کاربەدەستێکی ئەمەریکا دەڵێت تورکیا ناتوانێت F-35 بەکاربهێنێت ئەگەر سیستەمی S-400 وەربگرێت

نێردراوی ئەمەریکا بۆ هاوپەیمانێتی ناتۆ دەڵێت وڵاتەکەی ڕێگە نادات تورکیا فڕۆکەی F-35 بەکاربهێنێت ئەگەر دەستبەرداری بەدەستهێنانی سیستەمی بەرگری موشەکی S-400 ی ڕووسیایی نەبێت.

باڵیۆز کەی بەیڵی هەتچسن ئەمڕۆ سێشەممە لە میانەی وتووێژەکانی ناتۆ لە برۆکسل بە ڕۆژنامەوانی گوت هەموو پـێشهاتەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن ڕووسیا سیستەمەکە دەدات بە تورکیا، ئەمەش کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە.

گوتیشی جگە لەوەی ناهێڵن ئەنکەرە فڕۆکەکە هەڵبستێنێت، ناشهێڵن چیتر لە دروستکردنی فڕۆکەکە بەشداربێت.

تورکیا لە بەرنامەی دروستکردنی F-25 بەشدارە و چەند پارچەیەکی دروستدەکات، لەوانە بەشێک لە سیستەمی نیشتنەوەی فڕۆکەکە لەگەڵ پـێشی بەردەم فڕۆکەوانەکە.

خانم کەی دەڵێت ڕاستە تورکیا هاوبەشێکی گرنگە لە دروستکردنی فڕۆکەکە، بەڵام مەترسی ئەمەریکا لە دزەکردنی زانیاریـیە نهێنیـیەکانی فڕۆکەکە بۆ ڕووسیا زۆر گرنگترە.

باسی لەوەش کرد کاربەدەستانی ئەمەریکا زۆر هەوڵیان داوە تورکیا لە بەدەستهێنانی ئەم سیستەمە پاشگەزبکەنەوە، بەڵام هێشتا هیچ ئەنجامێکی نەبووە.

هاوکات هەر ئەمڕۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا جارێکی تر سووربوونی وڵاتەکەی لەسەر بەدەستهێنانی S-400 دووپاتکردەوە و گوتی تورکیا ئەو وڵاتە نیـیە پـێویستی بە مۆڵەت بێت یان لە ژێر فشار چۆک دابدات.