سیناتۆرەکانی ئەمەریکا دەڵێن نزیکن لە ڕێکەوتن لەسەر پڕۆژە یاسای سەپاندنی سزا بەسەر ڕووسیادا

ڕابەری دیموکراتەکان لە لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا بۆب مێنیندێز

دوو سیناتۆری باڵای ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا دەڵێن سیناتۆرەکان زۆر نزیکن لە گەیشتن بە ڕێکەوتنێک سەبارەت بە پڕۆژە یاسایەک بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ڕووسیادا، ئەوەش بەهۆی کارەکانی مۆسکۆوە دژی ئۆکرانیا. وتیشیان هەندێک لە سزاکان لەوانەیە بەر لە هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا بسەپێندرێن.

ڕابەری دیموکراتەکان لە لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا بۆب مێنیندێز و ڕابەری کۆمارییەکان لە هەمان لیژنەدا جەیمس ڕیش هیوایان خواست لەم هەفتەیەدا پڕۆژە یاساکە پەسەند بکرێت.
مێنیندێز بە سی ئێن ئێنی وت " زۆر نزیکین لە ئامانجەکە."

مێنیندێز وتی پشتیوانیکردن لە ئۆکرانیا و سزادانی ڕووسیا لە حاڵەتێکدا ئەگەر ئۆکرانیا داگیربکات پشتیوانییەکی بەهێزی لێدەکرێت لەلایەن دیموکراتەکان و کۆمارییەکانیشەوە. کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی ئایا لەم هەفتەیەدا ڕێدەکەون لەسەر پڕۆژە یاساکە، وتی " باوەڕم وایە ئەوە دەبێت."

جێی ئاماژەیە ڕووسیا زیاتر لە 100,000 سەربازی لەسەر سنوورەکانی ئۆکرانیا جێگیرکردووە و داوای لە هاوپەیمانێتی ناتۆ کردووە هێز و چەکەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بکشێنێتەوە و ڕێگە نەدات ئۆکرانیا ببێتە ئەندام تیایدا.

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی پشتیوانی لەوە دەکات بەزووترین کات ڕێوشوێن بگیردرێتەبەر بۆ بەرپەرچدانەوەی ڕووسیا، هەروەها ڕەخنەی لە ڕۆژئاوا گرت لەسەر چاوەڕوانیان بۆ سەپاندنی سزای توند بەسەر ڕووسیادا.

پڕۆژە یاساکەی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا بانکە گرنگ و سەرەکییەکانی ڕووسیا و قەرزە سەربەخۆکانی دەکاتە ئامانج، هەروەها پشتیوانیش لە یارمەتی سەربازیی زیاتری ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا دەکات.

مێنیندێز وتی هەندێک لە سزاکان لەوانەیە بەر لە داگیرکاری ڕووسیا دژی ئۆکرانیا بسەپێندرێن بەسەر مۆسکۆدا، ئەوەش بەهۆی کارەکانی ڕووسیاوە کە تاوەکو ئێستا ئەنجامیداون، لەوانەش هێرشی ئەلیکترۆنی بۆ سەر ئۆکرانیا و ئەرک و هەوڵەکانیان بۆ ڕووخاندنی حکومەتی ئۆکرانیا لەناوخۆی ئەو وڵاتەدا.

وتیشی " سزای زۆر ڕووخێنەرتر دەسەپێندرێن ئەگەر ڕووسیا ئۆکرانیا داگیربکات."

هێشتا ناکۆکییەک هەیە لەنێوان سیناتۆرەکانی دیموکراتەکان و کۆمارییەکان سەبارەت بە سزاکان، بەتایبەتی لەسەر ئەوەی ئایا سزا بسەپێنن بەسەر پڕۆژەی هێڵی گازی نۆرد ستریم 2 ی ڕووسیا و ئەڵمانیادا یاخود نا.

پڕۆژەکە ڕووسیە و لە ئێستادا تەواو بووە وچاوەڕێی پەسەندکردنیەتی لەلایەن ئەڵمانیاوە. پڕۆژەکە دەبێتە هۆی ئەوەی ڕووسیا ڕاستەوخۆ گازی سروشتی ڕەوانەی ئەڵمانیا بکات، بەبێ ئەوەی گازەکە بە هیچ وڵاتێکی دیکەدا تێپەڕ ببێت، بەوەش چیتر ئەو گازەی ڕەوانەی ئەڵمانیا دەکرا بە ئۆکرانیادا ناڕوات و ئۆکرانیا ئەو پارەیە لەدەست دەدات کە بۆ تێپەڕبوونی گازەکە بە وڵاتەکەدا وەریدەگرت. بەڵام تاوەکو ئێستا ئەڵمانیا پڕۆژەکەی پەسەند نەکردووە.

ڕابەری کۆمارییەکان لە لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا جەیمس ڕیش وتی " کار لەسەر ئەوە دەکەین، پێم وایە ئەوە دوایین وەستان دەبێت."

باڵیۆزی ئۆکرانیا بۆ ئەمەریکا ئۆکسانا مارکارۆڤا بە سی بی ئێسی وت ئۆکرانیا داوای سەپاندنی سزا دەکات، سەپاندنی سزا لە ئێستا و دوای هەر داگیرکردنێکیش.

سەبارەت بە لێدوانەکەی سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی کە تیایدا ئەمەریکای تۆمەتبارکرد بەوەی ترس و دڵەڕاوکێی خستۆتەوە لەسەر ئەگەری داگیرکاری، مارکارۆڤا وتی " هیچ بەریەککەوتنێک لە ئارادا نیە، دەکرێت بۆچوونی جیاوازمان هەبێت بەڵام ئەمەریکا هاوڕێ و هاوبەشی ستراتیژی ئۆکرانیایە و پەیوەندییەکانی نێوانیشمان لە بەرزترین ئاستدایە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز