سیناتۆرەکانی ئەمەریکا: کۆسۆڤۆ دەبێت ڕێککەوتنی ئاشتی سڕبیا جێبەجێ بکات پێش ئەوەی بتوانێت ببێتە ئەندام لە ناتۆدا

دوو سیناتۆری ئەمەریکی لە ماوەی سەردانەکەیاندا بۆ پریستینای پایتەختی کۆسۆڤۆ وتیان ئەگەر کۆسۆڤۆ دەیەوێت ببێتە ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا ئەوا دەبێت ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان وڵاتەکە و سڕبیا جێبەجێ بکات کە ڕۆژئاوا نێوەندگری تیادا کردووە.

سیناتۆری دیموکراتەکان کریس مێرفی ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی سینات و گاری پیتەرسی ئەندام لە لیژنەی خزمەتگوزاری چەکداری ئەنجومەنەکە، داوایان لە سڕبیا و کۆسۆڤۆ کرد بەپەلە بجوڵێن لەسەر ئەو ڕێککەوتنەی کە لە مانگی سێدا بە نێوەندگری یەکێتی ئەوروپا واژۆ کراوە. دوو سیناتۆرەکە بەشێکن لەو شاندەی کۆنگرێسی ئەمەریکا کە سەردانی وڵاتانی باڵکان دەکەن.

مێرفی لە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە پریستینا بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ڕێگاکەی کۆسۆڤۆ بۆ یەکێتی ئەوروپا و هاوپەیمانێتی ناتۆ بە ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ سڕبیادا دەڕوات. ئەوە ڕاستییەکی سەختە."

کۆسۆڤۆ کە لە ساڵی 2008 دا لە سڕبیا جیابۆوە و سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاند، تاوەکو ئێستا لەلایەن چوار وڵاتی ناتۆوە وەکو دەوڵەت دانی پێدانەنراوە، ئەوانیش بریتین لە ڕۆمانیا و ئیسپانیا و یۆنان و سلۆڤاکیا.

مێرفی وتی ئەو چوار وڵاتە دەکرێت ڕازی ببن کۆسۆڤۆ ببێتە ئەندام لە ناتۆدا، لە کاتێکدا ئەگەر هاتوو ناکۆکییەکان لەگەڵ سڕبیادا چارەسەر بکرێن. وتی " ئەوە پەیوەستە بەم ڕێککەوتنەوە کە جێبەجێ بکرێت."

سەرەڕای ڕێککەوتنەکەی مانگی سێی نێوان کۆسۆڤۆ و سڕبیا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان، هێشتا لە ڕاستیدا هیچ بەرەوپێشچوونێک نەبیندراوە، بە تایبەتی لە باکووری کۆسۆڤۆ کە نزیکەی 50,000 سڕبی تیایدا دەژین و هێشتا دەوڵەتی کۆسۆڤۆ ڕەت دەکەنەوە و دانی پێدانانێن.

ئەمەریکا پشتیوانیکاری سەرەکی کۆسۆڤۆیە، لە ڕووی سیاسیی و داراییشەوە. لە ئێستادا نزیکەی 4000 سەربازی ناتۆ لە کۆسۆڤۆدان، 600 سەربازییان ئەمەریکین، بوونی هێزەکانیش لە پێناو پاراستنی ئاشتیە ناجێگیرەکەی نێوان دوو وڵاتەکەیە.

سڕبیا هاوپەیمانی کۆنی ڕووسیایە و دان نانێت بە سەربەخۆیی کۆسۆڤۆدا، مۆسکۆش ڕێگری لە هەوڵەکانی کۆسۆڤۆ کردووە بۆ بوون بە ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا. سڕبیا هێشتا کۆسۆڤۆ بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز