وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاگادارییەکی ئاسایشی بۆ ئەمەریکاییەکان لە دەرەوەی وڵات نوێکردەوە و هۆشداریدا سەبارەت بە ئەگەری هێرشی تیرۆریستی بە تایبەتی بۆ سەر خەڵکانی هاوڕەگەزخواز و کەمایەتییە ڕەگەزییەکان(کۆمەڵگەی ئیڵ جی بی تی کیو).
لەم هۆشدارییە ئەمنییەدا کە ڕۆژی هەینی17ی مانگی پێنج دەرچووە، ئاماژە بەوە کراوە کە بەهۆی ئەگەری "هێرشی تیرۆریستی یان کردەوەی توندوتیژی دژی هاووڵاتیان و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا، وەزارەتی دەرەوە ئامۆژگاری هاووڵاتیانی ئەمەریکایی دەکات لە دەرەوەی وڵات کە زیاتر وریا بن و ئاگایان لە خۆیان بێت."
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە تایبەتی هۆشداری داوە لەوەی کە ئاگاداری ئەگەری زیادبوونی ئەگەری کردەوەی توندوتیژی لەلایەن ڕێکخراوە تیرۆریستییە بیانییەکانەوە بن دژی تاک و کۆبوونەوەی کەمینە ڕەگەزی و جێندەرییەکان و کۆمەڵگەی ئێڵ جی بی تی کیو.
ئەم هۆشدارییەی دوو رۆژ پیش ئێستایە کە هاوکاتی ڕۆژی جیهانی "بەرەنگاربوونەوەی هۆمۆفۆبیا، ترانسفۆبیا و دووڕەگەزخوازی" بڵاو بووەتەوە، لە کاتێکدایە کە بڕیارە دوو هەفتەی دیکە و پێش سەرەتای مانگی شەش، نمایش و کۆبوونەوەی هاوڕەگەزخوازان کەمایەتییە و جێندەرییەکان لە هەموو جیهان بەڕێوەبچێت.
ئاگادارکردنەوە جیهانییەکە سێ ڕۆژ دوای ئەوە دێت دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی و وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی ئەمەریکا ئاگادارییەکی گشتی هاوشێوەیان بڵاوکردەوە کە تێیدا باسی لەوە دەکرد گروپە توندڕەوە چەکدارییە بیانییەکان یاخود لایەنگرەکانییان ڕەنگە ئەو بۆنە و شوێنانە بکەنە ئامانج کە پەیوەستن بە مانگی پڕایدەوە کە دەکاتە مانگی شەش.
بەرپرسانی ئەمەریکا هیچ وردەکارییەکییان نەداوە سەبارەت بەو مەترسییانەی کە بوونەتە هۆی بڵاوکردنەوەی ئەو ئاگادارییانە. بەڵام هەندێک لە وڵاتان لەمدواییانەدا یاسای دژ بە هاوڕەگەزخوازانییان دەرکردووە، بۆ نموونە، مانگی ڕابردوو پەرلەمانی عێراق یاسایەکی پەسەند کرد کە سزای توندی زیندانیکردن دەسەپێنێت بەسەر هاوڕەگەزخوازاندا.
دادگایەکی ئۆگەنداش مانگی ڕابردوو یاسایەکی هێشتەوە کە ڕێگە بە سزای مەرگ دەدات بۆ "هاوڕەگەزخوازیی " و سزای 14 ساڵ زیندانیکردن بەسەر هەر کەسێکدا کە بە تۆمەتی " هەوڵدان بۆ هاوڕەگەزخوازیی " تاوانبار بکرێت.
بڕیارەکانی هەردوو وڵاتەکە لەلایەن ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەی سەرانسەری جیهانەوە بە توندی ڕەخنەیان لێگیراوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت هاووڵاتییانی ئەمەریکایی لە دەرەوە دەبێت لەو شوێنانەی کە گەشتیاران ڕوویان تێدەکەن وریا بن، بە بۆنەکانی پڕایدیشەوە و سەرنج بدەنە ئاگادارییەکانی دەزگاکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا.
ئاهەنگی مانگی پڕاید کە لە ئەمەریکا و هەندێک لە وڵاتانی جیهان بەڕێوەدەچێت، مەبەست لێی ئاهەنگگێڕانە بۆ کۆمەڵگەکانی هاوڕەگەزخوازان و ناڕەزایەتی دەربڕینە دژی هێرشەکان بۆ سەر دەستکەوتەکانییان.
سەرچاوە/ AP