ئەمەریکا کەشتییەکی هاوکاری دەنێرێت بۆ غەززە

سەرکردایەتی ناوەندی ئەمەریکا ڕایگەیاند سوپای ئەمەریکا کەشتییەکی ڕەوانە کردووە بۆ گەیاندنی یارمەتی مرۆیی بۆ غەززە، ئەمەش چەند ڕۆژێک دوای ئەوەی بایدن بەڵێنیدا بەندەرێکی کاتی لە دەرەوەی کەناری غەززە دروست بکات بۆ گەیاندنی یارمەتییەکان لە ڕێی دەریاوە بۆ کەرتەکە.

سەرکردایەتی ناوەندی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا وتی کەشتی جەنەڕاڵ فرانک ئێس بیسۆن بنکەی هاوبەشی لانگلی یوستیسی لە ڤێرجینیا جێهێشتووە، ئەوەش " کەمتر لە 36 کاتژمێر دوای ئەوەی سەرۆک بایدن ڕایگەیاند یارمەتی مرۆیی لە ڕێی دەریاوە دەگەیەنێت بە غەززە."

وتیشی " کەشتییەکە پێداویستییەکانی پێیە بۆ دروستکردنی بەندەرێکی کاتی بۆ گەیاندنی یارمەتییە گرنگەکان."

ڕاگەیاندنەکەی بایدن دوای ئەوە هات نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریدا لەسەر کەوتنەوەی برسێتییەکی بەرفراوان لە کەرتی غەززەدا کە بەهۆی جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسەوە دروست بووە.

غەززە ژێرخانی نیە بۆ بەندەر. ئەمەریکا پلانی هەیە قوبرس بەکاربهێنێت، قوبرسیش پڕۆسەیەکی پێشکەش کردووە کە تێیدا بارەکان لەگەڵ بەرپرسانی ئیسڕائیلیدا دەپشکنێت، ئەمەش وادەکات پێویست نەکات لە غەززە بارەکان بپشکنرێنەوە.

زۆربەی دانیشتوانەکەی غەززە لە ناوخۆی کەرتەکەدا ئاوارەبوون، دواکەوتن و خاویی گەیاندنی یارمەتییەکانیش لە ڕێی وشکانییەوە ڕەوشەکەی خراپتر کردووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز