ئەمەریکا "پێشکەوتنی بەرچاو" لە هێرشی بەرپەرچدەرەوەی ئۆکرانیا بۆ سەر پێگەکانی ڕووسیا ڕادەگەیەنێت

هێزەکانی ئۆکرانیا، زاپۆریژا

کۆشکی سپی دەڵێت ئەمەریکا لە 72 کاتژمێری ڕابردوودا بەرەوپێشچوونێکی دیاری هێزەکانی ئۆکرانیای بینیوە لە زاپۆریژای باشووری وڵاتەکەدا.

وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی جۆن کیربی وتی " لە 72 کاتژمێری ڕابردوودا بەرەوپێشچوونێکی دیاری هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیامان بینیوە.. لە هێڵی باشووری ناوچەی زاپۆریژاوە، هەروەها چەند سەرکەوتنێکیان دژی ئەو هێڵەی دیکەی بەرگرییەکانی ڕووسیا بە دەستهێناوە."

کیربی وتیشی ئەوە پەیوەستە بە ئۆکرانیاوە چۆن سەنگ دەخاتە سەر سەرکەوتنەکانی.

وتی " ئەمە بۆ ئەوە نیە کە ئەوان ئاگاداری ئەوە نەبن کە هێشتا چەند شەڕێکی سەختییان لەبەردەمدا ماوە لە کاتێکدا کە زیاتر بەرەو باشوور فشار دەکەن."

کیربی وتیشی لە پێگەیەکدا نیە بتوانێت ئەو هەواڵانەی ڕۆژی هەینی پشتڕاست بکاتەوە سەبارەت بەوەی موشەکی کیشوەربڕی سارماتی ڕووسیایی خراوەتە ئەرکی شەڕکردنەوە، کە توانای هەڵگرتنی چەکی ئەتۆمی هەیە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز