کاربەدەستێک لە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا دەڵێت لە سوریا یارمەتی تورکیا نادەین

کاربەدەستێکی باڵا لە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا دەڵێت وڵاتەکەی یارمەتی تورکیا نادات لە شەڕی ئیدلیب سەرەڕای ئەوەی ئەنکەرە بە فەرمی داوایکردووە بە سیستەمی بەرگری موشەکی پاتریۆتی ئەمەریکایی یارمەتی بدرێت.

کاربەدەستەکە بە کەناڵی ئەلحوڕەی گوتووە ئەنکەرە ئێستا هەست دەکات ڕووسیا دۆستێکی ڕاستەقینە نیـیە کە بتوانرێت پشتی پێ ببەسترێت، وە لەم نزیکانە بۆی دەردەکەوێت کڕینی سیستەمی موشەکی S-400 لە ڕووسیا هیچ سوودێکی ئەوتۆی نیـیە.

گوتیشی واشنتن بە گرنگیـیەوە لە پەیوەندی ستراتیجیـیەکانی خۆی لەگەڵ تورکیا دەڕوانێت، بەڵام لەگەڵ ئەوشدا ناتۆ یارمەتی هێزەکانی تورکیا نادات لە شەڕەکانی لە ناو سوریا، بەو پـێـیەی کێشەی دوو لایەنەیە.

خەڵوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا ڕۆژی پـێنجشەممە بە کەناڵی CNN Turk ی گوت هەڕەشەی هێرشی ئاسمانی و موشەکی بۆ سەر تورکیا هەیە، بۆیە ڕەنگە بە سیستەمی پاتریۆت پشتیوانی لە تورکیا بکرێت.

لە لایەکی دیکە ڕامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ ئەمڕۆ دووشەممە گوتی لە شەوی ڕابردووەوە هەتا ئەمڕۆ بە هێرشی ئاسمانی ڕووسیا 10 سەرباز تورک کوژراون یان برینداربوون کاتێک لە ناوچەی جەبەل ئەلزاویـیە ویستوویانە پـێشڕەوی بکەن.

تورکیا دەیەوێت ڕووسیا چیتر یارمەتی حکومەتی سوریا نەدات لە هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکانی ئیدلیب، بەڵام هەتا ئێستا ڕووسیا ئەو داوایەی تورکیای ڕەتکردووەتەوە.