فەرماندەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جەنەڕاڵ جۆزێف ڤۆتێڵ وتی هیچ ئاماژەیەکی نوێی پێ نەگەیشتووە سەبارەت بە جەنگی سوریا دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ و سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن لە کۆبوونەوەیەکی داخراودا گفتوگۆیان لەسەر ململانێکانی سوریا کرد.
سەرۆک ترامپ و پوتن پێشوازییان لە پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان ئەمەریکا و ڕوسیا کرد و بەشێوەیەکی ئەرێنی لەبەردەم ڕۆژنامەنووساندا باسیان لە سوریا کرد، ئەمەش دوای کۆبوونەوەکەیان لە هلسنکی پایتەختی فنلەندا. هەروەها ئاماژەیاندا بە گرنگیدانی هاوبەشیان بە ئیسڕائیل.
نوێنەری ڕوسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی " کۆبوونەوەکە بەشێوەیەکی ئەرێنی کاردەکاتە سەر هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی ململانێکانی سوریا."
بەڵام فەرماندەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جەنەڕاڵ جۆزێف ڤۆتێڵ وتی " تا ئێستا هیچ ئاماژەیەکی نوێم پێ نەگەیشتووە لە دەرئەنجامی کۆبوونەوەکەی هلسنکیەوە."
وتیشی " بۆ ئێمە شتەکان بە جێگیری بەڕێوە دەچن. هیچ ئاماژەیەکی دیکە نیە لە ئێستادا کاری لەسەر بکەین."
هەروەها ڤۆتێڵ جەختی لەوە کردەوە کە هیچ هەماهەنگییەک نیە لە نێوان سوپای ڕوسیا و ئەمەریکادا لە سوریا و مامەڵەکردن لەنێوانیاندا بەپێی یاسای ئەمەریکا زۆر سنووردارە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز