سەرچاوەکان: ئەمەریکا داوا لە 8 کۆمپانیای سەرەکی بەرهەمهێنانی چەک دەکات لەسەر ئۆکرانیا کۆببنەوە

بارەگای وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا

دوو سەرچاوەی نزیک لە بابەتەکەوە وتیان ڕۆژی چوارشەممە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا میوانداری سەرۆکەکانی هەشت کۆمپانیای سەرەکی بەرهەمهێنانی چەکی ئەمەریکا دەکات تاوەکو تاوتوێی تواناکانیان بکەن و پێداویستییەکانی ئۆکرانیا لەڕووی چەکەوە دابین بکەن، ئەمەش لەکاتێکدا ئەگەر جەنگەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا چەند ساڵێک بخایەنێت.

داواکانی ئۆکرانیا بۆ ڕەوانەکردنی چەک بۆ وڵاتەکە تاوەکو ڕووبەڕووی داگیرکارییەکەی ڕووسیا ببنەوە، ئەمەریکا و هاوپەیمانانی ناچارکردووە چەک بگوازنەوە بۆ ئۆکرانیا، دوو سەرچاوەکە کە نەیانویست ناوییان ئاشکرا بکەن وتیان لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی چوارشەممەدا تاوتوێی پلانەکان دەکرێت بۆ دابینکردنی چەک بۆ ئۆکرانیا لەکاتێکدا ئەگەر جەنگەک درێژە بکێشێت.

یەکێک لە سەرچاوەکان وتی ئۆفیسی کڕین و بەهێزکردنی سەر بە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا کە بەرپرسە لە کڕینی چەک بۆ وەزارەتەکە، میوانداری کۆبوونەوە 90 خولەکییەکە دەکات، هەروەها پێشبینی دەکرێت جێگری وەزیری بەرگری ئەمەریکا کاثلین هیکس ئامادەی کۆبوونەوەکە ببێت.

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا وتوویەتی بەسوودترین چەک سیستمە بچووکەکانی وەکو موشەکی دژە تانکی جاڤیڵین و موشەکی دژە فڕۆکەی ستینگەرن، ڕۆژانە ئەو دوو جۆرە موشەکە لەلایەن ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانییەوە ڕەوانەی ئۆکرانیا دەکرێن.

کۆمپانیای ڕایثیۆن تەکنەلۆجیس و کۆمپانیای لۆکهید مارتن بە هاوبەشی موشەکی جاڤیڵین بەرهەم دەهێنن، لەکاتێکدا ڕایثون موشەکی ستینگەر بەرهەم دەهێنێت. کۆمپانیا گرنگەکانی دیکەی ئەمەریکا بۆ بەرهەمهێنانی چەک بریتین لە کۆمپانیای بۆینگ و نۆرثڕۆپ گرەنمان و جێنەڕاڵ داینامیک و ئێڵ3هاریس تەکنەلۆجیس.

هەفتەی ڕابردوو کۆشکی سپی وتی لە سەرەتای داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا ئەمەریکا زیاتر لە 1.7 ملیار دۆلاری خەرج کردووە بۆ یارمەتیدانی ئۆکرانیا لەڕووی ئاسایشەوە، زیاتر لە 5000 موشەکی جاڤیڵین و زیاتر لە 1400 موشەکی ستینگەری داوە بە ئۆکرانیا.

بەڕێوبەرایەتی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا بۆ کاروباری هاریکارییەکان هەفتانە کۆبوونەوە لەگەڵ تیمەکەیدا دەکات بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانەکانی ئەوروپادا، ئەوەش بەمەبەستی تاوتوێکردنی ئەو داواکارییانەی کە پەیوەستن بە ئۆکرانیاوە.

هەروەها وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا تیمێکی پێکهێناوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ زیادبوونی داواکارییەکاندا، ئەمەش لەپێناو خێرا کردنی پەسەندکردنی کڕین و گواستنەوەی ئەو چەکانەی کە کۆمپانیاکانی ئەمەریکا بەرهەمییان دەهێنن لەلایەن حکومەتی ئەمەریکاوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز