ڤەنزوێلا 72 کاتژمێر دەداتە دیبلۆماتکارانی ئەمەریکا تاوەکو وڵاتەکە جێبهێڵن

وەزیری دەرەوەی ڤەنزوێلا خۆرخی ئاریازا

ڤەنزوێلا فەرمانی دەرکرد لە ماوەی 72 کاتژمێردا دەبێت دیبلۆماتکارانی ئەمەریکا وڵاتەکە بەجێبهێڵن، ئەمەش دوای ئەوەی نیکۆلاس مادورۆ سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی " تێکدانی " ئەلیکترۆنی کە بۆتە هۆی پچڕانی کارەبا لە ڤەنزوێلادا.

وەزیری دەرەوەی ڤەنزوێلا خۆرخی ئاریازا وتی پێویستە لەسەر دیبلۆماتکارانی ئەمەریکا لە ماوەی سێ ڕۆژدا وڵاتەکە بەجێبهێڵن.

حکومەتی ڤەنزوێلا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " بوونی ئەو خەڵکانە لەسەر خاکی ڤەنزوێلا مەترسییە بۆ سەر پارێزراوی و یەکگرتوویی و سەقامگیری وڵاتەکە."

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند هەموو کارمەندەکانی لە ڤەنزوێلا دەکشێنێتەوە و ئاماژەشی بەوەدا بوونی ئەوان لە ڤەنزوێلا بۆتە هۆی دروستکردنی کۆتوبەندێک لەسەر سیاسەتی ئەمەریکا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز