کاردانەوەکان لەسەر تەقەکردنە کوشندەکەی ناو هۆڵێکی کۆنسێرت لە مۆسکۆ

ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و زۆرێک لە وڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بە توندی سەرکۆنەی هێرشە خوێناوییەکەی سەر هۆڵی کۆنسێرتێکی ڕووسیا دەکەن.

ڕۆژی هەینی لە ڕووداوێکی تەقەکردنی کوشندەدا لە کۆنسێرتێک لە مۆسکۆ 143 کەس کوژران. هێرشێک کە چەکدارانی ڕێکخراوی داعشیش بەرپرسیارێتییەکەیان ڕاگەیاندووە.

ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان

ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی " ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش بە توندی سەرکۆنەی هێرشە تیرۆریستییە ترسنۆک و دڕندانەکە دەکەن کە لە 22 ی مانگی سێی ساڵی 2024 دا لە هۆڵێکی کۆنسێرتدا لە کراسنۆگۆرسکی هەرێمی مۆسکۆی فیدراسیۆنی ڕووسیادا ڕوویدا."

وتیشی " ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش تیشکییان خستووەتە سەر پێویستییەکان بۆ سزادانی تاوانباران و ڕێکخەران و سپۆنسەران و پشتیوانیکاران لەم کارە خراپەی تیرۆر و ڕادەستکردنییان بۆ بەردەم دادگا."

جان کێربی، وتەبێژی کۆشکی سپی

وتەبێژی کۆشکی سپی جان کیربی وتی "وێنەکان زۆر ترسناکن و قورسە سەیرییان بکەیت، پرسەی خۆمان ئاڕاستەی قوربانییان ئەم هێرشە خراپە دەکەین."

ماریا زاخارۆڤا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ماریا زاخارۆڤا وتی " سەرانسەری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت سەرکۆنەی ئەم تاوانە دڕندەیە بکەن. هەموو هەوڵێک دراوە بۆ ڕزگارکردنی خەڵکەکە."

میخایلۆ پۆدۆلیاک ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی ئۆکرانیا

میخایلۆ پۆدۆلیاک وتی " با ڕوون و ئاشکرا بین لەمەدا، ئۆکرانیا بە دڵنیاییەوە هیچ دەستێکی لەم ڕووداوانەدا نەبووە. ئێمە لە جەنگێکی بەرفراوانداین لەگەڵ سوپای ئاسایی ڕووسیا و فیدراسیۆنی ڕووسیادا وەکو وڵاتێک. سەرەڕای هەموو شتێکیش، هەموو شتێک لە گۆڕەپانی جەنگەکەدا یەکلایی دەکرێتەوە."

یولیا ناڤالنایا، هاوسەری سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ڕووسیا ئەلێکسی ناڤاڵنی

یولیا ناڤالنایای هاوسەری ڕابەری ئۆپۆزسیۆنی ڕووسیا ئالێکسی ناڤاڵنی کە لە زیندانێکی ڕووسیادا گیانی لە دەستدا وتی " هەموو ئەوانەی بەشداربوون لەم تاوانەدا دەبێت بدۆزرێنەوە و ڕادەستی داد بکرێن."

جیۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتالیا

سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا جیۆرجیا میڵۆنی وتی " ترسناکی ئەم کۆمەڵکوژییەی هاووڵاتیانی بێتاوانی سڤیل لە مۆسکۆ جێی قبووڵکردن نیە. حکومەتی ئیتاڵیا بە توندی و بە تەواوەتی سەرکۆنەی ئەم کارە دڕندەیەی تیرۆر دەکات."

وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا

وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا وتی " ئەو وێنانەی کە لە مۆسکۆوە دێن زۆر خراپن. پرسەی خۆمان ئاڕاستەی قوربانییان و برینداران و گەلی ڕووسیا دەکەین. دەبێت تیشک بخرێتە سەر ئەم کردەوە قێزەونانە."

وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا

وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا وتی " وێنەکانی ئەم هێرشە ترسناکە بۆ سەر خەڵکی بێتاوان لە هۆڵی کرۆکوس لە نزیک مۆسکۆ ترسناکن. دەبێت بە خێرایی ڕووداوەکە ڕوون بکرێتەوە. پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی خێرانی قوربانییان دەکەین."

ولادیسلاو کۆشینیاک-کامێش، وەزیری بەرگری پۆڵەند

وەزیری بەرگری پۆڵەندا وتی " پەیوەست بە تەقەکردنەکەی نزیک مۆسکۆوە، ئێمە بەردەوام چاودێری دۆخەکە دەکەین. لەگەڵ ئەرکانی گشتی سوپای پۆڵەندا و سەرجەم دەزگاکان و هاوپەیمانەکانماندا لە پەیوەندیدام. شیکاری بۆ ئەم دۆخە دەکەین بە لەبەرچاوگرتنی ئەگەری کاریگەرییەکانی لەسەر ئاسایشی پۆڵەندا."

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا

سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان وتی " بە توندی سەرکۆنەی ئەم هێرشە تیرۆریستییە ناشرینە دەکەین کە هاووڵاتییانی سڤیلی بێتاوانی کردە ئامانج. گرنگ نیە سەرچاوەکەی کێیە، تیرۆر جێی قبووڵکردن نیە."

نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان

سەرۆکوەزیرانی هیندستان نارێندرا مۆدی وتی " بە توندی سەرکۆنەی ئەم هێرشە تیرۆریستییە دڕندەیە دەکەین لە مۆسکۆ. پرسە و نزای خۆمان ئاڕاستەی خێزانی قوربانییەکان دەکەین. هیندستان لەم ساتەدا هاوسۆزی خۆی بۆ حکومەت و گەلی فیدراسیۆنی ڕووسیا دەردەبڕێت."

وەزارەتی دەرەوەی سوریا

وەزارەتی دەرەوەی سوریا وتی " کۆماری عەرەبی سوریا بە توندی سەرکۆنەی ئەم هێرشە تیرۆریستییە ترسنۆکانەیە دەکات، کە دوای سەرکەوتنێکی گەورەی گەلی دۆستی ڕووسیا دێت، بە تایبەتی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکە لە دۆنباس، هەروەها چەند ڕۆژێک دوای هەڵبژاردنەکانی ڕووسیا دێت. سوریا جەخت لە پێویستییەکان دەکاتەوە بۆ چڕکردنەوەی هەوڵە جیهانییەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو جۆرە کۆمەڵکوژییەدا و ڕادەستکردنی تاوانباران بۆ بەردەم داد."

وەزارەتی دەرەوەی سعودیە

وەزارەتی دەرەوەی سعودیە وتی " شازادە محەمەد بن سەلمان بن عەبدولعەزیز، پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی سەرۆکی فیدراسیۆنی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن و قوربانییانی ئەم هێرشە تیرۆریستییە دەکات کە لە نزیک مۆسکۆ ڕوویدا. شازادەی جێنشین بە توندی سەرکۆنەی ئەم کردەوە تاوانکارییە دەکات."

وەزارەتی دەرەوەی میسڕ

وەزارەتی دەرەوەی میسڕ وتی " میسڕ بە توندی سەرکۆنەی ڕووداوی تەقەکردنەکە دەکات. حکومەت و گەلی میسڕ پرسە و سەرەخۆشی خۆیان ئاڕاستەی حکومەت و گەلی ڕووسیا و خێزانی قوربانییان دەکەن."

وەزارەتی دەرەوەی ئیماڕاتیش بە هەمان شێوە سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز