوای کردووە ڕێگەکان بکرێنەوە تاوەکو یارمەتییە مرۆییەکان بگەن بە یەمەن.

لۆکۆک وتی بەرنامەی خۆراکی جیهانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان مانگانە خۆراکی حەوت ملیۆن هاوڵاتی لە یەمەن دابین دەکات.

وتیشی " ئەوەی دەمانەوێت ئەوەیە کە ئابڵۆقەدانەکە بوەستێنین، بۆ ئەوەی بتوانین ژیانی ئەو خەڵکانە ڕزگار بکەین."

نوێنەری ئیتاڵیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان سیباستیانۆ کاردی و سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایش لە مانگی یانزەدا وتی دوای ڕاپۆرتەکەی لۆکۆک ئەنجومەنەکە نیگەرانییەکی زۆری هەیە سەبارەت بە ڕەوشی مرۆیی لە یەمەندا.

کاردی وتی " ئەندامانی ئەنجومەنەکە جەختیان لەسەر بەردەوامبوونی کارکردنی هەموو رێڕەوەکان و فڕۆکەخانەکەی یەمەن کردۆتەوە."

لۆکۆک داوای کرد بە خێرایی گەشتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەوانی دیکەش بۆ گەیاندنی یارمەتییەکانی بە سەنعا و عەدەن دەست پێبکەنەوە و داوای گرەنتی لە هاوپەیمانێتی عەرەبی کرد دووبارە گەشتەکان نەوەستێنێتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز